ده‌نگۆی پاشه‌كشه‌ی حه‌شدى شه‌عبی له‌ كه‌ركووك ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌

رۆژ له‌دواى رۆژ دۆخى ئه‌منیى كه‌ركووك خراپتر ده‌بێت و جموجۆڵی داعشیش زیاد ده‌كات

27/02/2019 - 16:18 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بارودۆخى ئه‌منیى كه‌ركووك رۆژ له‌دواى رۆژ به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات و جموجۆڵی تیرۆریستانى داعشیش له‌ زیادبووندایه‌ و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی ژوورێكى هاوبه‌ش، كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، ده‌بوو پێشمه‌رگه‌شی تێدا بێت، به‌ڵام دواجار ئه‌و ژووره‌ هاوبه‌شه‌ به‌بێ پێشمه‌رگه‌ پێكهێنرا، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ لیوا سه‌عه‌د حه‌ربی، فه‌رمانده‌ى ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یه‌ و سێ جێگری هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌ لیوا روكن (شاكر) فه‌رمانده‌ى فرقه‌ى 5ی پۆلیسی فیدڕاڵی و لیوا روكن (كه‌ریم عه‌بد تمێمی)ی فه‌رمانده‌ى لیواى 61ی سه‌ر به‌ حكوومه‌تى عێراق و (ئه‌بو سائر به‌شیر)ی فه‌رمانده‌ى لیواى 16ی حه‌شدى شه‌عبی پێكهاتووه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، مه‌ریوان جه‌لال، به‌رپرسی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی لقی كه‌ركووكی پارتی، به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: "ماوه‌یه‌كه‌ جموجۆڵی داعش له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك زیادی كردووه‌، هه‌روه‌ها دۆخى ناو كه‌ركووكیش جێگیر نییه‌، له‌و لاشه‌وه‌ تازه‌ هێزێكی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ كه‌ركووك پێكهێنراوه‌، كه‌ ده‌بوو پێشمه‌رگه‌شی تێدا بوایه‌، ئه‌و هێزه‌ له‌ لیواى 61 و پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق و حه‌شدى شه‌عبی پێكهاتووه‌، بۆیه‌ هیچ نییه‌تێكى باش له‌ پێكهێنانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ نابینرێت و ئێستاش باره‌گاى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى كه‌ركووك - گه‌رمیانی پارتییان كردووه‌ته‌ باره‌گاى ژوورى ئه‌و هێزه‌".


روونیشى كرده‌وه‌، له‌بری ئه‌وه‌ى باره‌گاکان چۆڵ بكه‌ن و هێزه‌كانیان كه‌م بكه‌نه‌وه‌، هێزی زیاترى سه‌ربازی هێنراوه‌ بۆ كه‌ركووك.


ئه‌و به‌رپرسه‌، ڕاشی گه‌یاند، ئێستا ئه‌فسه‌رێكى عه‌ره‌ب سه‌رپه‌رشتکاری هێزى ئۆپەراسیۆنە‌ سه‌ربازییه‌كانە له‌ كه‌ركووك، به‌م هه‌نگاوه‌یان وایان كردووه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى له‌ كه‌ركووك زیاد بكه‌ن و توانای پاكکردنه‌وه‌ى ده‌وروبه‌رى كه‌ركووكیشیان له‌ داعش، نییه‌.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، نوورى حه‌مه‌عه‌لی، به‌رپرسی میحوه‌رى رۆژئاواى كه‌ركووك، له‌ به‌ره‌ى پردێ، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "بۆشاییه‌كى گەورەی ئه‌منى له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك هه‌یه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆ راوه‌دونانى تیرۆریستان له‌ جاده‌ لاناده‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی زیادبوونى جموجۆڵی داعش له‌ سنوورى كه‌ركووك".


گوتیشی: ”تیرۆریستان شوێنی دیاریكراویان نییه‌، به‌ڵام جموجۆڵیان هه‌یه‌ و جموجۆڵی ئه‌وان و زیادبوونى ژماره‌ى تیرۆریستانى داعش، مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ك هه‌یه‌، واتا له‌سه‌ر خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان و نه‌بوونى كه‌شێكى ئارام له‌و ناچانه‌ى كه‌ ئه‌وانى تێدایه‌، بۆیه‌ ئه‌وان مه‌ترسین و پێویسته‌ چاره‌سه‌رێكى ئه‌و دۆخه‌ بكرێت“.


هاوكات، غه‌فوور ساڵح، جێگرى به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووكى یه‌كێتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆ پاكکردنه‌وه‌ى سنوورى ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك له‌ داعش ناڕۆن ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجام بده‌ن، ئێستا له‌ زۆر شوێنی ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك هیچ هێزێكى فه‌رمیى حكوومه‌تى تێدا نییه‌، تەنانه‌ت ئه‌گه‌ر ره‌بایه‌یه‌كى سه‌ربازى له‌ شوێنێكى دووره‌ده‌ستیش دروست كرابێت، ئه‌وا ته‌نیا حیمایه‌ى خۆیان ده‌كه‌ن و حه‌قیان له‌ ده‌وروبه‌رى خۆیان نییه‌، به‌تایبه‌ت له‌ سنوورى گونده‌ كوردییه‌كانى كه‌ركووك، داعش ئێستا به‌ ئاره‌زووى خۆیان ته‌راتێن ده‌كه‌ن و خه‌ڵك ده‌كوژن و ده‌ڕفێن و كه‌س له‌سه‌ریان نایه‌ته‌ وه‌ڵام، ده‌توانم بڵێم جۆرێك له‌ جۆره‌كان سوپای عێراق هه‌ر خۆیان ده‌پارێزن و حه‌قیان له‌سه‌ر هاووڵاتیی نییه‌ چی به‌سه‌ر دێت و ئه‌وان به‌رگرى له‌ خه‌ڵك ناكه‌ن“.


گوتیشی: ”حه‌شدى شه‌عبی بۆ داگیركردنى كه‌ركووك هێنراونه‌ته‌ سنووره‌كه‌ و ئه‌وان نه‌هێنراون هه‌ر به‌ فه‌رمانێك بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ و پاشان پێشمه‌رگه‌ بێته‌ سنووره‌كه‌، كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ریان لێمان زه‌وت و داگیر كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى كه‌ باس له‌ هاتنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن وا نییه‌ و ناشتوانین بڵێن پێشمه‌رگه‌ به‌م نزیكانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سنوورى كه‌ركووك، ئه‌وه‌ى كه‌ گوتراوه‌ هه‌ر قسه‌یه‌“.


روونیشى كرده‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كرا كه‌ حه‌شدى شه‌عبی كه‌ركووك چۆڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام وا نییه‌، حه‌شدى شه‌عبی له‌ كه‌ركووكن و ئه‌وان به‌رده‌وام خه‌ریكى دروستكردنى باره‌گا و خه‌ریكى زیاده‌ڕۆیین و زه‌ویى حكوومى به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن، بۆیه‌ من ئه‌و دۆخه‌ ناو ده‌نێم داگیركردنى كه‌ركووك، ئیتر له‌ژێر هه‌ر چه‌ترێكدا بێت“.


هه‌روه‌ها ده‌سته‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منیى كه‌ركووك له‌ راگه‌یاندراوێكیدا، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌ و تێدا كوژرانی تیرۆریستێكى سه‌ر به‌ داعشیان له‌نێو ماڵه‌كه‌ى خۆی له‌ كه‌ركووك ڕاگه‌یاند و تیرۆریسته‌كه‌ ناوى (میزه‌ر ئه‌لجوالی)یه‌ و پێش كوشتنی رووبه‌ڕووى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بووته‌وه‌، به‌ڵام پاشان كوژراوە، ئه‌و تیرۆریسته‌ پێشتر له‌نێو رێكخراوى تیرۆریستیی ئه‌نساروئیسلام كارى كردووه‌ و پاشان له‌ 2014 په‌یوه‌ندیی به‌ داعشه‌وه‌ كردووه‌.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، ئه‌و تیرۆریسته‌ى كه‌ كوژراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌میره‌ مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌ى ره‌شادى سه‌ر به‌ حه‌ویجه‌ بووه‌ و ئێستاش له‌نێو ماڵه‌كه‌ى خۆیدا له‌ گه‌ڕه‌كى یه‌كى حوزه‌یران كوژراوه‌.