سەرکردەیەکی سوننە: سەردانەكەی سەرۆك بارزانی هەنگاوێكی زۆر باش بوو بۆ پەسندكردنی بودجەی كوردستان

"لە بەغدا هەزار حیساب بۆ سەرۆك بارزانی دەكرێت، چونكە پێگەیەكی تایبەتی هەیە لە عێراق و ناوچەكە"

13/03/2019 - 16:07 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

رەعد دەهلكی، پەرلەمانتار و سەركردەی سوننە لە (هاوپەیمانیی وەتەنییە) لە پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا چەندین پرسی پەیوەست بە عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەخاتە ڕوو.


سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا، بەشێك لە كێشەكان چارەسەر كراون، گوتی: "ئێمە پشتیوانی لە پەیوەندییە تازەكانی هەولێر و بەغدا دەكەین، چونكە تواندراوە بەشێك لە كێشە و ساردییەكان چارەسەر بكرێت، ئێستاش نزیكبوونەوەیەكی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندیدا هەیە، بۆ ئەوەی كێشەكانی رابردوو چارەسەر بكرێن“.


ئەو پێی وایە، سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا هۆكار بووە بۆ نزیكبوونەوە هەولێر و بەغدا و كرانەوەی دەرگا داخراوەكان، گوتی: "سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا هەنگاوێكی زۆر باش بوو بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند، پەسندكردنی بەشە بودجەی خەڵكی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی راستەوخۆی بەو سەردانەی بازرانی هەبوو بۆ بەغدا، چارەسەركردنی كێشەكانی تریشی ئاسانتر كردووە".


ئەو سەركردەیەی سوننە جەخت دەكاتەوە: "بارزانی ئەزموونێكی سیاسیی گەورەی هەیە، ئەو رەمزێكی سیاسیی گەورەیە، بۆیە بوونی ئەو بە حیكمەت و سەركردایەتیی خۆی وای كرد، كێشەكان چارەسەر بكرێن و دووبارە پەیوەندییەكان دروست بكرێنەوە، توانی بنەمای سیاسەتێكی دوورمەودا و ستراتیژی دابنێت".


زیاتر گوتیشی: "ئێستاش لە بەغدا هەزار حیساب بۆ سەرۆك بارزانی دەكرێت، چونكە ئەو پێگەیەكی تایبەتی هەیە لە عێراق و ناوچەكە و ئەزموونێكی زۆری هەیە و ئەو ئەزموونە سیاسییە وا دەكات رۆڵێكی گەورەی هەبێت".


رەعد دەهلكی، باس لە دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان و ناوچە كوردستانیەكان دەكات و باوەڕی وایە، كێشەی ئەو ناوچانەش چارەسەر دەبێت، گوتیشی: "هەموو كێشەیەك چارەسەری هەیە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كەشوهەوایەكی باش هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كێشەی ناوچە كێشە لەسەرەكان ئەوەیە، جیاوازیی بۆچوونی لەسەر هەیە، بەڵام دەكرێت بە دانیشتن و گفتوگۆ ئەو كێشەیە بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێت".


ئەو سەركردەیەی سوننە جەخت دەكاتەوە: "بە هەبوونی هێزی حەشدی شەعبی و سەپاندنی هێز، كێشەی ناوچە كێشە لەسەرەكان چارەسەر نابێت، بەڵكوو ئەو بارودۆخە باشە سیاسییەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بەوە چارەسەر دەبێت، لە دەستوور ئەو ناوچانە بە ناوچەی كێشە لەسەر دیاری كراون، بۆیە دەبێ بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێن".


دەهلكی، لەگەڵ ئەوەیە پێشمەرگە و سوپای عێراق دۆسێی ئەمنیی ناوچەكان پێكەوە بەڕێوە ببەن، گوتیشی: "نزیكبوونەوەی ئەمنی هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا، بۆیە دەكرێت پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكانی تر لە ناوچە كێشە لەسەرەكان و ئەو ناوچانەی كە جموجۆڵی داعشیان تێدایە، پێكەوە هەماهەنگی بكەن، بۆ ئەوەی هەموو لایەك لە ئاسایش و ئارامیدا بژین".


ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی دەكاتەوە، دەبێ گفتوگۆكان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی ماددەی 140 خێراتر بكرێن، گوتیشی: "ترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق هەیە و شانەی نووستووی داعش هەیە، ئێستاش داعش لە رووی چەكدار و فكرەوە هەر ماوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەك كار بۆ لەناوبردنی بكەین".


زیاتر گوتیشی: "ساڵی رابردوو عەبادی كۆتاییهێنانی داعشی لە عێراق راگەیاند، بەڵام داعش جموجۆڵیان ماوە و شانەی نووستوویان هەیە، بۆیە لەناوبردنی داعش پێویستی بە هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش و هەواڵگریی هاوبەشەوە هەیە".


رەعد دەهلكی نایشارێتەوە، ترسی ئەوە هەیە، بەهۆی پێكدادانی ئەمەریكا و ئێران، خەڵكی عێراق زیانیان بەر بكەوێت، دەشڵێت: "دەبێ هەموو وڵاتان ئاگاداری سەربەخۆیی عێراق بن، هەروەها دەبێ عێراق نەبێتە لایەنگیری لایەك دژی لایەكی تر، نابێت عێراق ببێتە بەشێك لە ململانێی ئێران و ئەمریكا و باجی ئەو ململانێیە بدات، ئێران دەمێكە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا دەكات و بەڵگەی زۆریش بۆ ئەوە هەیە، بۆیە دەبێت حكوومەتی عێراق رێگری لەو دەستێوەردانان بكات".


گوتیشی: "ئومێدی ئەوە بە عادل عەبدولمەهدی هەیە، كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات، دەبێ ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵبگرێت، بەتایبەت عێراق تازە لە شەڕی داعش دەرچووە، ئێستاش یەک ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە هەیە، داوام لە عەبدولمەهدی كردووە، پلانێك دابنێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان".


دەهلكی، جەخت دەكاتەوە: "بەرەنگابوونەوەی دژ بە گەندەڵی لە ئاستی پێویستدا نییە، دەبێ شەڕی گەندەڵكاران دەست پێ بكرێت، چونكە مەترسییەكانی گەندەڵی هیچ كەمتر نییە لە شەڕی داعش، هەبوونی چەك لەدەرەوەی دەوڵەت و هەبوونی میلیشیاكان و مافیاكان وای كردووە، گەندەڵی زیاتر بڵاو بێتەوە، بۆیە دەبێ رێگری لە میلیشیا و مافیاكان بكرێت".

ئەلبوومی وێنەکان