400 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ خەرج کراوە هیچ پڕۆژەیەک دیار نییە

شانەکانی داعش هیشتا لەنێو مووسڵدان و ڕێژەی کورد بۆ 5% دابەزیوە

31/03/2019 - 16:33 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دوای چەند ساڵ تێپەڕین بەسەر ڕزگارکردنی مووسڵ لەدەست تیرۆریستانی داعش، هێشتا لەڕووی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانەوە هیچ لەو شارەدا دیار نییە. وەکووتریش شانە نووستووەکانی داعش لەناو سەنتەری شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری، هێشتا سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیین بۆ سەر ژیانی خەڵکی مووسڵ.


لەم بارەیەوە عەلی خەلیل بەرپرسی لقی 14ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”کوردانی مووسڵ بە ڕێژەیەکی زۆر کەم گەڕاونەتەوە شارەکە، چونکە هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی کورد لەو شارەدا هەیە، بەتایبەتی کە تا ئێستا سەنتەری شاری مووسڵ بەتەواوی کۆنتڕۆڵ نەکراوە، بۆیە ڕێژەی کورد لەو شارە ئێستا لە 5% تێپەڕی نەکردووە“.


ئەو بەرپرسەی پارتی لە مووسڵ گوتیشی: ”دۆخی ناو مووسڵ ئارام نییە، تا ئێستاش شانەی نووستووی داعش لەناو شارەکەدا ماون و چاراکییان هەیە“.


عەلی خەلیل دەشڵێت: ”جگە لە پۆلیس، هێزگەلی چەکداریی زۆر لەناو مووسڵدا هەن، لەوانەش حەشدی شەعبی، کە هیچ هاوکاری و هەماهەنگییەکیان لەنێواندا نییە و بەردەوام کێشە دەکەوێتە ناویانەوە. لەبەرئەوە، ڕەنگە چوونەوەی پارتی و هێزە کوردییەکان بۆ مووسڵ، هاوسەنگیی دەڤەرەکە بپارێزێت“.


بەرپرسەکەی پارتی لە مووسڵ ئاماژە بەوەش دەکات: ”زانیاریی تەواومان هەیە، کە ئەم شانە نووستووانە خەریکی خۆڕێکخستنەوەن و بەرەو بەهێزبوونەوە دەچن. تەقینەوەکانی ماوەی ڕابردووش لە گەییاڕە، ئەو مەترسییانەی داعشیان لەسەر ژیانی خەڵک زیاتر دەرخست. تەنانەت لە دەڤەری تەلەعفەر، سەلامیە و بەعاج، دۆخەکە زۆرتر لەژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی داعشدایە، نەک حکوومەتی عێراقی و دەسەڵاتیشیان لە هێزە عێراقییەکان زۆرترە. بەگشتی، ئەو دەڤەرانە بوونەتە هێلانەی داعش و ئەگەر پێشتر ژمارەیەکی کەمی چەکداریان لەو دەڤەرانە هەبووبن، ئەوا هەنووکە ژمارەیان زۆر زیاتر بووە و تا دێت پەرە دەستێنن“.


جەختیش دەکاتەوە: ”هەرکاتێک داعش لەو ناوچەیە بە هێزێکی مەزنەوە هێرشێک بکات، ئەوا گومانی تێدا نییە کە هێزە عێراقییەکان و حەشد توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە و پارێزگاریکردن لە دەڤەرەکەیان نییە. بەتایبەتی کاتێ هێرشەکانیان خۆکوژی بن، هێزە عێراقییەکان گۆرەپانی شەڕ چۆڵ دەکەن، وەک چۆن ساڵی ٢٠١٤، ئەوکاتەی داعش دەستی بەسەر خاکی عێراقدا گرت، سوپای عێراق ڕایکرد و چەک و جبەخانەکانی خۆی بۆ تیرۆریستان بەجێ هێشت و تەنیا پێشمەرگە توانی ڕووبەڕوویان ببێتەوە و تێکیان بشکێنێت“.


لای خۆیشیەوە، سەبارەت بە هەوڵ و هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری تیایدا، شێروان دووبەردانی ئەندامی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ”لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 400 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە خەرج کراوە، بەڵام ئەوەی هەیە تەنیا ناوی پڕۆژەیە، وەکووتر لە واری کردەنیدا هیچ پڕۆژەیەک لەو شارە ئەنجام نەدراوە“.


دووبەردانی بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”کەسیش نازانێ ئەو 400 ملیار دینارەی کە حکوومەتی عێراق بە ئامانجی ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە مووسڵ، خەرجی کردووە چی بەسەر هاتووە و لە کوێیە!“.