وەزارەتی دەرەوەی عێراق كێشە بۆ دەرچووانی چەند زانكۆیەكی كوردستان دروست دەكا

وەزارەتی دەرەوەی عێراق كێشە بۆ دەرچووانی چەند زانكۆیەكی كوردستان دروست دەكا

13/03/2019 - 14:58 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەهۆی پەسندنەكردنی بڕوانامەكانیان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق كێشە بۆ ئەو كەسانە دروست دەكات كە زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییەكانیان لە كوردستان تەواو كردووە. بەرپرسێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقیش كێشەكە دەخاتە ئەستۆی وەزیری خوێندنی باڵای كوردستان.


سەرچاوەیەك ئەوەی بۆ (باس) ئاشكرا كرد، ئەوانەی لە زانكۆ ئەهلییەكانی كوردستان بڕوانامەیان بەدەست هێناوە، عێراق رێگە نادات لە زانكۆكانی دەرەوە بخوێنن.


سەرچاوەكە گوتی: "هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەو بڕوانامانە پەسند ناكات، چونكە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق پەسندی ناكات، بەمەش كێشە بۆ زۆر لە قوتابییان دروست بووە".


سەلام خۆشناو، بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ (باس) ئەوەی دووپات كردەوە، حكوومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە دان بە بڕوانامەی زانكۆ ئەهلییەكاندا نانێن، گوتی: "بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، یاداشتێكی لە یەكگەیشتن لەنێوان خوێندنی باڵای عێراق و هەرێم واژۆ كرا، بۆ ئەوەی بەغدا دان بە هەموو زانكۆ ئەهلی و حكوومییەكانی كوردستاندا بنێت و هەرێمیش دان بە زانكۆ ئەهلییەكانی عێراقدا بنێت، كە پێكهاتوون لە زانكۆی قەڵەم و حەدبا و كیتاب و نوور، وەزیری خوێندنی باڵای كوردستانیش ئیمزای كرد، دان بەو 4 زانكۆ ئەهلییەدا دەنێت، بەڵام ئێستا پاشگەز بووەتەوە، بۆیە وەزیری خوێندنی باڵای عێراقیش بابەتەكەی راگرتووە و دەڵێت تا ئەوان دانپێدانان نەكەن ئێمەش نایكەین".


ئەو پێی وایە، لەگەڵ هاتنی كابینەی تازە كێشەكە چارەسەر دەبێت: "ئەگەری زۆرە كێشەكە چارەسەر بێت، چونكە ئەوەی هەیە لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا نییە".


14 زانكۆی ئەهلی لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان پێ دراوە.


بەڵام د.جوان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان، بە (باس)ی راگەیاند، ئەوان پاشگەز نەبوونەتەوە لە دانپێدانانی زانكۆ ئەهلییەكانی عێراق، گوتی: "وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر ئەوە كردووە كە دان بە زانكۆ ئەهلییەكانی عێراق بندرێت، ئیمزای لەسەر ئەو رێكکەوتنە كردووە كە ساڵی رابردوو كراوە و بۆ خوێندنی باڵای عێراقیش رەوانە كراوە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین".


ئەو رەتی دەكاتەوە، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان رێگر بێت، لەو بابەتە، گوتیشی: "ئەگەر وەزیری خوێندنی باڵا مەبەستی نەبوایە واژۆی نەدەكرد، پێویستە عێراق جێبەجێی بكات".


ئەو ئاشكراشی كرد، ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی زانكۆ ئەهلییەكانی كوردستانن، لە لایەن خوێندنی باڵای عێراق و وەزارەتی دەرەوەی عێراق كێشەیان بۆ دروست دەكرێت.