لە دوبز تیرۆریستان بەشەو داعش و بە رۆژیش حەشدی شەعبین

به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی دوبز: پرۆسه‌ى ته‌عریب له‌ دووبز به‌چڕی ده‌ستی پێ كردووه‌

16/03/2019 - 16:22 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 پرۆسه‌ى ته‌عریب و هاوكات جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش له‌ سنوورى قه‌زاى دووبزى سه‌ر به‌ پارێزگاى كه‌ركووك زیادى كردووه‌ و لە هەردوو پرۆسەشدا کورد ئامانجی یەکەم و ئاخیرە.


له‌م باره‌یه‌وه‌، عه‌بدوڵا مه‌جید، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی دوبز، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ پرۆسه‌ى ته‌عریب له‌ سنوورى دووبز به‌چڕی ده‌ستی پێ كردووه‌، عەرەبی هاوردە له‌ رێگاى حه‌شدى شه‌عبی و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانى دیكه‌وه‌ دێنه‌ سنووره‌كه‌ و كارتى زانیارییان بۆ دروست ده‌رده‌كرێت، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى كه‌ پێشتر قه‌ره‌بووى 20 ملیۆن دینارى ماده‌ى 140یان وه‌رگرت و پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ زێدى خۆیان، ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سنووره‌كه‌".


هه‌روه‌ها ئه‌و به‌رپرسه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "ئێستا هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك له‌ ناوچه‌كه‌ بكرێت ژمارەی عەرەبی هاوردە زۆر زیاتر بووە لە کورد، چونكه‌ ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ فۆرمى خۆراكیان گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ دووبز و كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردنیش تا ئێستا پشت به‌ فۆرمى خۆراك ده‌به‌ستێت بۆ هه‌ڵبژاردن‌".


ڕاشی گه‌یاند: "تیرۆریستانی داعشیش رۆژ له ‌دواى رۆژ له‌ په‌ره‌سه‌نداندان و بوونەتە مەترسی بۆ سەر ناوچه‌كه‌ و به‌رده‌وام جموجۆڵیان له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌".


پێوه‌ند به‌م باسه‌، عه‌بدوڵا نووره‌دین، قایمقامی شه‌رعیی دووبز، كه‌ له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هاوشێوه‌ى هه‌زاران هاووڵاتیی دیكه‌ى سنوورى قه‌زاكه‌، ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ و وه‌ك خۆی ئاماژه‌ى پێ ده‌دات، كه‌ تاوه‌كوو ئاساییبوونه‌وه‌ى دۆخى پارێزگاى كه‌ركووك مۆڵه‌تى له‌ كاره‌كه‌ى وه‌رگرتووه‌ و ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ى، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت: "عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان ئێستا كە ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سنوورى دووبز، كارتى زانیارییان بۆ ده‌رده‌كرێت و ده‌كرێنه‌وه‌ خه‌ڵكى سنووره‌كه‌ و پاشان زه‌ویى جووتیارانى كورد داگیر ده‌كه‌نه‌وه‌".


هاوكات قایمقامی قه‌زاى دووبز، ئه‌وه‌ى خسته‌ ڕوو، داعش سه‌رى هه‌ڵداوه‌ته‌وه و به‌شێكیشیان هه‌ر خه‌ڵكى سنووره‌كه‌ن و به‌ شه‌و داعشن و به‌ رۆژیش چه‌كدارى حه‌شدى شه‌عبی، ته‌نانه‌ت كه‌سانى ناسراو هه‌ن، كه‌ به‌ئاشكرا داعش بوونه‌ و ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناو سه‌نته‌رى قه‌زای دووبز و بوونه‌ته‌ چه‌كدارى حه‌شدى شه‌عبی و به‌ ئازادى ده‌سووڕێنه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وانن هەڕەشە لە گوندنشینانی كور ده‌كه‌ن.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تا ئێستا به‌رده‌وام عه‌ره‌بى هاورده‌ دێن له‌ گه‌ڕه‌كه‌ جیاجیاكانى ناوه‌ندى قه‌زاى دووبز نیشته‌جێ ده‌بن و به‌شێكى زۆریان خانوویان له‌ قه‌زاكه‌ كڕیوه‌ و به‌ته‌ما نین قه‌زاكه‌ به‌جێ بهێڵن.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، هێشتا به‌شێكى به‌رچاو له‌ هاووڵاتییانى كوردى سنوورى قه‌زاى دووبز، كه‌ له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ئاواره ‌بوون، به‌هۆی خراپیی دۆخى ئه‌منیى ناوچه‌كه‌ و ڕه‌فتاره‌ ناشیاوه‌كانى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆریستانى داعش، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدى خۆیان.


جێی وه‌بیرهێناوه‌یه،‌ كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌ته‌كاری کورد دووبزیان داگیر كرد.