كونكردنى بۆڕییه‌كانى نه‌وتى كه‌ركووك و بەقاچاخبردنى بۆ ئێران بەردەوامە

به‌رپرسێكى گۆڕان: ئەوانەی بۆریی نەوت کون دەکەن به‌رپرسانی باڵایان له‌پشتە

10/04/2019 - 17:29 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

كونكردنى بۆڕییه‌كانى نه‌وتى كه‌ركووك و بردنى نه‌وت به‌ تانكه‌ر بۆ ئێران درێژه‌ى هه‌یه‌، شاره‌زاییه‌كى كاروبارى نه‌وتى كه‌ركووك ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ كه‌س ناتوانێ قسه‌ له‌سه‌ر دزینى نه‌وتى كه‌ركووك بكات و هه‌ر ئه‌وانیشن نه‌وتى كه‌ركووك به‌ قاچاخ ده‌به‌ن.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس) كونكردنى بۆڕییه‌كانى نه‌وت له‌ سنوورى كۆمپانیای نه‌وتى باكوور به‌ مه‌به‌ستی دزینى. نه‌وت به‌رده‌وامه‌ و له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا بۆڕییه‌كى دیكه‌ى نه‌وتى کێڵگه‌ى نه‌وتى جه‌مبوور به‌ مه‌به‌ستی دزینى نه‌وته‌كه‌ى كون كراوه‌، هه‌روه‌ها بردنى نه‌وتى كه‌ركووك له‌ رێگاى تانكه‌ره‌وه‌ بۆ ئێران به‌رده‌وامه‌.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، داهاتى نه‌وتى دزراوى كه‌ركووك بۆ ئێران، بۆ حه‌شدى شه‌عبی و به‌شێك له‌ گه‌وره‌ مافیاكانى كورد ده‌ڕوات، كه‌ كارئاسانى ده‌كه‌ن بۆ بردنى ئه‌و نه‌وته‌ له‌ سنوورى سلێمانییه‌وه‌ بۆ ئێران.


له‌م باره‌یه‌وه‌، ئه‌دهه‌م جومعه‌، به‌رپرسى بزووه‌تنه‌وه‌ى مافی كورد له‌ كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئێستا به‌هۆی ئه‌وه‌ى هێزێكى سه‌ربازى ته‌واوى پارێزگاى كه‌ركووكى كۆنترۆڵ كردووه‌، زانیاریى كه‌متر هه‌یه‌ له‌سه‌ر دزینى نه‌وتى كه‌ركووك، به‌ڵام بێ گومان ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ربازییه‌كه‌ كه‌ هه‌یه‌ و خۆی له‌ حه‌شدى شه‌عبی و هێزى هاوبه‌شى عێراقی و پۆلیسی فیدڕاڵیدا ده‌بینێته‌وه‌ و به‌قاچاخبردنى نه‌وتیش هه‌ر خه‌ڵكى چه‌كدار ده‌توانن بیكه‌ن، خه‌ڵكى ئاسایی ناتوانن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن".


گوتیشی: "له‌ سنوورى قه‌زاى داقووق و ناحیه‌ى له‌یلانی سه‌ر به‌ كه‌ركووكیش، كه‌ هه‌ندێك ناوچه‌ هاوسنوورن له‌نێوان حكوومه‌تى عێراق و هه‌رێم و له‌و ناوچانه‌ هێز هه‌یه‌ نه‌وت ده‌دزێ و ئێستا دۆخه‌كه‌ له‌باره‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى، كه‌ نه‌وت ده‌به‌ن".


له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى، كه‌ نه‌وتى كه‌ركووك به‌ تانكه‌ریش ده‌برێت بۆ ئێران، ئه‌ده‌هم جومعه‌، كه‌ هاوكات شاره‌زای كاروبارى نه‌وتى كه‌ركووكه‌، گوتی: ”نه‌وت به‌ ناوى ئه‌وه‌وە ده‌برێ، كه‌ بۆ پاڵاوتگه‌ى بازیان ده‌ڕوات، هه‌ندێك بابه‌ت هه‌یه‌ رێگه‌ نادرێت زانیاریی ته‌واو بدرێت، ته‌نانه‌ت كه‌س ناتوانێ له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ بكات، چونكه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان فشارى زۆریان له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌یه“‌.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، عه‌بدولقادر جیهان، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "بابه‌تی كونكردنى بۆریی نه‌وتى كه‌ركووك و دزینى نه‌وتى شاره‌كه‌ ده‌مێكه‌ هه‌یه‌، مه‌سه‌له‌ی دزی و گه‌نده‌ڵى هه‌موو عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌ و ئێستاش له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، ئه‌و هێزانه‌ى هاتوو‌نه‌ته‌ سنووره‌كه‌، هێزى تۆكمه‌ى وا نیین كه‌ بتوانن رێگرى له‌ دزینى نه‌وتى كه‌ركووك بکەن، ره‌نگه‌ خۆشیان تیایاندا هه‌یه‌ كه‌ ده‌سیان له‌ دزینى نه‌وتدا هه‌بێ و كه‌سانێكیش هه‌بن ئه‌فسه‌ر بن و ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ به‌ كه‌سانى تر بكه‌ن و رێگه‌ش نه‌درێ ئاشكرا بكرێن".


گوتیشی: ”هاووڵاتیی ئاسایی ناتوانێ به‌و شێوه‌یه‌ بۆری كون بكات و نه‌وت بدزێ، ئه‌گه‌ر كه‌سانى به‌رپرسی باڵایان له‌پشت نه‌بێت“.


سه‌باره‌ت به‌وه‌ى، كه‌ دزینى نه‌وتى كه‌ركووك ده‌ستى حه‌شدى شه‌عبی و مافیاكانى كوردیشی تێدایه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ى گۆڕان گوتی: "ده‌كرێ، وه‌ك گوتم مرۆڤى دز و گه‌نده‌ڵ بێ ناسنامه‌یه‌ و چه‌ند باندێکیش ده‌گیرێ و تاوانبارانی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ش عه‌ره‌ب و كورد و توركمانیشی تێدا هه‌یه‌“.


پێشتر شاخه‌وان عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق، بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) ڕای گه‌یاندبوو: "ئێمه‌ به‌ڵگه‌ى پێویستمان لایه‌ له‌سه‌ر بردنى نه‌وتى كه‌ركووك و ئه‌و تانكه‌رانه‌ى نه‌وته‌ چۆن له‌ سنوورى كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌رده‌چن، ئێستا له‌ به‌سڕه‌ش چوار وێسته‌گه‌یان بۆ نه‌وتى كه‌ركووك ته‌رخان كردووه كه‌ له‌ سنوورى كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌گوزارێته‌وه‌وه‌ ئه‌وێ و له‌وێشه‌وه‌ له‌ رێگاى باخیره‌ى تاكسی بۆ ناو باخیره‌ گه‌وره‌كان ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ش به‌ وێنه‌ و به‌ دۆكۆمێنت لامانه‌ و له‌و چوارچێوه‌دا قسه‌مان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقدا كردووه‌، هه‌ندێك له‌ گرووپه‌كانى حه‌شد ده‌ستیان له‌ بردنى ئه‌و نه‌وته‌دا هه‌یه‌ و هه‌ندێك له‌ مافیای كوردیش، كه‌ پێشتر خۆیان نه‌وته‌كه‌یان ده‌دزی، ئێستا ده‌ڵاڵی ئه‌و گرووپانه‌ن و بۆ ئه‌وان كار ده‌كه‌ن".


له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى نه‌وتى كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر له‌ سنوورى سلێمانیشه‌وه‌ ده‌ڕاوت بۆ ئێران، شاخه‌وان عه‌بدوڵا، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردبوو، به‌ڵێ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ به‌رده‌وامه.


سه‌باره‌ت به‌ كونكردنى بۆڕییه‌كانى نه‌وتى كه‌ركووك، شاخه‌وان عه‌بدوڵا، ڕاشی گه‌یاندبوو، له‌سه‌ر كونكردنى بۆڕییه‌كانى نه‌وت، له‌وه‌شدا پۆلیسی فیدڕاڵی، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌و گرووپه‌ میلیشیا چه‌كدارانه‌ كه‌ له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ سنوورى كه‌ركووك و هه‌روه‌ها هه‌ندێك لایه‌نه‌ سیاسیش ده‌ستیان تێدا هه‌یه‌ و له‌ سنوورى کێڵگه‌ى نه‌وتى جه‌مبووره‌وه‌ بۆریی قاچاخیان لێ داوه‌ بۆ ناو ڕه‌بایه‌یه‌ك و شه‌وانه‌ تانكه‌رى لێ پڕ ده‌كه‌ن.


پێش 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان نه‌وتى هه‌ردوو كێڵگه‌كانى هاڤانا و بای حه‌سه‌ن له‌ رێگاى نه‌وتبه‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى ده‌رەوه‌ ده‌كرد و له‌به‌رامبه‌ردا مانگانه‌ بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وه‌ك بودجه‌ى پترۆ دۆلاری شاره‌كه‌ ده‌نارد بۆ كه‌ركووك، به‌ڵام له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، نه‌وتى كه‌ركووك به‌تانكه‌ر ده‌برێت بۆ ئێران و به‌شێكیشی له‌ بازاڕی ره‌شدا ده‌فرۆشرێت.


ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا، هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، كه‌ به‌شێك له‌ نه‌وتى كه‌ركووك له‌ رێگاى بۆڕیی نه‌وته‌به‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت و تاوه‌كوو ئێستا رۆژانه‌ كه‌متر له‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركووك به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی گوته‌ى به‌رپرسان، دزینى نه‌وتى كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیاكان و مافیاكانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.