لە کەرکووک فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ به‌رپرسێكى دیكه‌ى كورد ده‌ركرا

پرۆسه‌ى ته‌عریب و لادانانی به‌رپرسانی كورد له‌ پۆسته‌كانیان به‌رده‌وامه‌

28/02/2019 - 16:21 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

پرۆسه‌ى ته‌عریب و لادانانی به‌رپرسانی كورد له‌ پۆسته‌كانیان له‌ كه‌ركووك به‌رده‌وامه‌، به‌رپرسێكی حزبییش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ كه‌ركووك حوكم ده‌كات، ده‌یه‌وێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك كورد لاواز بێت و هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكی كوردیش مابێت له‌ پۆسته‌كه‌ى ده‌سه‌ڵاتی نییه‌، هه‌روه‌ها به‌رپرسێكی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "هه‌ر گۆڕانكارییه‌كى ئیدارى بكرێت، ئێستا به‌ قازانجی ئێمه‌ نییه‌“.


به‌پێی نووسراوێكى دادگای كه‌ركووك، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌ و تێدا فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ كاوه‌ ره‌شید كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركووك كه‌ كورده‌ ده‌ركراوه‌، جۆرى تاوانه‌كه‌ به‌پێی نووسراوه‌كه‌ى دادگا به‌ ماده‌ى 421ی یاسای سزادانى عێراقی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ى بۆ ده‌رچووه‌.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، ماوه‌یه‌كه‌ فشارێكى زۆر ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌و چه‌ند به‌رپرسه‌ كورده‌ى، كه‌ تاوه‌كوو ئێستا له‌ پۆسته‌كانیان له‌ كه‌ركووك ماونه‌ته‌وه‌ و له‌نێویاندا به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌وانیى كه‌ركووك، هه‌روه‌ها دواجار به‌ڕێوه‌به‌رى وه‌رزش و لاوانى كه‌ركووك بوو، كه‌ كورد بوو و چه‌ندین جار و به‌شێوه‌ى جیاجیا فشار ده‌خرایه‌ سه‌رى، تاوه‌كوو ده‌ستبه‌ردارى پۆسته‌كه‌ى بێت، دواجار به‌ زه‌برى هێز له‌ پۆسته‌كه‌ى دوور خرایه‌وه‌ و عه‌ره‌بێك له‌ شوێنه‌كه‌ى دانرا.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، جیا له‌وه‌ى زۆربه‌ى پۆسته‌كان، كه‌ له‌دواى خیانەتی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ كورد وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌ و دراونه‌ته‌ عه‌ره‌ب، به‌رپرسی زۆربه‌ى به‌شه‌كانیش له‌نێو فه‌رمانگه‌كان، كه‌ كورد بوونه‌ دراوه‌ته‌ عه‌ره‌ب و توركمانى شیعه‌ و سوننه‌، به‌ نموونه‌، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیی ته‌ندروستیی كه‌ركووك، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ى كورد بوو، ئێستا كه‌سێكى شیعه‌ كراوه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی، پاشان ئه‌و زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆری سه‌رۆك و به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شه‌كان كه‌ كورد بوون، له‌ پۆسته‌كانیان لادراون و عه‌ره‌بی له‌ شوێنیان دانراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ زۆربه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى دیكه‌ى كه‌ركووك بووه‌ به‌ دیارده‌.


دوایین به‌ڕێوه‌به‌رى كورد، كه‌ له‌ كه‌ركووك له‌ پۆسته‌كه‌ى لادراوه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی پاراستنی داموده‌زگا حكوومییه‌كانى كه‌ركووكه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌، غه‌فوور ساڵح، جێگری لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی یه‌كێتی، بۆ (باس)ى ڕای گه‌یاند: "عه‌مید شێرزاد مارف، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی پاراستنی داموده‌زگا حكوومییه‌كانى كه‌ركووك، ماوه‌یه‌كه‌ گوایه‌ سكاڵایه‌كى له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌، به‌ڵام ناشزانم ئه‌و سكاڵایه‌ى كه‌ له‌سه‌ریه‌تى تا چه‌ند ڕاسته‌، ئێستاش هه‌ر ئه‌و نییه كه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ى دوور خراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكوو چه‌ندین به‌رپرسی دیكه‌مان هه‌یه‌ له‌ پۆسته‌كانیان دوور خراونه‌ته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ دوا كه‌سمان عه‌مید شێرزاد بێت، له‌ پۆسته‌كه‌ى لادرابێت".


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ له‌ شوێنی ئه‌و به‌رپرسه‌ى سه‌ر به‌ یه‌كێتی داندراوه‌، ناوى عه‌قید محه‌مه‌د سه‌عید محه‌مه‌دە، له‌و چوارچێوه‌دا به‌رپرسه‌كه‌ى یه‌كێتیی له‌ كه‌ركووك، گوتی: "هه‌ر گۆڕانكارییه‌كى ئیدارى بكرێت، ئێستا به‌ قازانجی ئێمه‌ نییه‌، چونكه‌ به‌ خواستی ئێمه‌ نه‌بووه‌ و ئێمه‌ كاندیدمان نه‌كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنى پۆست، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه‌، كه‌ شێرزاد مارف له‌سه‌ر چ بنەمایه‌ك لادراوه‌، ئێمه‌ تاوه‌كوو ئێستا چه‌ندین پۆستمان لێ سه‌نراوه‌ته‌وه‌ و دراوه‌ته‌ غه‌یره‌ كورد، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م جاره‌یه‌ كوردێك له‌ شوێن كوردێك داده‌نرێت".


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، پرۆسه‌ى ته‌عریبكردنه‌وه‌ى شارى كه‌ركووك به‌رده‌وامه‌ و ئێستاش رۆژانه‌ ده‌یان خێزانى عه‌ره‌بی خه‌ڵكى شاره‌كانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق و مووسڵیش دێن له‌نێو شارى كه‌ركووك نیشته‌جێ ده‌بن و پاشان كارتى زانیاریی كه‌ركووكیان زۆر به‌ئاسانى بۆ ده‌رده‌كرێت و به‌شێكى زۆریشیان فۆرمى خۆراكه‌كانیشیان ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ئه‌وان ده‌بنه‌ زۆرینه‌.


سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشی كرد، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى كه‌ دێن له‌ كه‌ركووك نیشته‌جێ ده‌بن، به‌شێكیان ده‌چنه‌ نێو خانووى كرێ، كه‌ ئێستا نرخی کرێی خانوو له‌ كه‌ركووك به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ندێك گه‌ڕه‌كى دیاریكراو زۆر هه‌رزانه‌ و ئه‌وانه‌یشی كه‌ توانای داراییان هه‌بێت، خانوو ده‌كڕن، یاخود زه‌وى و پاشان ده‌یكه‌نه‌ خانوو و كوردیش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نییه‌ و ڕه‌نگه‌ ئه‌و چه‌ند كورده‌ى كه‌ تاوه‌كوو ئێستا له‌ پۆسته‌كانیشیان ماون له‌ كه‌ركووك، بۆ ئاینده‌یه‌كى نزیك ئه‌وانیش ده‌ربكه‌ن و عه‌ره‌ب له‌ شوێنه‌كانیان دابنێن.


له‌م باره‌یه‌وه‌، دیارى حوسێن، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى كه‌ركووك - گه‌رمیانى پارتی بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "لادانى به‌رپرسانی كورد له‌ پۆسته‌كانیان له‌ شارى كه‌ركووك به‌رده‌وامه‌ و ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا له‌ كه‌ركووك حوكم ده‌كات، ده‌یه‌وێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك كورد له‌ شاره‌كه‌ لاواز بێت".


گوتیشی: "هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكى كوردیش له‌ پۆسته‌كه‌ى مابێت، ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ و ته‌نیا هه‌ر وه‌ك ناو ماوه‌ته‌وه‌".


ئه‌و به‌رپرسه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، پرۆسه‌ى ته‌عریب له‌ كه‌ركووك به‌رده‌وامه‌، جیا له‌وه‌ى به‌رده‌وام عه‌ره‌بی هاورده‌ به‌ مه‌به‌ستی نیشته‌جێبوون دێنه‌ ناو شاره‌كه‌، ئێستا ته‌نانه‌ت عه‌ره‌به‌كان ده‌یانه‌وێت زه‌ویی كشتوكاڵیی جووتیارانی كوردى ناحیه‌ى قه‌ره‌هه‌نجیریش داگیر بكه‌نه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى هه‌زاران دۆنم زه‌وییان له‌ سنوورى داقووق و دوبز و شوێنه‌كانى تر داگیر كرد.


پێشتریش و له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017، چه‌ندین به‌رپرسی كورد به ‌بیانووی جۆراوجۆر له‌لایه‌ن داداكانه‌وه‌ فه‌رمانى ده‌ستگیركردنیان له‌ كه‌ركووك بۆ ده‌ركراوه‌، هه‌روه‌ها تاوه‌كوو ئێستاش زیاتر له‌ 200 به‌رپرسی ئه‌منى و ئیداریى كورد له‌ پۆسته‌كانیان دوور خراونه‌ته‌وه‌.