حه‌شدى شه‌عبی نه‌وتى نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك ده‌دزێت

په‌رله‌مانتارێك: حه‌شدى شه‌عبی رۆژانه‌ 100 تانكه‌رى نه‌وت له‌ کێڵگه‌ى نه‌وتى گه‌یاره‌ ده‌دزن

09/03/2019 - 13:38 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی، نه‌وتى کێڵگه‌كانى پارێزگاكانى نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك ده‌دزن. په‌رله‌مانتارێكیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، دزینى نه‌وت له‌ سنوورى پارێزگاكانى نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك بەردەوامە‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، ناسر هه‌ركى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "دزینى نه‌وت له‌ سنوورى پارێزگاكانى نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك هه‌یه‌، له‌ پارێزگاى نه‌ینه‌وا له‌ بیره‌ نه‌وته‌كانى گه‌یاره‌ نه‌وت ده‌دزرێ و له‌وێ مه‌فره‌زه‌یه‌ك هه‌یه‌ و ئه‌وان مامه‌ڵه‌ به‌ نه‌وته‌کەوه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ حكوومه‌ته‌وه‌ نییه‌، بەڵکوو كه‌سێك سه‌رپه‌رشتیی ئه‌و تاقمه‌ چه‌كداره‌ى سه‌ر به‌ میلیشیاكان ده‌كات، به‌ ناوى (ئه‌بو روقییه‌)، به‌پێی به‌داواداچوونێكى خۆمان له‌ مووسڵ ده‌ركه‌وتووه له‌ رێگه‌ى ئه‌و تاقمه‌ى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبییەوە نه‌وته‌كه‌ ده‌برێ".


سه‌باره‌ت به‌ دزینى نه‌وتى كه‌ركووكیش له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، گوتی: ”یه‌كێك له‌ رێككه‌وتنه‌كان له‌گه‌ڵ گرووپێكى كوردی خیانەتکاردا كه‌ كه‌ركووكیان راده‌ستی حه‌شد كرد، بابه‌تى بردنى نه‌وتى كه‌ركووك و پێكه‌وه‌ كاركردنیان بووە به‌شێوه‌ى نایاسایی، به‌ڵام ئێستا نه‌وته‌كه‌ چۆن ده‌ڕوات و چۆن ده‌برێت، ورده‌كاریم لا نییه‌، به‌ڵام حه‌تمه‌ن نه‌وت رۆڵێكى كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر رووی دا و به‌هۆیه‌وه‌ دۆخى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ئاڵۆز بوو“.


هاوكات، نه‌جات حه‌سه‌ن، ئه‌ندامى كوتله‌ى توركمانى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئێستا كۆمپانیای نه‌وتى باكوور له‌ كه‌ركووك به‌ دوو شێوه‌ به‌رهه‌م دەهێنرێت، له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى باكوورى پارێزگاكه‌ نه‌وته‌كه‌ى له‌ رێگاى بۆڕیه‌وه‌ ده‌ڕوات بۆ توركیا و له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى باشوورى پارێزگاكه‌ش ده‌ڕوات بۆ پاڵاوتگه‌كان".


ڕِاشی گه‌یاند: "ئێستا ئاگادار نییم، كه‌ نه‌وتى كه‌ركووك ده‌ڕوات بۆ ئێران یاخود نا، به‌ڵام ماوه‌یه‌ك به‌ ئاشكرا ده‌ڕۆیی، به‌ڵام نه‌وته‌كه‌ بۆ سنوورى سلێمانى و پاڵاوتگه‌ى بازیان ده‌برێت".


پێوه‌ند به‌م باسه‌، موزاحم حوێت، گوته‌بێژى سه‌رۆك هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كان، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی، له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى مووسڵ نه‌وتى شاره‌كه‌ ده‌دزن و ئه‌و كرده‌وه‌یه‌وه‌یان ماوه‌یه‌كى زۆرە ده‌ست پێ كردووه".


گوتیشی: ”میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ گرووپێكى مافیای كوردی دیار، نه‌وتى كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر ده‌دزن و به‌ره‌و ئێرانی دەبەن، هه‌روه‌ها حه‌شدى شه‌عبی له‌ چه‌ندین شوێنی دیكه‌ى كه‌ركووكه‌وه‌ نه‌وت ده‌دزن و ده‌یفرۆشنه‌ پاڵاوتگه‌ ئه‌هلییه‌كان، ئه‌وه‌ش دزییه‌كى ئاشكرایه‌، كه‌ له‌ سامانى ئه‌م وڵاته‌دا ده‌كرێت“.


هه‌روه‌ها، ئه‌حمه‌د جبوورى، نوێنه‌رى پارێزگاى نه‌ینه‌وا له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ توویتێكدا له‌ (تویته‌ر)، ڕای گه‌یاندووه‌، لایه‌نێكی چه‌كدار، كه‌ لەسه‌ر حه‌شدى شه‌عبی حیساب ده‌كرێن، رۆژانه‌ 100 تانكه‌رى نه‌وت له‌ کێڵگه‌ى نه‌وتى گه‌یاره‌ له‌ سنوورى پارێزگاى نه‌ینه‌وا ده‌دزن.


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ئاشكراى كردووه‌، كه‌ کێڵگه‌ى نه‌وتى گه‌یاره‌ له‌ 72 بیرى نه‌وت پێكهاتووه‌، پێشتر داعش داهاتى ئه‌و نه‌وته‌ى له‌ هه‌ژمارێكى تایبه‌ت به‌ خۆی وه‌رده‌گرت و ئێستاش له‌ كاتى رزگاركردنى مووسڵ له‌ ده‌ستى داعش و تا ئێستا، حكوومه‌ت ده‌زانێت كه‌ لایه‌نیكى چه‌كدار، كه‌ لەسه‌ر حه‌شدى شه‌عبی هه‌ژمار ده‌كرێ، رۆژانه‌ 100 تانكه‌ر نه‌وت له‌و کێڵگه‌ نه‌وتییه‌وه‌ ده‌دزن، كه‌چی حكوومه‌ت بێ ده‌نگه‌.


له‌و چوارچێوه‌دا، حه‌سه‌ن عه‌له‌و، په‌رله‌مانتارى عێراق له‌ ئه‌كاونتى خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیى فه‌یسبووك، ڕای گه‌یاندووه‌: ”به‌رپرسی ئیدارى له‌ مووسڵ هه‌یه‌، كه‌ ئاسانكاریى ده‌كا بۆ دزینى نه‌وتى کێڵگه‌ى گه‌یاره‌ و رۆژانه‌ 70 بۆ 100 تانكه‌ر نه‌وت له‌و کێڵگه‌یه‌وه‌ ده‌دزرێت و ده‌برێته‌ ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێكان و به‌ ئاگاداریى ده‌زگا ئه‌منیی و ئیدارییه‌كانى نه‌ینه‌واوه‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ ده‌كرێت".


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ى دزینى نه‌وته‌، له‌ چوارچێوه‌ى لێژنه‌ى ده‌رخستنى راستییه‌كانى نه‌ینه‌وا ئاشكرا كراو‌.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس) كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ كه‌ركووك وه‌ری گرتووه‌، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی له‌ کێڵگه‌ى نه‌وتى جه‌مبوور له‌ باشوورى پارێزگاى كه‌ركووك، بۆڕییه‌كى دیكه‌ى نه‌وتیان كون كردووه‌ و رۆژانه‌ له‌و بۆڕییه‌وه‌ تانكه‌رى نه‌وتى لێ پڕ ده‌كه‌ن و پاشان نه‌وته‌كه‌ له‌ بازاڕى ره‌شدا ده‌فرۆشن.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، رۆژانه‌ تانكه‌رى نه‌وت له‌ سنوورى ناوچه‌ى كه‌یوانه‌وه‌، له‌ باكوورى رۆژئاواى شاره‌كه‌ پڕ ده‌كرێت و به‌ره‌و سنوورى سلێمانى ده‌برێت و له‌وێشه‌وه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌برێت بۆ ئێران.


جێی وەبیرهینانەوەیە کە پێش 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نه‌وتى هه‌ردوو كێڵگه‌كانى هاڤانا و بای حه‌سه‌ن له‌ رێگاى نه‌وتبه‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى ده‌رەوه‌ ده‌كرد و له‌به‌رامبه‌ردا حكوومه‌تى هه‌رێم، مانگانه‌ بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وه‌ك بودجه‌ى پترۆ دۆلاری شاره‌كه‌ ده‌نارد بۆ كه‌ركووك.


ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا، هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان رێك كه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ به‌شێك له‌ نه‌وتى كه‌ركووك له‌ رێگاى بۆڕیی نه‌وتبه‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت و تاوه‌كوو ئێستا رۆژانه‌ كه‌متر له‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركووك به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی گوته‌ى به‌رپرسان، به‌قاچاخبردنى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ئێران به‌رده‌وامه‌.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، جوان حه‌سه‌ن، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، پێشتر بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "دزین و بردنى نه‌وتى كه‌ركووك هه‌یه‌ و ئه‌و دزییه‌ش پێشتریش هه‌ر هه‌بووه‌ و هه‌ر لایه‌نێك له‌ شاره‌كه‌ باڵاده‌ست بووبێ، ئه‌وا ده‌ستی به ‌دزینى نه‌وتى شاره‌كه‌ كردووه‌، ئێستاش له‌ كه‌ركووك گرووپه‌ میلیشیاكانى لێییه‌ و ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتدارن و نه‌وته‌كه‌ى كه‌ركووك ده‌دزرێت و له‌وه‌شدا زیانمه‌ندى سه‌ره‌كی، خه‌ڵكى پارێزگاى كه‌ركووكن".


جوان حه‌سه‌ن، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كاتێك باسی دزینى نه‌وت له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى كه‌ركووك بكه‌یت، ئه‌وان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ لێكۆڵیینه‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و رێگه‌ ناده‌ن نه‌وتى كه‌ركووك بدزرێت، به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ به‌دواداچوونه‌كانیان لاوازه‌ و له‌ ئاستی پێویستدا نییه‌ بۆ بنه‌بڕكردنى ئه‌و دیارده‌یه‌، له‌ كه‌ركووك و هه‌موو عێراقدا ئه‌گه‌ر كه‌سانى به‌رپرس له‌گه‌ڵ مافیاكاندا هاوبه‌ش نه‌بن، ئه‌وا مافیاكان ناتوانن به‌تایبه‌ت له‌ دزینى نه‌وتدا كه‌ كارێكى هه‌ستیاره‌، ئه‌نجام بده‌ن.