پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووك بڕیارى رووخاندنى 120 دوكان ده‌دات

زۆینه‌ى دوكانداره‌كان كوردن

15/03/2019 - 12:29 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووك، بڕیارى رووخاندنى 120 دوكانی كاسبكاران ده‌دات، به‌رپرسێكى حزبییش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ده‌سه‌ڵات ئێستا له‌ كه‌ركووك له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى تایبه‌تى خۆیان كار ده‌كه‌ن و بیر له‌ خه‌ڵك ناكه‌نه‌وه‌ و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ لایان خۆیان قازانج بكه‌ن.


له‌م باره‌یه‌وه‌، به‌رپرسێكى ئیداریى كه‌ركووك، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكه‌ین، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووك له‌ هه‌وڵه‌كانى دژ به‌ كورد له‌ شارى كه‌ركووك به‌رده‌وامه‌ و ئێستاش كار ده‌كرێت بۆ رووخاندنى 120 دوكانى كاسبكارانى كه‌ركووك، ته‌نیا مه‌به‌ست له‌و كرده‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زه‌ویى ئه‌و دوكانانه‌ له‌لایه‌ن پارێزگارى سه‌پێنراو و حه‌شدى شه‌عبی داگیر بكرێن، كه‌ شوێنێكى ستراتیژی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیكه‌نه‌ مۆڵ".


ئه‌و به‌رپرسه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئیداره‌ى ئێستای كه‌ركووك هیچ هه‌نگاوێك به‌بێ به‌رپرسانى حه‌شدى شه‌عبی نانێت، ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ رێك ده‌كه‌ون، به‌ نموونه‌ له‌سه‌ر ده‌كردنى ماڵه‌ كورده‌كان له‌ چه‌ندین شوێنی جیاجیای ناو شارى كه‌ركووك، كه‌ دیسان به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى كه‌ خانووه‌كانیان تاپۆی نییه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئیداره‌ى پێشووى كه‌ركووك نه‌ك هه‌ر هه‌وڵێكى له‌و شێوه‌یه‌ى نه‌داوه‌، بگره‌ خزمه‌تگوزاریى هاوشێوه‌ى گه‌ڕه‌كه‌كانى دیكه‌ى كه‌ركووكی ده‌گه‌یانده‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى كه‌ تاپۆیان نییه‌، به‌ڵكوو ته‌نیا كارت بووه‌، مه‌به‌ست له‌و كرده‌وانه‌ دیاره كه‌ زیاتر دەركردنى كورده‌ له‌ شاره‌كه‌.


یه‌كێك له‌ خاوه‌ن دوكانه‌كان، كه‌ بڕیاره‌ دوكانه‌كانیان بڕووخێنرێت، نه‌یویست ناوى بهێنین و بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، 120 دوكانى تایه‌فرۆشان، كه‌ دوكانه‌كانمان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر جاده‌یه‌كى سه‌ره‌كى له‌ سنوورى گه‌ڕه‌كى رێگاى به‌غداى شارى كه‌ركووك، ژماره‌یه‌ك چه‌كداریان هێنایه‌ سه‌رمان كه‌ ده‌بێت دوكانه‌كانمان چۆڵ بكه‌ین، ئێمە به‌ پاره‌ى خۆمان ئه‌و دوكانانه‌ دروست كراون و تاوه‌كوو ئێستا باس له‌وه‌ش ناكرێت، كه‌ ئه‌گه‌ر دوكانه‌كانمان بڕووخێنرێت قه‌ره‌بوو ده‌كرێینه‌وه‌ یاخود نا، ئه‌گه‌ر قه‌رەبووش بكرێنه‌وه‌، ئێمه‌ وه‌رى ناگرین و پێداگری له‌سه‌ر مانه‌وه‌مان له‌م شوێنه‌ى ئێستامان ده‌كه‌ین.


گوتیشی: ”ئێمه‌ پێنج ساڵ جارێك گرێبه‌سته‌كانمان نوێ ده‌كرێته‌وه‌ و گرێبه‌ستی ئه‌م جاره‌شمان تاوه‌كوو ساڵی 2021ه‌، كه‌ هێشتا ماوه‌كه‌ى ماوه‌ و كرێی دوكانه‌كانمان داوه‌، كه‌چی ئێستا ده‌بێ تاوه‌كوو كۆتایی مانگى سێی ئه‌مساڵ دوكانه‌كان چۆڵ بكه‌ین و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، پاشان شوێنی دوكانه‌كانى ئێمه‌ ده‌كرێته‌ مۆڵ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌ویش چه‌ند به‌رپرسێك ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ره‌كیترینیان راكان جبوورییه‌ و ئێستاش ڕه‌نگه‌ بیانه‌وێت شوێنێكى ترمان پێ بده‌ن بۆ كردنه‌وه‌ى دوكان، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ ره‌نگه‌ شوێنه‌كه‌ دوورەده‌ست بێت و زیانمان پێ بگات، له‌كاتێكدا ئه‌و 120 دوكانه‌ بژێویى ژیانی سه‌دان خێزان دابین ده‌كات“.


له‌م باره‌یه‌وه‌، مه‌ریوان جه‌لال، به‌رپرسی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنى لقی كه‌ركووكى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ویستراوه‌ شوێنی ئه‌و دوكانه‌ى تایه‌فرۆشان بده‌ن به‌ به‌ڵێنده‌رێك، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دوكانانه‌ لاببرێن و شوێنه‌كه‌ى وه‌به‌رهێنانى تێدا بكرێت، پاشان مۆڵی له‌سه‌ر دروست بكرێت. پێشتر یانه‌ى وه‌رزشیی سه‌وره‌ ویستى ئه‌و كاره‌ بكات و شوێنى دوكانه‌كان بكاته‌ پڕۆژه‌یه‌ك، به‌ڵام نه‌كرا".


له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى دوكانداره‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ شوێنه‌كه‌یان شوێنی ستراتیژییه‌ و ئه‌گه‌ر بچنه‌ شوێنی تر كاریان نامێنێت و ئیداره‌ى سه‌پێنراوى ئێستای پارێزگاكه‌ش ده‌یه‌وێت به‌زۆر دوكانه‌كانیان بڕووخێنێت، ئه‌و به‌رپرسه‌، گوتی: ”له‌ رووى ئینسانیشه‌وه‌ كارێكى خراپه‌ كه‌ ئه‌و دوكانانه‌ له‌و بارودۆخه‌ خراپه‌ى كه‌ركووك بڕووخێنرێن كه‌ ئێستا ئیداره‌یه‌كى ناشه‌رعی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و به‌شی زۆری دوكانداره‌كان كوردن و كارێكى گونجاو نییه‌، ده‌سه‌ڵات ئێستا له‌ كه‌ركووك ده‌بوو بیر له‌ پرۆژه‌ى تر بكه‌نه‌وه‌، كه‌چی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى تایبه‌تى خۆیان، بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ كه‌وا خه‌ڵك زیان ده‌كات، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ خۆیان قازانج بكه‌ن، ئێستا ره‌نگه‌ به‌ڵێنده‌رێك به‌ گرێبه‌ست ئه‌و شوێنه‌ى وه‌رگرتبێت و ئه‌و كاته‌ ئه‌و زه‌وییه‌ش پاره‌یه‌كى زۆر خه‌یاڵیی تێده‌چێت، كه‌ ده‌یانه‌وێت مۆڵی له‌سه‌ر دروست بكه‌ن و زه‌وییه‌كى زۆره‌، ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌كرێت بۆ كاركردن بۆ رووخاندنى ئه‌و دوكانانه‌ كارێكى ناشیاوه‌“.


له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی كه‌ركووكیان به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكار داگیر كرد و له‌و كاته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى دۆخى ئه‌منیى پارێزگاكه‌ ناله‌باره‌، پارێزگارى سه‌پێندراوى كه‌ركووك دواى رووخاندنى چه‌ندین شوێنى كاركردنى كاسبكاران، به‌نزینخانه‌ ئه‌هلییه‌كان له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان، كه‌ زۆرینه‌یان كوردن، ئێستاش كار بۆ رووخاندنى 120 دوكانى كاسبكارانی دیكه‌ ده‌كات.


هاوكات له‌ راگه‌یاندراوێكى بزووتنه‌وه‌ى مافی كورد له‌ كه‌ركووك، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌ و تێیدا هاتووه‌، به‌رده‌وامیى به‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌پێندراوی سه‌ربازى له‌ كه‌ركووك بۆ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌رپرسانی ئه‌و ده‌زگا ئه‌منییانه‌ سه‌ره‌وه‌ت و سامانى كه‌ركووك بۆ خۆیان ببه‌ن و ئه‌و هێزانه‌ی، كه‌ له‌ كه‌ركووكن هێزێك نین بتوانن ئازایانه‌ رووبه‌ڕووى داعش ببنه‌وه‌، به‌ڵكوو به‌رژه‌وه‌ندیخوازن.


راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سه‌پێندراوی سه‌ربازى له‌ كه‌ركووك به‌رده‌وام بوون له‌ كرده‌وه‌كانیان و فشاره‌كانیان له‌سه‌ر خه‌ڵك له‌ كه‌ركووك زیاتر بكه‌ن، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی توڕه‌یى جه‌ماوه‌ر، ئه‌وكاته‌ش چاره‌نووسیان خراپ ده‌بێت و داوا ده‌كه‌ین، كه‌ ئیتر یارى به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵكه‌وه‌ نه‌كه‌ن و ئیستغلالی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و تائیفی نه‌كه‌ن، چونكه‌ شاره‌كه‌ شارى پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ى نێوان پێكهاته‌كانه‌.