لە هەولێر چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان هەڵدەوەشێندرێتەوە

بەهۆی بازرگانیكردن بە زەوییەكانەوە

02/04/2019 - 15:10 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە ھەولێر بە (باس)ی راگەیاند: "چەند حاڵەتێک هەبووە وەبەرهێنەر زەویی پێ دراوە بۆ پرۆژە، بەڵام ویستوویەتی بازرگانی بە زەوییەكەوە بكات بۆیە زەوییەكە و مۆڵەتەكەشی لێ وەرگیراوەتەوە".


بەپێی ئامارێك لە ساڵی 2006 بۆ ساڵی 2019، زیاتر لە 55 مۆڵەتی وەبەرهێنان لە سنووری هەولێر هەڵوەشێندراوەتەوە.


بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە ھەولێر ئاماژەی بەوەش دا، دوو مانگ دوای مۆڵەت وەرگرتن دەبێ وەبەرهێنەر دەست بە پڕۆژەكەی بكات، دەشڵێت: "ئەگەر بیانووی قانوونیی نەبێت، بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەكەی ئەوكات مۆڵەتێكی 15 رۆژیی پێ دەدرێت، ئەگەر دەست بە كار نەكات مۆڵەتەكەی هەڵدەوەشێتەوە".


بەپێی زانیارییەكانی (باس) هەندێك پڕۆژەی وەبەرهێنان بە ناوێك وەرگیراوە، كەچی رەگەزی مۆڵەتەكەی گۆڕدراوە.


لەبارەی ئەو زانیارییە، سامان عارەب گوتی: "رەگەز گۆڕینی مۆڵەت و پڕۆژە تەنیا بە رەزامەندیی ئێمە دەبێت، هەندێك حاڵەت هەبووە كراوە بۆ نموونە هۆتێلێک بۆ ماوەیەک دروست کراوە، بەڵام ئێستا كاریان كەم بووە و گۆڕدراوە بۆ نەخۆشخانە، ناكرێت وەبەرهێنەر، كە لە وڵاتی ئێمە سەرمایەگوزاریی دەكەن زیانیان بەربكەوێت، بەڵام حاڵەتی زۆر كەم بووە".


ئاشكراشی كرد: "بە هیچ جۆرێك فرۆشتنی پڕۆژەی وەبەرهێنان بۆ كەسی تر واتا دەستی دوو رێگەی پێ نادرێت، تاوەكوو تەواوی نەكات كاتێكیش تەواوی دەكات بیەوێت بیداتە كەسی تر، ئەوە دەبێت بە رەزامەندیی ئێمە بێت".


بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (باس) كەوتوون، سەرجەم ئەو پارچە زەوییانەی دراون بە كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران و تاوەكوو ئێستا پڕۆژەیان لەسەر نەكردووە، لێیان وەردەگیرێتەوە.


عارەب، ئەوەی خستە ڕوو، بەهۆی قەیرانی دارایی 70 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سنووری هەولێر وەستابوون: "دوای ئاگاداركردنەوەیان 40 پڕۆژەیان دەستیان پێ كراوەتەوە، چەند پڕۆژەیەك هەبوون بەهۆی كێشەی زەوی و زێدەڕۆیی نەیانتوانی دەستبەكار ببنەوە، بۆیە لەو ماوەیەدا 3 مۆڵەتمان هەڵوەشاندەوە".


سامان عەرەب گوتیشی: "پڕۆژەمان هەیە زەوی بۆ تەرخان كراوە، بەڵام كێشە لەسەر زەوییەكە هەیە، لە هەندێك شوێنی تریش هەیە، بڕیار بوو خزمەتگوزاریی بۆ بچێت، بەڵام بۆی نەچووە، بۆیە پڕۆژەكان دەست بەكار نەبوونە".


بەپێی ئامارەكان لە ساڵی 2006وە زیاتر لە 35 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای هەولێر بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دراوە.


د. محەمەد عوزێری، شارەزای دارایی بە (باس)ی راگەیاند: "چەندین زەوی بە ناوی وەبەرهێنان وەرگیراون، بەڵام بۆ مەبەستی تر بەكارهێنراون، یان بۆ سوودی كەسی بەكار براون".


روونی كردەوە، ئەوەی زەوی وەرگرت و پڕۆژەی لەسەر نەكردووە، دەبێت لێی وریگیرێتەوە، گوتی: "بەپێی قانوون دەبێت زەوی لەو كەسانە وەربگیرێتەوە، بەڵام چاوپۆشی كراوە و ئیجرائاتی پێویست نەكراوە".