کابینەی داهاتوو چی بۆ کەرتی وزە و نەوت بکات؟

رێکخراوێکی نەوت: زۆر گرنگە کابینەی نوێی حکوومەت کار بۆ نەهێشتنی ڕێگرییە یاساییەکانی بەردەم پرسی نەوت بکات

15/03/2019 - 09:29 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

کەرتی نەوت و وزە، یەکێکە لە کەرتە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و بە چەندین هەوراز و نشێوی ئابووری و سیاسیدا تێپەڕیوە. سەرباری لایەنە باش و گرنگەکانی، بەڵام بەرپرسان و چاودێرانی ئەم کەرتە خوزاری ئەوەن، نەوت و ئیدارەدانی وزە لە کوردستان بە شێوازێکی باشتر بچێتە پێشەوە و کێشە و ئاستەنگەکانی هەڵبگیرێن.


بیلال سەعید، رۆژنامەنووس و ئاگادار لە کەرتی وزە بە (باس)ی راگەیاند، نەوتی کوردستان لەدوای ساڵی 2014ەوە ڕووبەڕووی چەندین فشار بووەتەوە، گوتی: "مەترسیی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و پاشەکشەی بەشێک لە کۆمپانیاکان و زۆربوونی قەرزی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و عێراق لەسەر پرسی نەوت و دارایی، ئەوانە هەموو فشار بوون".


ئەو روونی کردەوە، بەڵام ئێستا کوردستان لە قۆناغێکی نوێیدایە: "نرخی نەوت زیاد بووە، گەڕانەوەی کۆمپانیا جیهانییەکان دەستی پێ کردووە، رۆژ بە رۆژ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان لە زیادبووندایە، هەروەها هەوڵەکانی ئاساییبوونەوەی پێوەندیی نێوان کوردستان و عێراق هەستی پێ دەکرێ، واتە چاوەڕوانی گەشەسەندن لە کەرتی نەوتی کوردستاندا دەکرێت".


ئەو پێی وایە، کەرتی نەوتی کوردستان لە چەند بوارێکدا پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە، بۆ ئەوەش ئەرکی حکوومەتی تازەی هەرێمی کوردستانە، ئەو ئەرکە بگرێـتە ئەستۆ، دەشڵێت: "لەبەرئەوەی هێشتا ئەم کەرتە بەدامەزراوەیی نەکراوە و کۆمپانیا ئاماژە پێکراوەکان لە یاسای نەوت و گاز دروست نەکراون، هەروەها سندووقی داهاتە نەوتییەکان دروست نەکراوە، جگە لەوەی گومان لە شەفافیەتی نەوتی کوردستاندا هەیە، بۆیە پێویستە بۆ باشترکردن و کاراکردنی ئەم سێکتەرە، نەوتی کوردستان شەفافیەتی زیاتری تێدا بەرجەستە بکرێت و کۆمپانیا تایبەتمەندەکان دروست بکرێن".


وریا هەورامی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لە پرسی نەوت و وزەدا، دەبێ کابینەی تازە هەنگاوی گەورە بهاوێت، گوتی: "بەشێک لە سەرکەوتنی کابینەکە پەیوەستە بەم دۆسێیەوە، چارەی ئەم پرسە لە کوردستان پەیوەستە بە دڵنیایی و زەمینەخۆشکردن بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان، تا ئاستی بەرهەم بەرز بکەنەوە و هەناردە زیاد بکرێت، لەگەڵیدا دامەزراوە یاسایی و داراییەکانی نەوت دروست بکرین".


دەشڵێت: "زۆر گرنگە تیمەکەی کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر بەوردی کار لەسەر ئەوە بکەن، ڕێگرییە یاساییەکان لەبەردەم پرسی نەوتدا نەهێڵن، ئەویش بەوە دەبێت، ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لەگەڵ عێراق واژوو بکرێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە، بە هەردوو حکوومەتی هەولێر و بەغدا، بتوانن پێکەوە یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنن، ئەم کەرتە بەشێوەی لامەرکەزی بەڕێوە ببرێت و ماف بە هەرێم بدرێت کە خۆی مامەڵە بە نەوت و غازی سروشتیی خۆیەوە بکات، ئەمەش ڕێگەچارە گرنگەکەیە، کە کەرتی نەوتی هەرێم ڕزگار دەکات".


ئەو باس لەوە دەکات، کە کابینەی پێشوو گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای دیلیۆیت بۆ وردبینی کردووە و ئەو کابینەیەش دەبێت لەو رێگایە بەردەوام بێت، گوتیشی: "ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت دەرگایەکی گەوەریان بە ڕووی شەفافیەت کردەوە، دەتوانین بڵێین، ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت دروستترین و وردترین ڕاپۆرتن تا ئێستا حکوومەت لەبارەی کەرتی نەوتەوە بڵاوی کردوونەتەوە، هەنگاوێکی باشە سکرتاریەتی ئەنجومەنی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری نەوت و غازی ناویەتی و توانیی ڕێگە بۆ ڕێکخراوەکانی وەکوو ئێمە بکاتەوە، تا ڕاستەوخۆ دانیشتن لەگەڵ دیلۆیت بکەن و پرسیاریان ئاڕاستە بکەن، هیوادارین ئەم دەرگایەش بۆ پەرلەمانی نوێ بکرێتەوە“.


هەورامی، جەخت دەکاتەوە، کەرتی نەوت لە هەندێک بوار دوور بخرێتەوە، دەشڵێت: "لە هەموو جیهاندا دەوڵەتان مامەڵکردن بە نەوتیان بەستووەتەوە بە سیاسەتەوە، ئەمە شتێکی سروشتییە، چونکە نەوت بەرهەمێکی ستراتیژییە وەکوو کارتی سیاسیی بەهێز بەکار دێت، بەڵام وڵاتە سەرکەوتووەکان ئەوانەن کە کەرتی نەوت لە ئاستی نیشتمانی بەکار دێنن، واتە وەکوو کارتێکی سیاسی بۆ خزمەت و خۆشگوزەرانیی میللەتەکەیان بەکاری دێنن، گەشبینم کە بەڕێز کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی کابینەی نوێی حکوومەت ئەم کارە بکات، بازرگانە سیاسییەکان دوور بخاتەوە لە کەرتی نەوت، ئەوەش بە قازانجی کابینەکە و میللەتەکەمان دەبێت، چونکە پێشتر سەدان ملیۆن دۆلارمان چووەتە گیرفانی دەڵاڵەکانی نەوتەوە، بە جۆرێک لە هەر بەرمیلێک نەوت 10 دۆلارمان لەدەست چووە، هیودارم کابینەی نوێ سوود لەو هەڵانە وەربگرێت و با نەوت وەکوو کاڵایەکی سیاسی تەماشا بکات، نەک بیخاتە ژێر چنگی بازرگانە سیاسییەکانەوە“.


تارا شوان، بەرپرسی ئینیستیوتی ئابووریی ئەمەریکی- کوردی بە (باس)ی راگەیاند، پێویستە کابینەی نوێ بۆ پرسی نەوت و گاز چەند خاڵێک پەیڕەو بکات، گوتی: "دروستکردنی کۆمپانیای تایبەت بۆ سەرپەرشتی و هەناردەکردنی نەوت بە سیستمێکی پێشکەوتووی جیهانی دابمەزرێنێت، هەوڵ بدات قەرزەکان بدرێنەوە و رێککەوتنی درێژخایەن و ستراتیژ لەگەڵ و ئەوروپا و وڵاتانی جیهانی دروست و بکات، هەروەها پرۆسەی سەربەخۆیی ئابووری بەوردی پەرە پێ بدات".


روونیشی کردەوە: "پێویستە حکوومەتی کوردستان پاڵاوتگەی نەوت و کارگەی پەترۆکیمیاوی دروست بکات، واتە پیشەسازیی نەوت دروست بکات، بۆ ئەوەی نەوتی هەرێم لەناوخۆی هەرێمی کوردستان ساغ بێتەوە، بەم کارەش هەلی کار بۆ هەزاران کەس دەڕەخسێت و پێویستیمان بە هیچ وڵاتێک نابێت نەوتی لێوە هەناردە بکەین، چونکە ئەتوانین لە ڕێگەی بەرهەمەکانی نەوتەوە دووبەرامبەر پارە بەدەست بێنین".