لە گەڕەکێکی هەولێر دوو خوشک دوکانێکیان بۆ وانەگوتنەوە بە منداڵان بەکرێ گرتووە

 

01/04/2019 - 16:20 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دوو خوشک، لە گەڕەکێکی شاری هەولێر، دوکانێک بەکرێ دەگرن و بەیانییان لە سەعات 8:00ەوە تا 11:00ی شەو، وانەی تایبەت بە منداڵان دەڵێنەوە.


نوور ئیبراهیم ئەحمەد، دەرچووی بەشی گەشتیاریی پەیمانگەی تەکنیکی هەولێرە، لەگەڵ هودای خوشکی، کە قوتابی قوناخی چوارەمی بەشی ددانسازیی زانکۆی هەولێری پزیشکییە، لە گەڕەکی زانکۆی شاری هەولێر، لە مانگی تەمووزەوە دوکانێکیان تایبەت بە وانەگوتنەوەی منداڵان گرتووە، رۆژانە قوتابییەکی زۆر هامشۆیان دەکەن.


نوور، کە خوشکە بچووکەکەی هودایە و لە ماڵباتێکی چوار کەسیدان، باس لە بیرۆکەی دانانی ئەو شوێنە دەکات، کە چوار ساڵ بووە لە ماڵەوە بووە، زۆر بێزار بووە، هەرچەندە رۆژانە خۆی بە خوێندنەوە و فێربوونی زمان خەریک کردووە و وانەی بە منداڵە دراوسێکانی گوتووە، بەڵام بێزاری بەرۆکی بەرنەداوە، بۆیە هودای خوشکی ئەو بیرۆکەیەی بۆ دێت، کە شوێنێکی تایبەت دابنێن و بەیەکەوە کار بکەن، سەرەتا بەهۆی لێزانینیان لە پرۆگرامسازیی کۆمپیوتەر، بڕیاری دوکانێکی کۆمپیوتەر و مۆبایل دەدەن، دواتر بیرۆکەیان دەگۆڕێت بۆ خواردنگەیەک، کە خۆشیان پەیجێکی تایبەت بە خواردنیان هەبووە، بەڵام کە دەبینین منداڵێکی زۆر داوای وانەگوتنەوەیان لێ دەکات و لەکاتێکدا وەک ئاماژەی پێ دەدەن، شێوازی گوتنەوەیان لەلایەن منداڵەکانەوە قەبووڵ بووە و توانیویانە زوو لێیانە فێر بن، بڕیاری شوێنێکی تایبەت بە وانەگوتنەوە دەدەن، دوکانێک هاوشێوەی ئۆفیسێک لەنزیک ماڵی خۆیان دادەنێن.


هودا، بۆ (باس) ئەوە دەخاتە ڕوو، کە وا هەست دەکات ئەو بۆ خوێندن لەدایک بووە، بەردەوام بەدوای بیرۆکەی نوێدا گەڕاوە، ئەوەی دەستیشی دەکەوت، بە کتێبی دواوە و شێوازی گوتنەوەی وانەشی باش بووە و دەڵێت: ”هەستم دەکرد، کە وانەیەک بۆ کەسێک روون دەکەمەوە، باشتر لێم دەگەن، تەنانەت قوتابییەکانی کۆلێژیش دەهاتنە لای من بۆ وانە پێ گوتنەوەیان و ئاسانکاریم بۆیان دەکرد، شێوازی گوتنەوەم جیاواز بووە، یەک لە قوتابییەکانم پێنج ساڵ بوو لە وانەی ئینگلیزیی 12ی ئامادەیی دەمایەوە، بە یەک مانگ وانە پێگوتنی دەرچوو، نووریش لە ماڵ وانەی بەخۆڕایی بە قوتابییان دەگوتەوە، بۆیە بڕیارم دا نووریش لە ماڵەوە دەربێنم و خۆی کارێکی هەبێت، نووریش گوتی تۆ زانستەکت لایە، بۆ بە پارە نایدەی و پارەکەش بە زانست بدەیەوە و کتێب بکڕیت و داهاتێکشمان بۆ خۆمان هەبێت و لەسەر پێی خۆمان راوەستین، نەک چاوەڕوانی دامەزراندن بین“.


ئەو قوتابییانەی بۆ خوێندن سەردانی ئەو دوو خوشکە دەکەن، زیاتر خەڵکی گەڕەکەکەیانن، زیاتر لە 40 قوتابییان هەیە و نایانەوێت زیاتر بێت، بۆ ئەوەی وانەکە بە باشی بڵێنەوە، قوتابییان لە پۆڵی یەکی بنەڕەتییەوە بۆ 12 بنەڕەتی هەیە، قوتابییان بە کۆرس و بە مانگانە و بەپێی وانەکانی رۆژانە هەیە، نوور دەڵێت: ”ئەو کارەم زۆر پێ خۆشە، وای کردووە کە متمانەمان زیاتر بەخۆ بێت“، لەو کاتە هودا قسەی پێ دەبڕێت و دەڵێ: ”بەداخەوە کۆمەڵگەکەمان بیرێکی تەقلیدیی هەیە، زۆربەی چاولێکەرییە، نەک بیر بکاتەوە و داهێنانێک بکات، کارێکی سەرکەوتوو بکات، لەسەر پێی خۆی بوەستێت و چاوەڕوانی دامەزراندن نەبێت، قسەی دەوروبەر کاریگەریی لەسەر نەبێت، مرۆڤ لە هەڵەکانی فێر دەبێت و دەبێ هەوڵ بدا“.


ئەو دوو خوشکە، سەرباری وانەگوتنەوە، چالاکیی دیکەش بە قوتابییەکانیان دەکەن، وەک خوێندنەوەی کتێب بە کۆمەڵ، سەردانیکردنی پارکەکان و کتێبخانەکان، ئامادەکردنی خواردن و شیرینەمەنی، ئەوەش متمانەی لای دایک و باوکی ئەو قوتابییانە دروست کردووە، کە وانەیان لا دەخوێنن ”

 

ئەلبوومی وێنەکان