نوێترین زانیاری لەبارەی لافاو لە سنووری تەقتەق

01/04/2019 - 15:17 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دوینێ یەکشەمە ئەو شەپۆڵە بارانەی چاوەڕوان دەکرا هەرێمی کوردستانی گرتەوە و ئاستی ئاو بە ڕێژەیەکی زۆر  لە هەندێک ناوچە زیادی کرد، زۆرترین زومی کامیراکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لەسەر ناحیەی تەقتەق و زێی بچوک بوو، ڕۆژانە سەدان وێنە و بابەتی جۆراوجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر هەستانی لافاو لەسەر ئەو ناحیەیە بڵاو دەکرایەوە و بەرپرسانی یەکەی ئیداری ناحیەکەش چەند جارێک هۆشداریاندایە دانیشتوانی هەردوو گەڕەکی ڕزگاری و ئاشتی تاکوو ماڵەکانیان چۆڵ بکەن بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک.

 

ئاری سابیر، ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە دۆخی ناحیەی تەقتەق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەهۆی ئەوەی من خەڵکی ئەو ناحیەیەم لە گەڕەکی ڕزگاری لەدایک بووم دوو لافاوی ساڵەکانی ۱۹٨٨ و ۱۹۹۳م بیر دێت کە ئاو بەشێکی گەڕەکی ڕزکاری و تەواوی دەشتاییەکانی گوندی "کەپەنەک"ی گرتەوە و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام ئەوکاتە بەربەستی سەر زێی بچووک لە تەقتەق دروست نەکرابوو، کە بەرزییەکەی لە سێ مەتر تاکوو پێنج مەتر دەست پێدەکات".

 

گوتیشی  ناحیەی تەقتەق لە۲۳ گوند و ۷ گەڕەک پێکدێت ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ۳۰ هەزار کەسە لە ڕۆژهەڵاتەوە بە گوندی "کانیەڕەش" دەست پێدەکات و لە گوندی "کانی لەلە" کۆتایی جوگرافیای تەقتەقە و هاوسنوورە لەگەڵ ناحیەکانی "ئاشتی و سێگردکان و دێگەڵە و شوان" زێی بچووک بە درێژایی زیاتر لە۳۰ کلم بە ڕۆژهەڵاتی ناحیەکەدا تێدەپەڕێت.

 

 ئێستا لە بەنداوی دووکانەوە ٤۰۰ سەد مەتر موکەعەب ئاو بەردراوەتەوە جگە لە هاتنەناوەوەی ئاوی ڕووبارەکانی (کانی سوور، بۆگد، کێلەزیندان، کانی کوردە، خەرابە، کانی هەنجیر، شیوەجانی، گەرمک، مخەڕەس، باغەجنێر، سێمەی و تاڵەبان)، لە سنووری کۆیە دێتە ناو زێی بچووک لە سنووری ئاغجەلەر و شوانیش ڕووبارەکانی (سووقاوشان، بۆر قامیش، گۆپتەپە، قەسرۆک ، سماقە) دێنەوە ناو زێی بچووک، کە ئاستی ئاوی ئەو ڕووبارانە پەیوەستە بە ڕێژەی بارانبارین، کە۲٦ ساڵە ئاوی ئەو ڕووبارانە نەگەیشتووەتە ئەو ڕێژەیەی دوێنێ هاتە خوارەوە".

 

سەبارەت بەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی تەقتەق لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بووەتەوە، ئاری سابیر دەڵێت لە سەرەتای مەترسییەکانی دروست بوونی لافاو لە ناحیەی تەقتەق ڕاپۆرتێکی شیکاری مەیدانیم بڵاو کردەوە، هەفتەیەک لەمەوبەر لە نزمترین شوێنی ناحیەی تەقتەق یەک مەتر و ٥۰ سانتیم مابوو ئاو بەسەر بکەوێت دواتر شارەوانی لەسەر ئەو بەربەستە پێنج ڕێز بلۆکی‌تری دانا کە مەترسییەکانی کەمتر کردەوە، دوای زیادبوونی مەترێک ئاو ڕاستەوخۆ سەرکەوت بۆ دەشتاییەکانی گوندی "کەپەنەک و سماقە" و زیانێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ماسی و پەلەوەر و ناوچە گەشتیارییەکان گەیاند، کە ئەگەر مەترێکی تریش ئاو زیاد بکات، ناتوانێت لە بەربەستی سەربکەوێت.

 

سەبارەت بە مەترسی ئاوەڕۆکانی ناحیەکە ئەو چالاکوانە ئاشکرای کرد مەترسیی گەڕانەوەی ئاو لە ئاوەڕۆکانی ناحیەی تەقتەق هۆکاری سەرەکی ترساندنی دانیشتوانی گەڕەکەکانی ڕزگاری و ئاشتی بوو بەو هۆیەوە دەیان ماڵ کەلوپەلەکانیان گواستەوە بۆ گەڕەکەکانی‌تری ناحیەکە شەوانەش خۆیان گەڕەکەکانیان بەجێ دەهێشت، ئاوەڕۆکانی ناحیەکە کە سەرجەمیان دەچنەوە ناو زێی بچووک بە جۆرێک دروست کراون ئاراستەکانیان پێچەوانەی هاتنی زێی بچووکە بە ئاسانی ئاو ناگەڕێتەوە ناوی ڕێژەی بارانبارینیش لە تەقتەق ئاستی مام ناوەند بووە زۆر بە کەمی باران بە خوڕ لەو سنوورە دەبارێت.

 

ئاری گوتیشی ئاستی ئاو دوای بەردانەوەی ٤۰۰مەتر موکەعەب ئاو لە بەنداوی دووکان و بارانی بەخوڕ و زیادبوونی ئاوی سەرجەم ڕووبارەکان ئاستی ئاو لەزێی بچووک لە نزیک ناحیەی تەقتەق مەترێک و ۲۰ سانتیم لە سەرەتای ناحیەکە و دوو مەتر لە نزیک پردی تەقتەق بەرز بۆوە، بەڵام لەگەڵ کەمبونەوەی ئاوی ڕووبارەکان زیاتر لە٥۰ سانتیم ئاستی ئاو کەمی کرد  سات بەساتیش کەمتر دەکات، لەئەگەری سەڕێژبوونی ئاوی بەنداوی دووکان کەلەئێستادا ٦۳ سانتیمی ماوە سەڕێژ بێت ئەوە ئاستی ئاوەکە زیاد دەکاتەوە، بە جۆرێک ئەگەر بێت و ڕێژەی ئەو ئاوەی دێتە ناو بەنداوەکە زیاتر لە ٤۰۰ مەتر موکەعەب بێت، بەڵام هیچ مەترسییەکی لەسەر ناحیەی تەق تەق نابێت.

 

شایەنی باسە تەقتەق ساڵی ۱۹۱٨ لەلایەن بەریتانییەکانەوە کراوەتە ناحیە کە بەدووریی ۲٥کم دەکەوێتە باشووری قەزای کۆیە و ٦۰ کم باکووری شاری کەرکووک و بە سامانی سروشتی نەوت و ئاو و کشتوکاڵ و ماسی دەوڵەمەندە.

 

ئەلبوومی وێنەکان