بابەکر زێباری: ژینگەی عێراق و سووریا بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لە هەموو وڵاتان لەبارترە

 

02/04/2019 - 15:15 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، ئەگەر لە رووی جوگرافیاوە ئێستا شوێنی داعش نادیار بێت، بەڵام لە رووی ڕێکخستنەوە هەر ماوە و ژینگەی عێراق و سووریا لە هەموو وڵاتان لەبارترە بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی، هاوکات زانیارییە ئەمنییەکان ئاشکرای دەکەن، بەغدادیی خەلیفەی داعش تا ئێستا لە سووریا ماوەتەوە و هەوڵی دەربازبوون بەرەو خاکی عێراق دەدات.


له‌ كاتێكدا لە ماوەی رابردوو هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتی، لە باغۆز سەرکەوتنی کۆتاییان بەسەر داعشدا راگەیاند، به‌ڵام زانیارییە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرای دەکەن، کە پاشماوه‌ و شانه‌ نووستووه‌كانی داعش هێشتا به‌نیازی خۆڕێكخستنه‌وه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كرده‌ تیرۆریستییه‌كانن و دەستبەرداری خەونی خەلافەتەکەیان نەبوون.


هەر لەگەڵ کۆتایی شەڕی داعش لە باغۆز، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی (گاردیانی بەریتانی) هۆشداریی لە سەرهەڵدانەوەی داعش دا و رای گەیاند، مانەوەی کێشە سیاسی و ئابوورییەکان بەبێ چارەسەر، رێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش خۆش دەکەن.


مەسرور بارزانی، جەختی لەوەش کردەوە، داعش بریتی نییە لە بوونی هێزی چەکداری، یان رووبەرێکی جوگرافی، بەڵکوو داعش ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتە و رێکخراوەکە توانیویەتی خۆی لەگەڵ شکستەکاندا رابهێنێت و لەو شوێنانەی تایفەگەریی تێدا زاڵە، دەستی بە هێرشی چەکداری کردووەتەوە.


مەسرور بارزانی گوتیشی: "لە پارێزگاکانی باکووری عێراق، لەو شوێنانەی لە دەستی داعش ئازاد کراون، شانە نووستووەکانی داعش بە تاکتیکی نوێ جارێکی دیکە سەریان هەڵداوەتەوە”.


لەمبارەیەوە، واسق هاشمی، چاودێری سیاسی و سەرۆکی کۆمەڵەی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی، بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئەبوبەکر بەغدادی، بە یاوەریی سێ کەس، کە دووانیان عێراقین، لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک هەوڵی داوە دەربازی خاکی عێراق بێت.


ئەگەرچی لە میدیاکاندا مشتومڕی زۆر لەسەر شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش هەیە و زانیاری و شڕۆڤەی جیاوازی لەسەر بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام ئەو چاودێرە سیاسییە عێراقییە، جەختی کردووەتەوە، کە ئامانجی بەغدادی ئەوەیە، بگاتە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، بەتایبەتی وادی حۆران و لەوێوە بۆ خورماتوو و حەویجە و دیالە، بۆ رێکخستنەوەی پاشماوەکانی گرووپەکەی لەو ناوچانە کە بە شوێنی (گەراکانی داعش) ناو دەبرێت و بۆشایی ئەمنیی لەو ناوچانەدا هەیە.


هاوکات، رۆژنامەی (المدی)، لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە داوە، سەرباری کۆتایی خەلافەتی داعش لە سووریا و تێکشکانی سەربازیی ئەم رێکخراوە لە سووریا و عێراق، دۆخی نائاسایی  لەم وڵاتانە کۆتایی نەهاتووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە، بەشێک لە چەکدارانی داعش لەنزیک سنوورەکانی سووریا و لە باکووری پارێزگای ئەنبار جێگیر بوون.


سەرچاوەیەکی ئەمنیی نزیک لە سنووری سووریا، بە رۆژنامەکەی گوتووە، پێشبینی دەکرێ ئەم هێزانە ئاودیوی عێراق بن.


پێوەند بەم پرسە، بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە داعش ئەگەر لە رووی جوگرافیاوە شوێنی نادیار بێت، بەڵام لە رووی رێکخستن و چەکدارییەوە هەر ماوە و کۆتایی نەهاتووە، گوتیشی: ”پێشبینی وایە، کە لەمەودوا داعش زیاتر بە شێوەی پارتیزانی دەربکەوێتەوە، بەڵام لەو پارتیزانییەدا بۆ دەرفەتێک دەگەڕێت خەلافەتەکەی دروست بکاتەوە، چونکە بۆ لەناوبردنی داعش تەنیا شەڕی چەکداری بەس نییە، بەڵکوو دەبێت بەدوای هۆکارەکانی سەرهەڵدانیدا بگەڕێین و چارەیان بکەین، ئەگەر بەو ناوەشەوە سەر هەڵنەداتەوە، رەنگە بە ناوێکی دیکە و لە کاتێکی دیکەدا دروست بێتەوە“.


بابەکر زێباری، راشی گەیاند، هەندێ وڵات لە وڵاتی دیکە بارودۆخیان لەبارترە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش، گوتی: ”عێراق و سووریا لە هەموو وڵاتانی دیکە، بەهۆی نادادپەروەری و خراپیی دۆخەکەیانەوە لەبارترن، لەگەڵ ئەوەش داعش بەوە ناوەستێت و کردەوەکانی لەمەودوا لە وڵاتانی دیکەش درێژەی پێ دەدات“.


زێباری ئاماژەی بەوە دا، بیابان و ناوچەکانی نێوان سووریا و عێراق شوێنێکی گونجاوە، کە تیایدا داعش خۆی رێک بخاتەوە، گوتی: ”ئەو ناوچانە سەختن و داعش دەتوانێ خۆی لێ رێک بخاتەوە، جگە لەوەش لەو ناوچانە خەڵکانێک هەن هاوکاریی داعش دەکەن و پارەیەکی زۆریش لەژێر دەستی داعشدا ماوە کە دەتوانێ بەو پارەیە کردەوە و کاری تیرۆریستیی گەورە ئەنجام بدات و خۆی پێ رێک بخاتەوە“.


گوتیشی: ”ئەگەر بمانەوێ داعش لە عێراق و سووریا کۆتایی بێت، دەبێ ئەو ناوچانە بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکرێن و سیاسەتی هەڵەی رابردووی ئەو وڵاتانە راست بکرێتەوە و دادپەروەری بۆ خەڵکەکە دەستەبەر بێت و مافیان بۆ بگەڕێتەوە، بەشێوەیەک لە رێگەی پەروەردەی سەردەمیانەوە، خەڵکی لە فکری توندڕەوی و تایەفەگەری دوور بخرێتەوە، ئەگەر نا هەموو دەمێک لەبارە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش“.