ئەمەریکا دەیەوێ دۆسێی رۆژئاوای کوردستان یەکلا بکاتەوە

لەشکرێک لە ھەموو پێکھاتەکان دروست دەکات

13/03/2019 - 15:27 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


(باس) هێمن ساڵح

ئەمەریکا دەیەوێ دۆسێی رۆژئاوای کوردستان لە سووریا، کە لەژێر هەڕەشەی هێرشی تورکیا و رژێمی بەشار ئەسەددایە، یەکلا بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی باڵای ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بە بەشداریی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS)، بانگهێشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات، ئەندامێکی ئەنجومەنەکەش ئاشکرای دەکات، بیرۆکەی پێکهێنانی هێزێک بۆ رۆژئاوای کوردستان لە هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە پێشنیاز کراوە و (پێشمەرگەی لەشکری رۆژ) هێزێکی سەرەکی دەبێت تیایدا.

لەلایەکی دیکەشەوە، پارتی یەکێتیی دیموکراتی، کە پێشتر دانوستانی ناڕاستەوخۆ و راستەوخۆی لەگەڵ رژێمی ئێستای سووریا بەشار ئەسەددا هەبووە، بێ هیوا بووە لە رێککەوتن لەگەڵیدا و هاوکات رووسیا و ئیسرائیلیش بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی سووریا، گەیشتوونەتە رێککەوتن و لیژنەیەکیان بۆ ئەو پرسە پێکهێناوە.

لەمبارەویەە بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بۆ میدیا جیهانییەکان رای گه‌یاندووە، لەگەڵ سه‌رۆكی رووسیا له‌سه‌ر ئامانجێكی هاوبه‌ش رێك كه‌وتوون، كه‌ بریتییه‌ له‌ كشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌ بیانییه‌كان، كه‌ له‌دوای جه‌نگی ناوخۆی سووریاوه‌ هاتوونه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر لیژنه‌یه‌كیش رێك كه‌وتووین بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌.

لای خۆشیانەوە، ساڵح موسلیم، سەرۆکی پێشووی پەیەدە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردووە: “دانوستانەکانیان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد، ئەوەی هەبووە یەکلایی نەبووەتەوە و خۆیان ویستوویانە گفتوگۆ لەگەڵ بەشار ئەسەددا بکەن، بەڵام تاکوو ئێستا ئەم دانوستانانە هیچ ئەنجامێکی شایانی باسیان لێ نەکەوتووەتەوە”.

بەڵام، جدعان عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەمەریکا بەر لە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە سووریا، دەیەوێ دۆسێی رۆژئاوای کوردستان یەکلا بکاتەوە، کە ئێستا لەژێر چاوتێبڕینی تورکیا و رژێمی سووریادایە، گوتیشی: “ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد،نووری بریمۆ، لەگەڵ شاندێکی باڵای ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ماوەی چەند رۆژێکە رۆیشتووەتە ئەمەریکا و وا بڕیارە لەسەر چەند پرسێکی گرنگ پەیوەست بە سووریا و رۆژئاوای کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتەدا بکەن”.

ئاماژەی بەوەش دا، پرسی گفتوگۆکان بریتین لە ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا و رووداوەکانی دوای کشانەوە و پێکهێنانی ناوچەی ئارام و چەندین پرسی دیکەی گرێدراو بە سووریا، گوتیشی: “ئەمەریکا لە ھەوڵدایە و پێشنیاز هەیە ھەموو پێکھاتەکان لە پاراستنی ڕۆژھەڵاتی فوراتدا بەشداری بکەن و لەشکرێک لە ھەموو پێکھاتەکان دروست بکرێت و ھەمووان ڕۆڵیان تێیدا ھەبێت و تەنیا پەیەدە و رژێمی سووریا لەو ناوچەیە نەبن”.

جەختیشی کردەوە، پێشمەرگەی لەشکری ڕۆژ، کە هێزێکی راهێنراوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە و لە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە پێکهاتوون و بەئەزموونن، بەشێکی گرنگ دەبن لە پێکهاتەی ئەو هێزەی، کە وا بڕیارە بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان پێکبهێنرێت، گوتی: “پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە گۆڕانکاری بەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستاندا بێت و ئێمەش وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانمان بە گۆڕینی گۆڕانکارییەکان بە قازانجی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، دەست پێ کردووە و هێزێکی گەورەی وەکوو لەشکری رۆژیش بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەیە”.