تۆماركردنی چەندین فەرمانبەر و مووچەخۆر لە بایۆمەتری رەت دەكرێتەوە

 

02/04/2019 - 15:11 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاریی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، تۆماركردنی مووچەخۆران و فەرمانبەران بەردەوامە، گوتی: "ئەوەی پاساوی یاسایی هەبێت ئەوە لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتری تۆمار دەكرێت، بەڵام ئەوەی كارەكەی نایاسایی بێت و رێگەپێنەدراو بێت، ئەوە ئێمە تۆماری ناكەین".


هیوا ئەفەندی ئاشكرای كرد: "چەندین كەس مۆڵەتیان هەبووە و لەدەرەوەی وڵات بوونە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، ئەوانە تۆمار ناكرێن، ئەوەی رێنماییەكان نەیگرێتەوە ئەوە تۆماریان ناكەین، بۆ ئەوەش ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەر و مووچەخۆر رەت كراونەتەوە و مووچەیان پێ نادرێت".


پرۆسەی تۆماكردنی مووچەخۆران لە تۆماری بایۆمەتری، لە مانگی 10ی 2016 دەستی پێ كردووە.


ئەو بەرپرسە دووپاتی كردەوە، خەڵكانێك باوەڕیان بەوە نەبووە بایۆمەتری دەبێتـە بنەمای دابەشكردنی مووچە، بۆیە خۆیان تۆمار نەكردووە، بۆیە ئێستاش تۆمار ناكرێن، گوتیشی: "ئەو كەسانەی لە دوو شوێن مووچەیان هەبووە، لە شوێنێك خۆیان تۆمار كردووە، بەڵام فەسڵ كران، كاتێك دووبارە خۆی تۆمار دەكات، بە تۆماركراو ئەژمار دەكرێت، بۆیە رەت دەكرێتەوە".


سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری راشی گەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن و 212 هەزار مووچەخۆر لە تۆماری بایۆمەتری تۆمار كراون.


ئەفەندی جەختی كردەوە، ئەوانەی لە كاتی پێویستی خۆی هیچ پاساوێكیان نەبووە و خۆیان تۆمار نەكردووە، ئێستا بە هیچ جۆرێك تۆمار ناكرێن، دەشڵێت: "ئەوەی مۆڵەتی بێ مووچەی هەبێت، یان لەدەرەوە خوێندنی هەبووبێت و تەواو بووبێت، ئەوە لە وەزارەتی پەیوەندیدار نووسراویان بۆ دەكرێت بۆ ئەنجومەنی باڵای بایۆمەتری، ئەو كات لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت، ئەگەر لەگەڵ رێنماییەكان یەك بگرێتەوە دەنێردرێنە بانكی تایبەت و تۆمار دەكرێن".


ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین بن دەبن یان كۆچی دواییان کردووە، ناویان لە تۆماری بایۆمەتری دەمێنێتەوە، بەڵام دیاری دەكرێن كە خانەنیش بوونە یان كۆچی دواییان كردووە.


روونیشی كردەوە: "ئەوانەی دوو مووچە یان سێ مووچە وەردەگرن، كە زیاتر لە 100 هەزار كەسەن، ئەوانە لە یاسای چاكسازی بڕیاری یەكلاكەرەوەیان بۆ دەردەچێت".