سەرپەرشتیاری تاقیگەی سنوورەکان: دەست بەسەر گۆشتی قوتوودا گیراوە کە گۆشتی بەرازی تێکەڵ کراوە

"تووتنی ساختەی نێرگەلەمان ئاشکرا کردووە کە پاشەڕۆی ئاژەڵی تێدا بووە"

15/03/2019 - 13:05 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیو ستاندارد و تاقیگەکانی، کە سەرپەرشتیی بەشی تاقیگەکانی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی هەر یەک لە خاڵە سنوورییەکانی ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، فیشخابوور، دەکات، لە دیمانەیەکدا بۆ هەفتەنامەی (باس)، باس لەوە دەکات، کە لە بازاڕەکانی کوردستان، گۆشتی قوتوویان پشکنیوە، گۆشتی بەرازی تێکەڵ کراوە و بەشێک لەو چایانەی هاتوونەتە کوردستان، کافاینیان ستاندارد نییە.


د. مۆفەق سلێمان بەرواری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیو ستاندارد و تاقیگەکانی کە سەرپەرشتیی بەشی تاقیگەکانی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی هەر یەک لە خاڵە سنوورییەکانی (ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، فیشخابوور) دەکات، ئاماژە بەوە دەدات کە نزیکەی 80%ی ئەو خۆراکانەی دێنە بازاڕەکانی کوردستان، لەژێر کۆنتڕۆڵی تاقیگەکانیانە، هەروەها گشت کەلوپەلی جوانکاری و ماکیاژ، پاککەرەوەکان و بیناسازی، بەروبوومی میوە و چاندن، بەڵام بابەتەکانی دەرمان و فاکسین لە تاقیگەکانی هەولێر پشکنینی بۆ دەکرێ: ”ئەوەی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا بێت، ئێمە گرەنتی دەدەین کە گشت پشکنینەکانمان بەپێی ستانداردی نوێ و باوەڕپێکراوی هەرێمی کوردستان هەیە“.


ئەو نایشارێتەوە کە ستانداردەکانی عێراق گرفتیان زۆرە و کۆنن، بۆیە شاندێکیان بۆ بەغدا ناردووە بۆ ئەوەی ستانداردە تازەکان بێنن، تا 2017شیان هێناوە، بۆیە دەبێت لەسەر ئەو ستاندەرانە بڕۆن، چونکە نابێ پشکنینێک بکرێت کە لەگەڵ ئەو ستانداردانە یەک نەگرێتەوە، هاوکات هەر پشکنینێک بکرێت، لە تاقیگەکانیان ئەوان بەڵگەی سۆفت وێریان هەیە، واتا ئەلکترۆنییە و نەک بە چاو و فیزیایی، بۆیە بازرگان، هاووڵاتیی ئاسایی دەتوانێت داوای بەڵگەکانیان لێ بکات، دەتوانن ئەنجامەکانیان بۆ ئاشکرا بکەن، بەڵام نایشارێتەوە، کە ناتوانن هەندێک پشکنین بکەن، چونکە نەبووەتە بڕیار و دەڵێت: ”ئێمە دەزانین، کە هەندێک جۆری مریشک هەیە نزیکەی 180 بۆ 200 گرام ئاوی تێدایە، بەڵام تا ئێستا ئێمە بە یاسای عێراقی دەڕۆین، ئەوانیش ئەو پشکنینەیان نەکردووەتە بڕیار، تا ئێمەش پەسندی بکەین کە نابێت وابێت، بەڵام کە یاسایەکی تایبەتی نەبێت، ناتوانین بیکەین تا رێنمایی دێت، ئێمەش داوای رێنمایی و یاسای تایبەتمان کرد، چونکە ئەو جۆرە مریشکە زۆر نییە، چەند جۆرێکیان وان، ئەوانی دیکە بڕاندن و گرفتیان نییە“.


د. مۆفەق سلێمان بەرواری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیو ستاندارد و تاقیگەکانی، نکۆڵی لەوە ناکات کە ئاماریان لایە و چەندین کەلوپەل لە تاقیگەکانیان رەت کراوەتەوە، ئیجرائاتیان لەگەڵ کراوە، لەو 80%یەی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە، 100% دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات کە گرفتیان نییە، بەڵام باس لەوە دەکات، هەندێک گرفت بۆ ئەو بارهەڵگرانە دەگەڕێتەوە کە کەلوپەل دەگوازنەوە، چونکە تایمەریان تێدا نییە، بۆیە گۆڕانکاری لەو کەلوپەلانە دروست دەبێت کە دێتە تاقیگەکانیان گرفت دروست دەبێت و ئەوکاتیش بازرگانەکان گلەیی دەکەن، بۆیە دەبێ بازرگان بیر لەوە بکاتەوە و رێنماییەکان جێبەجێ بکات، نموونەش بەوە دەهێنێتەوە کە جۆرێک لە خواردنەوەی کهولیی یۆنانی بەهۆی گواستنەوە رێژەی کهولییەکەی دابەزیبوو، تەنانەت کونسوڵی یۆنانی هاتە ناو گرفتەکە، پێیان راگەیاند، کە ئەوەی بەهۆی بارهەڵگری چادردا هاتووە، گۆڕانکاریی تێدا دروست بووە: ”بۆیە بەپێی داتاکانمان، زۆربەی ئەوانەی لە پشکنین دەرناچن، خۆراکن، زۆربەشیان گرفت لە گواستنەوە و کۆگاکردنی هەیە، هەروەها بەروبوومی میوەش گرفتی زۆرە، ماوەیەک لەمەوبەر لالەنگییەکی زۆر رەت کرایەوە کە کرمی تێدابوو، چونکە بە پلەیەکی ساردیی گونجاو نەگوازرابووەوە، بەڵام ئێستا جیاوازە، سەرەتای دەستبەکاربوونمان نزیکەی 60%ی هاوردەکانمان لە پشکنین دەرنەدەچوون، بەڵام ئێستا باش بووە، تەنیا 2% رەت دەکرێنەوە، ئەوەش هێمایە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵمان کردووە و بازرگانیش هەستی پێ کردووە و کەلوپەلی باش دەهێنێت، چونکە ئێستا لە خاڵە سنوورییەکان بە دەست و چاو نییە، بەڵکوو بە ئامێرە“.


ماوەیەک بەر لە ئێستا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە، کە پشکنینی تیشک لە کوردستان نییە، بەتایبەت ئەو بەروبوومانەی لە ئۆکرانیاوە بۆ کوردستان دێن، بە تیشکی ئەتۆم پیس بووە، د. مۆفەق سلێمان بەرواری، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەوان پشکنینی تیشکیان هەیە و تەنانەت ئێستا لە سنووری سلێمانیش، کە ئەو پشکنینە نییە، کەلوپەلەکانیان بۆ تاقیگەکانیان دەنێرن: ”بەردەوام پشکنینی تیشک بۆ کەلوپەلەکان دەکەین، بەشێکیان رەت کراونەتەوە، ئەویش زۆربەی بەهۆی بوونی ئەو شێیەی کە تێیدایە، بەڵام بەهۆی بوونی تیشکی پیسبووەوە، تەنیا یەک بۆ دووجار کەلوپەل رەت کراوەتەوە، با خەڵک دڵنیا ببنەوە کە هەموو پشکنینێک دەکرێت، تەنانەت پشکنین بۆ دۆمەڵانیش کراوە، نەوەک بە مادە تەقینەوەکانەوە پیس بووبێت“.


بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیو ستاندارد و تاقیگەکانی، ئاماژە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمەریکی دەکات، کە چۆن لەلایان دەپشکێندرێت، وەک ئەوانەی بەر لافاو کەوتوون، یاخود (ABS)یان تێدا نەبووە و لای ئەوان گشتی لە پشکنین دەرنەچوونە، ئۆتۆمبێلێکی زۆریان رەت کردووەتەو، بۆیە ئێستا هەر ئۆتۆمبێلێک لە ئەمەریکاوە بێت، دەبێ بڕوانامەی پشکنین لەگەڵ خۆیان بێنن، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە گومرگی ئیبراهیم خەلیلەوە ئاودیوی کوردستان دەکرێن، بە رێژەی 20% نرخیان لە پیشانگاکان گرانترە، چونکە پشکنینی تەواویان بۆ کراوە.


جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە ئێستا جووڵەی گومرگی زۆر باش بووە، رۆژانە نزیکەی 800 بۆ هەزار و 200 بارهەڵگر دێنە کوردستان، زۆربەی ئەوانەشی کە دێن پشکنینیان بۆ دەکرێت، تەنانەت ئاژەڵ و گیانلەبەرانیش پشکنینی کلینیکییان بۆ دەکرێت، دواتر لە شوێنێک بۆ ماوەی 15 رۆژ دەمێننەوە، پزیشکێکی ڤێتەرنەری لەو ماوەیە دەمێنێتەوە، هەندێکیشیان هەر لەناو ئۆتۆمبێل پشکنینیان بۆ دەکرێت، ماوەیەک بەر لە ئێستا چەندین ئاژەڵ بەهۆی بوونی کرمەوە لە پشکنین دەرنەچوون، بە رێژەی 20% بۆ 30% گەڕێندرانەوە: ”ئێمە پشکنین بۆ هەموو بەروبوومێکی کشتوکاڵی دەکەین، ئەوەی رێگەپێدراو بێت، تاقیگەیەکی تایبەت بە چاندنمان هەیە، پێش چەند رۆژێک ئالیکی بولبول هاتبوو، رێژەیەک مادەی بێهۆشکەری تێدابوو، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو مادەیە قەدەغە بوو، ئێستا رامانگرتووە و دەیگەڕێنینەوە، بۆیە لە پشکنینەکانمان گشت ئەوانە رەت دەکرێنەوە“.


بەشێک لە هاووڵاتییان گلەیی لە جگەرەکان دەکەن، بەوەی تووتن نییە و مادەی دیکەی تێدایە، لەوبارەوە بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیو ستاندارد و تاقیگەکانی، ئەوە روون دەکاتەوە، کە ئەوان تەنیا پشکنین بۆ رێژەی نیکۆتین، قەتران و رێژەی شێ، بەپێی ستانداردی جیهانی دەکەن، نایشارێتەوە زۆرجار مادەی دیکەی تێدایە و تووتن نییە، ئەوەش رەت کراوەتەوە: ”جگەرە هەیە لە کوردستان تووتن نییە، بەتایبەت ئەوانەی کە زۆر هەرزانن، بەڵام بە سنووری ئێمەدا نەهاتووەتە ناو بازاڕ، چونکە ئێمە سنوورمان بە ناوی لاوەکی هەیە، جگە لەوەش ئێستا تووتنی نێرگەلە، کە بە تاقیگەکانی ئێمەدا رەت نەبووە، بەڵام ئێمە پشکنینمان کردووە، پاشەڕۆی ئاژەڵی تێدابووە، بۆ ئەوەیە بۆنی بمێنێتەوە لای ئێمە زۆربەی زۆریان رەت کراوەتەوە“.


د. مۆفەق سلێمان، گلەیی ئەوە دەکات کە بەشی زۆر یاساکانی خاڵە گومرگییەکان لە حکوومەتی عێراقەوە دانراوە، بۆیە ئەوان ناتوانن پشکنین بۆ گشت کەلوپەلێک بکەن، بۆیە زۆر داوایان کردووە کە یاسای نوێ دابڕێژن و دەڵێت: ”دوای 16ی ئۆکتۆبەر، تەنسیقی نێوان کوالێتیی کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر لاواز بوو، بەڵام ئێستا زۆر باش بووە و سەردانیکردن لەلایەن هەردوو لاوە هەیە، تەنانەت شاندێکی فەرمیی حکوومەتی عێراق، بڕوانامەی ئایزۆیان بە ئێمە دا، کە ئێمە مافی ئەوەمان هەیە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار بکەین، لە تورکیا و لە بەغدا ئۆفیس بکەینەوە، گەشبینین، کە پەیوەندیمان بەرەو باشتر دەڕوات، بۆیە ئێمە پێشنیارمان کردووە، پشکنین بۆ زۆر کەلوپەل بکەین و یاسای نوێ دەربکەن، چونکە هەندێک کەلوپەل هەیە، دەبێت بکرێت و نابێت وا بڕوا“.


لەبارەی ئەو برنجانەی لە کوردستاندا هەن، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەندین گرتەی ڤیدیۆیی، گوایە ئەو برنجانە رووەکی نین و لە کارگەکان دروست دەکرێن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیو ستاندارد و تاقیگەکانی، لە خاڵە سنوورییەکانی ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران و فیشخابوور، ئەوە ئاشکرا دەکات، کە ئێستا خەریکن ئەو کارە دەکەن، رێنمایی وەردەگرن، چەندین برنجیش بەهۆی بوونی رێژەی شێ، کەڕوو و کۆنی رەت کراونەتەوە: ”بەداخەوە، بەهۆی نەبوونی یاساوە، ناتوانین پشکنینی DNAی بکەین، بۆیە ئەوە دەبێت لە ئاستی بەرز بۆمان بنێرن، ئێمەش ئەو توانایەمان هەیە و دەبێت بە یاسا بکەین، ئەگەرنا ئیمکانیەتمان هەیە و توانای ئەو پشکنینانەمان هەیە، ئەگەر پشکنینی DNAەی بکەین، بەشی زۆری کەلوپەلەکان گومانیان تێدا دروست دەبێت، ماوەیەک لەمەوبەر گۆشتێکی لەقوتوونراو، کە لە رێگەی ئێمەوە نەهاتبوو، لەناو بازاڕەکاندا هەبوو، پشکنیمان بۆی کرد، دەرچوو گۆشتی بەرازی تێکەڵ کرابوو، لای ئێمە دەستی بەسەردا گیرا و لایەنی پەیوەندیدار لێی ئاگادار کرایەوە، چونکە لای ئێمە نەهاتبوو، بۆیە ئەگەر یاساش بۆ ئەو پشکنینانە دەربچێت، ئەوا بازرگان خۆی دەترسێت و ناتوانێت شتێک بێنێت کە گومانی تێدابێت، لەگەڵ ئەوەش پلانماندا هەیە کە لە داهاتوودا بیکەین، خۆزگە لە رێگەی هەفتەنامەکەتانەوە پشتیوانیمان بۆ دروست دەبوو، چونکە توانامان هەیە زۆر پشکنین بکەین، پشتوانییش لە حکوومەتەوە دەست پێ دەکات، هەروەها یاساکانی بەغدا دەبێ دەستکاری بکرێن، چونکە زۆر کۆنن و بەردەوام بابەتی نوێ دێت کە لە مواسەفاتی عێراقیدا نییە، بۆیە ئێمە لەسەر لێکۆڵینەوەی جیهانی و توێژینەوەکان پشکنینیان بۆ دەکەین، لەوانەشە لێمان قبوڵ نەکەن، بەڵام ناچارین بیکەین، بۆ نموونە، لەم ماوەیەدا پەنیرێک هات، بەپێی یاسای عێراقی دەردەچوو، بەڵام بەپێی پشکنین دەرناچێت، بۆیە ئێمە بە بەڵگەی زانستی پشکنیمان کرد و هاوپێچمان کرد، ئەوە ئەرکی نیشتمانیی خۆمانە، تەنانەت چەند جۆر چاییمان پشکنیوە، کافاینی ستاندارد نییە و زۆر کەمە، هەندێکیان رووەکی زۆر ئاسایین نەک چا، ناتوانم ناوەکانتان پێ بدەم، ئێستا چای لیپتۆن باشترین چایە لای ئێمە، بەڵام سەفەرییەکەی کیسەکەی کلێپسی پێوەیە، ئەوە نەگونجاوە، ئەوە هەڵەیە کە تەنیا لە کوردستان و عێراق وایە، تەنانەت ئەو سفرە سەفەرییانەی لە ئێران دێن گرفتیان زۆرە، چونکە رەنگەکەی کیمیاییە و بەدەست لێ دەبێتەوە، ئەوە لەسەر جەستەی مرۆڤ زۆر ترسناکە و هۆکاری شێرپەنجەیە، بەداخەوە بەشێکی کەلوپەلی ئێرانی گرفتیان هەیە، وەک رۆنی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی دیکە، لە سنوورەکانی ئێرانەوە دێن“.


د. مۆفەق، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیو ستاندارد و تاقیگەکانی، باس لەوەش دەکات، کە لە ماوەی نزیکەی ساڵێک نزیکەی 240 هەزار تەن کەلوپەلیان دەست بەسەردا گرتووە و بەشێکیان لەناو بردووە، بەشێکی دیکەیان بۆ سەرچاوەکەی گەڕاندووەتەوە، دەشڵێت: ”ئەوە جگە لە ئۆتۆمبێل، مۆلیدە و کەلوپەلی کارەبای، چونکە بە تەن حسێب ناکرێت، بە دانەیە“.


کۆمپانیای نیو ستاندراد، لە 2016وە دامەزراوە، یەکەمین کۆمپانیای کوالێتیی کۆنتڕۆلە لە هەرێمی کوردستان، تاقیگەکەیان باوەڕپێکراوی حکوومەتە، بە گرێبەستی فەرمی گشت کەلوپەلەکانی لە رێگەی ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران و فیشخابوور، لە رێگەی تاقیگەکانیان پشکنین دەکرێت.


د. مۆفەق سلێمان، مامۆستای زانکۆی دهۆک بووە، ماستەر و دکتۆرای لە پشکنینی تاقیگە و فیسیۆلۆژی لە بەشی سامانی خۆراک، لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی دهۆک و زانکۆی مووسڵ بەدەست هێناوە.

 

ئەلبوومی وێنەکان