شوێنەوارەکانی ئایینی زەردەشتی لە کوردستانی باشوور

هەورامان... زێدی زەردەشتییانی رەسەن

08/04/2019 - 16:50 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

(4)

 

لەگەڵ پەیدابوون و سەرهەڵدانی هەر ئایینێک، هەوڵ دراوە بۆ گۆڕینی سیمای تایبەت بە ئایینەکانی پێشووتری، بە تایبەت شوێنەوارە بەجێماوەکان لەو ئایینە.


ئایینی زەردەشتیش وەکوو ئایینێکی کۆن، کە پەیڕەوانی یەکجار زۆری هەبووە و لە زۆر ناوچە و شوێن وەکوو ئایینی فەرمی بڵاو لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە و ئێران بووە، لەپاش هاتنی ئایینەکانی دوای خۆی، دوور نەبووە لە بابەتی شێواندن و تێکدانی شوێنەوارەکانی.


لەگەڵ گەشەکردنی ئایینی زەردەشتی، پەیڕەوان و لایەنگرانی ئەم ئایینە بە پێویستیان زانیوە، کە چەند شوێنێک بۆ جێبەجێکردنی سرووتە ئایینییەکانی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن، هەرچەند ئەم شوێنانە تەنیا بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکان نەبوو و زۆر جار بە مەبەستی دیکە وەکوو نەخۆشخانە، یان بە مەبەستی فێربوون وەکوو قۆتابخانە بەکار هاتووە، بەڵام لەپاش سەرهەڵدانی ئایینەکانی پاش ئایینی زەردەشتی، رۆڵی ئەم شوێنانە گۆڕان، بە تایبەتی بە هۆی پڕوپاگەندە بۆ ئایینە تازەکە، کە دەبووە هۆی گۆڕینی بیروڕای خەڵک و راکێشانیان بۆ لای ئایینی نوێ.


ئایینی زەردەشتی بە هۆی ئەوەی کە مێژوویەکی کۆنی هەیە، زۆر جار تووشی ئەم کێشە و گرفتانە بووە، واتا زۆرجار هەوڵ دراوە بۆ لەناوبردنی شوێنەوارەکانی یان گۆڕینی شێوازیان، نموونە بۆ ئەم کارانە، دەتوانیین ئاماژە بە شوێنەوارەکانی ئەو ئایینە لە کوردستانی باشوور و بە تایبەت ناوچەی هەورامان بکەین، کە بیی زیدی زەردەشتییانی رەسەن دەیتە ناسین و مەخابن وشێنەوارەکانی لەپاش تێپەڕینی هەزاران ساڵ و گۆڕانی دەسەڵات لەنێوان چەندین هێز و بنەماڵە، زۆر جار تووشی گۆڕانکاری هاتوون.
لێرە ئاماژە بە چەند شوێنەوارێکی ناوچەی هەورامان دەکەین، کە بە هۆی شێواندن و تێکدان، پاشماوەی یەکجار کەمیان ماوەتە، ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە لەبەر نەبوونی زانیاریی پێویست، کە هۆکارەکەی نەبوونی توێژینەوەی زانستییە و دەبێ لە لایەن پسپۆڕانەوە ئەنجام بدرێت، نەمانتوانیوە زانیارییەکی زۆر و ورد ببەخشینە خوێنەران.
یەکێک لەو شوێنەوارانەی خاوەن مێژوویەکی کۆنە، تاشراوی (خان ئەحمەد خان)ە، کە چەندین سەردەمی دەسەڵاتداری بەخۆیەوە بینیوە.

تاشراوی خان ئەحمەد خان
ئەم شوێنەوارە گۆڕدەخمەیەکی سەردەمی مادەکانە، کە چوار کیلۆمەتر لە ناحیەی خۆرماڵی پارێزگای هەڵەبجەەوە دوورە و دەکەوێتە نێوان گوندی زەڵم و هاوینەهاواری ئەحمەدئاوا، لەناو هاوینە هاوارەکە و لە دەستە چەپی شاخی قەڵادا ئەشکەوتێکی تاشراو هەیە، کە پێی دەگوترێت قەڵای زەڵم، یان ئەشکەوتی خان ئە‌حمەد خان، ئەم شوێنەوارە لە ژوورەوە بریتییە لە ئێوانێک و چوار ژوور، کە بە قادرمەی بە بەرد تاشراو، کە لە کۆنەوە بۆی دروست کراوە، بە بەرزیی ١٠٠ مەتر، جا دەگەیتە ناو ئەشکەوتەکە.
بەپێی گوتەی سەرچاوە مێژووییەکان، ناوی زەڵم لە چەندین بابەتی جیاوازدا سەرچاوەی گرتووە، وەکوو:
هەندێ سەرچاوە لەسەر ئەو بیروڕایەن، کە ناوی (زەڵم) لە ناوی رووبارەکەی ئێستاوە دێت، کە لە کۆندا بە ناوی (زێی لم) هاتووە و پاشان گۆڕاوە بە زەڵم، مەبەست لەم ناوە، واتا رووبارێک کە لمی زۆرە.
کۆمەڵێک سەرچاوەی تر بەم شێوازە باسی وشەی زەڵم دەکەن: گوایە لە سەردەمانی زوودا سەرکردە و پاشایەکی (زاڵم) لەم ناوچەیەدا هەبووە، بۆیە بەم ناوچەیە گوتراوە شوێنی زاڵم یان زەڵم.
باسیش دەکرێ، کە وشەی زەڵم لە (سلم)ەوە هاتووە، گوایە سەرکردەیەکی سەربازیی سوپای ساسانی لەم ناوچەیەدا دەسەڵاتداریی کردووە.
بیروبۆچونێکی تر هەیە و دەڵێت، وشەی زەڵم لە لولوییەکانەوە هاتووە و پاشان گۆڕاوە بە (زێی لووم) یان (زێی لم) یان (زەڵم).

شوێنەواری خەزێنە
ئەم ئاسەوارە بریتیە لە ئەشکەوتێکی تاشراوی یەک ژووری، کە بە مەبەستی ناشتنی مردوو بەکار هاتووە، واتا گۆڕدەخمەیەکە کە لە بەشی پێشەوەی دەروازەیەک هەیە و لێی دەچیتە ژوورەوە، گۆڕێکی بەتاڵی تێدایە.
هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئەم گۆڕدەخمەیە، سنووری هەورامانە و دەکەوێتە بەرامبەر بە گوندی ئەحمەدئاوا و پشت گوندی ناوباخان، لە سەرەتای دەربەندی زەڵم لە چیای تاشلی، واتا ٣ کم لە خۆڕهەڵاتی ناحیەی خۆرماڵەوە دوورە.
کە لە ئەشکەوتی خەزێنە دەردەچین، شوێنێک هەیە پێی دەگوترێ (تاشڵێ)، ناوی ئەو شوێنەیە، کە ئەشکەوتی خەزێنەی تیایە.

کۆشکی کچێ و
ئەشکەوتی گاوران
کۆشکی کچێ و ئەشکەوتی گاوران دوو ئەشکەوتی ترن، کە دەکەونە دوو دۆڵی جیاواز و لەتەنیشت یەک، کە بە هەمان تایبەتی و هەمان شێوەی بیناسازی، قادرمەی تاشراو و ئەشکەوتی تاشراو و لەناوەوە بە مەبەستی ئایینی دروست کراون، ئەمانەش بریتین لە کۆمەڵێک نموونە لەو هەزار نموونەیە، کە نەدۆزراونەتەوە و لە کولتووری مردووناشتن لە سەردەمی ئایینی زەردەشتی باس نەکراون.

کۆشکی کچێ
گۆڕ دەخمەیەکی تاشراوێکی یەک ژووریی ئەندازەییە، کە بە قەبارەی دوو مەتر و نیو بە دوو مەتر و نیوی چوارگۆشەی بەرز و رێک لەناو شاخ دروست کراوە. مێژووی ئەم گۆڕدەخمەیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەردەمی ماد و سەرەتای سەردەمی هەخامنشییەکان، کە خۆی سەلمێنەری هەبوونی رێژەیەکی زۆری پەیڕەوانی ئەم ئایینەیە، لەم ناوچەیەدا.
شوێنی جوگرافیایی ئەم شوێنەوارە، دەکەوێتە دۆڵی (وشکەناو)، ئەم دۆڵە لە سنووری هەورامان بە دووریی ٥٠٠ مەتر لە گوندی زەڵمەوە، باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بە یەک دەبەستێتەوە.

شوێنەواری قەڵای گاوران
ئەم شوێنەوارە دەکەوێتە گەڕەکی (چلانە) لە سەرگەتی سەر بە شارەدێی تەوێڵەی هەورامان، بەڵام بە هۆی ئەنجام نەدانی کاری کنە و پشکنین بۆ ئەم شوێنەوارە و نەبوونی سەرچاوەی پێویست، زانیارییەکی زۆر کەممان هەیە لەسەری، بەڵام ئەوەندە دەزانین، کە قەڵای گاوران شوێنەوارێکی سەردەمی زەردەشتییەکانە و پێ دەچێ لە کۆتایی سەردەمی میدییەکان دروست کرابێت.
لەبارەی ناوی سەرگەتەوە بیروڕای جیاواز هەیە، کە لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین.
هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە ناوی سەرگەت لە سەرخەت یان سەرحەدەوە هاتبێت، لەبەر ئەوەی شوێنەکە دەکەوێتە نێوان دوو وڵات، واتا سەفەوی و عوسمانی.
کۆمەڵێکی تر لە سەرچاوەکان، وا دەڕواننە وشەی سەرگەت کە کورتکراوەی وشەی (سراگاتا) بێت، بە مانای شوێنی خوێندنەوەی گاتاکانی سروودە ئایینیەکانی زەردەشت.
رایەکی تر هەیە، کە دەڵێ سەرگەت واتا سەرگورد و سەرگوردیش واتا سەرگەورە، واتا شوێنی نێشتەجێبوونی کەسە گەورەکان.

کۆشكی زوحاک
یان ئەشکەوتی نەوێ
مەڕی نەوێ یان ئەشکەوتی نەوێ، یەکێکە لە گوندە دێرینەکانی شارەزوور، کە زۆر شوێنەواری تری تێدایە، وەک قەڵا و زیندان و کوورەی نانکردن. ئەم شوێنەوارە لە لایەن خەڵکی گوندەکەوە بە بە (قەڵای زوحاک، قەڵای هاشمار، زیندانی زۆحاک) ناو دەبردرێت.


زیندانی زۆهاک، تاشەبەردێکە بەدرێژایی ٥،١١ مەتر و پانییەکەی ٥،٦ مەتر و ناوەوەی ژوورێکی تەواوە، کە بەرزییەکەی لە بەرزترین شوێندا ١٩٠ سم و لەلای خۆرئاوایدا کونێکی بۆ کراوە و دەرگای ژوورەکە دەکەوێتە لای باکوورەوە و لەناوەوە شوێنەواری حەوزێکی چوارگۆشەی تێدایە، کە قووڵایی ٥٠ سم و و پانیی ١٤٣سم.


ئەم شوێنەوارە جێگایەکی پیرۆزی یارسانەکانە، کە بە پەناگەی حەزرەرتی (سوڵتان سەهاک) دەناسرێت، لە کاتێکدا سوپای (چیچەک) لە چارەکی یەکەمی سەدەی شەشی کۆچی، هێرشیان کردە سەر سوڵتان سەهاک.
بە هۆی سەختیی شوێنی جیۆگرافیی ئەم شوێنەوارانە، کە ناو شوێنی بەرز و شاخه سەرسەختەکانی دەڤەری هەورامان و پێکهاتە سەختەکەی خودی شوێنەوارەکان، کە لەناو دڵی چیا دروست کراون، کەمتر کەس دەستی گەیشتووەتە ئەوێ و ئەمیش بووتە هۆی زیاتر پاراستنیان و کەمتر تێکدانیان.

 

ئەلبوومی وێنەکان