قه‌ڵاكه‌ی ئاكپارتی روخا و ئاڵای ئۆپۆزسیۆنی تێدا چه‌قێنرا

01/04/2019 - 17:07 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


راسته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا ئاكپارتی یه‌كه‌م بووە، واته‌ 44%ی ده‌نگه‌كانی هێناوە، به‌ڵام به‌ دۆڕاندنی ئه‌نكه‌را و ئیسته‌نبۆڵ، قه‌ڵای ئاكپارتی روخا و ئۆپۆزسیۆن توانی دوای 18 ساڵ ئاڵای خۆی له‌سه‌ر قه‌ڵاكه‌ بچه‌قێنێت.


له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان له‌ توركیا، پێنج شاری گه‌وره‌ زۆر گرنگه‌ بۆ هه‌ر پارتێكی سیاسی كه‌ بیباته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌و شارانه‌ دۆڕا و شاره‌كانی تری برده‌وه‌، بردنه‌وه‌كه‌ به‌ تامی دۆڕانه‌. شاره‌كانیش (ئیسته‌نبۆڵ، ئه‌نكه‌را، ئه‌نتاڵیا، ئیزمیر، ئه‌ده‌نا)یه‌.


ئاكپارتی له‌و 5 شاره‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی دۆڕاندووه‌، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا چه‌ند شارێكی تری بردووه‌ته‌وه‌، كه‌ شاری گه‌وره‌ و بچووكن، به‌ڵام له‌ده‌ستدانی ئه‌نكه‌را و ئیسته‌نبۆڵ لاوازبوونی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و ئاكپارتی نیشان ده‌دات.


جه‌هه‌په‌ كه‌ پارتی ئۆپۆزسیۆنه‌ و تاوه‌كو ئێستە توانیویه‌تی ئیسته‌نبۆڵ و ئه‌نكه‌را بباته‌وه‌، ده‌ڵێ هاووڵاتیانی توركیا دیموكراسیان هه‌ڵبژارد و به‌ ئه‌ردۆغانیان گوت ئیدی لێره‌ راوه‌سته‌ و كۆتایی بە تاكڕه‌وی بێنه‌. هه‌روه‌ها پاشه‌كشه‌ی ئاكپارتییش زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ ئه‌ردۆغان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، به‌وه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مان بكه‌وێته‌ ده‌ست ئۆپۆزسیۆن.


لەم هەڵبژاردنەدا هه‌ده‌په‌ ئامانجی خۆی پێكا، له‌و پێنج شاره‌ گه‌وره‌یه‌ هیچ كاندیدێكی نه‌بوو و پشتگیری له‌ كاندیدی جه‌هه‌په‌ كرد، واته‌ ده‌نگه‌كانی هه‌ده‌په‌ نه‌بوایه‌ ئێستە جه‌هه‌په‌ سه‌ركه‌وتنی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ رانه‌ده‌گه‌یاند، بەمەش هه‌ده‌په‌ خۆی كرده‌ قوربانیی جه‌هه‌په‌، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوای توركیا شكست به‌ ئاكپارتی بهێنێت.


بیناڵی یڵدرم كه‌ له‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین پۆستی توركیا بوو، ئه‌ویش سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو، بووه‌ كاندیدی ئاكپارتی بۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی ئیسته‌نبۆڵ و ناچار كرا ده‌ست له‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكێشێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستە هه‌ردوو پۆستی له‌ ده‌ست داوە، بۆیه‌ یان خۆری یڵدرم وه‌كو گویل و داودئۆغلو ئاوا ده‌بێت، یاخود ئه‌ردۆغان پۆستێكی تری پێ ده‌دات، كه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ بیكاته‌ جێگری خۆی.


هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی له‌ وتاره‌كه‌یاندا دوای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن گوتیان ناچنه‌ ناو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ مەرج نین، چونكه‌ هه‌ر مه‌هه‌په‌ له‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئاكپارتیدا بكێشێته‌وه‌، توركیا پێده‌نێته‌ ناو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌وە، به‌ تایبه‌ت ئۆپۆزسیۆن زۆری پێ خۆشه‌ بچنه‌ ناو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانن به‌م ئه‌نجامه‌ ده‌توانن له‌ناو په‌رله‌مان ببنه‌ زۆرینه‌.


له‌ رۆژانی داهاتوو تابلۆی سیاسی له‌ توركیا گۆڕانی جیدی به‌سه‌ردا دێت، ئیدی ئۆپۆزسیۆن مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ پارتی ده‌سه‌ڵات، دژایه‌تییه‌كه‌یان سه‌ختتر ده‌بێته‌وه‌.