چیرۆکی پیاوێکی هەڵەبجەیی كە 13 ساڵ بە هەڵە زیندانی کراوە

"بە برینداری بردمیان بۆ ئێران بۆ چارەسەر، بەڵام لەوێ زیندانی كرام"

15/03/2019 - 15:43 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

"13 ساڵ لەناو زیندانێكی ئێراندا، بە هەڵە زیندانی كرام و ئازار درام، تەنها لەبەر ئەوەی ناوەكەم لێكچووی ناوی تۆمەتبارێكی ڕژێمی بەعس بوو، كاتێكێش ئازادیان كردم، گوتیان ببەخشە تۆ ئەو کەسە نەبووی، کە داواکراو بووی". ئەمە کورتەی سەربردەکەی فەرید جەبارە.


فەرید جەبار، پیاوێكی هەڵەبجەییە، لە ڕۆژی لە 13ی ئاداری ساڵی 1988 ، بەهۆی بۆردومانكردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق، بریندار بووە و بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی ئێران كراوە، بەڵام لەوێ دەستگیر كراوە و چەندین ساڵی تەمەنی لەنێو زیندان بەسەر بردووە.


فەرید جەبار، چیرۆكی بە هەڵە زیندانكردنی، دەگێڕێتەوە و دەڵی: "22 ڕۆژ بوو هاوسەرگیریم كردبوو، سێ ڕۆژ بەر لە كیمیابارانی هەڵەبجە چوومە بازاڕ بۆ كەلوپەل كڕین، فڕۆكەی بەعس بۆردومانی هەڵەبجەی دەكرد، پارچەیەك بەر شانم كەوت، دواتر بۆ چارەسەركردن ڕەوانەی ئێران كرام، بەڵام لەوێ دەستگیریان كردم".


وەك فەرید باسی دەكات، بەهۆی لێكچوونی ناوەكەی لەگەڵ تۆمەتبارێكی بەعس، كە ناوی فەرید بووە و ئەفسەری ئیستیخباراتی بەعس بووە، دەستگیر كراوە و بەبێ تاوانی چەندین ساڵ لەناو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەتەوە.


هەروەها دەشڵێ :"هەرچەند گوتم من ئەو فەریدە نیم، بەڵام سوودی نەبوو و گوتیان تۆ بەعسیت، ئیدی هەر بە برینداری لەناو نەخۆشخانە كەلەپچەیان كردم و بردمیان بۆ ناو زیندان بۆ شیراز، بۆ ماوەی 13 ساڵ و سێ مانگ و 22 ڕۆژ بەو هۆیەوە زیندانیان كردم، كاتێك ئازادیان كردم، گوتیان ببەخشە تۆ ئەو کەسە نەبوویت، کە داواکراو بوویت".


بە گوتەی فەرید، لەناو زیندانی ئێراندا هێندە ئازار دراوە، هەتا ئێستا كاریگەرییەكانی ناو زیندانی لەسەر ماوە، بۆیە ئێستە لەناو جێگا كەوتووە و توانای كاركردنی نەماوە.


فەرید بەدەم هەڵكێشانی هەناسەی ئازاربەخشەوە، قسەی بۆ (باس) دەكرد و گوتیشی: "كاتێك لەناو زیندان بووم، بە مردوو لەقەڵم درابووم، هاوسەرەكەم وای زانیبوو من مردووم، بۆیە دووبارە هاوسەرگیریی كردبووەوە، كە (2001) ئازاد كرام، ئەوكات زانیم دایكم كۆچی دوایی كردووە و هاوسەرەكەشم هاوسەرگیریی كردووەتەوە".


فەرید جەبار محەمەد، لە ساڵی 1956 لەدایك بووە، فەرمانبەرە و دانیشتووی گوندی ئەحمەد ئاوای سەر بە شارەدێی خورماڵە لە پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام بەهۆی نەخۆشیی گورچیلەیەوە، توانای كاركردنی نەماوە.