یه‌كێتی بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك هه‌وڵێكى ژێربه‌ژێر له‌گه‌ڵ ئەم لایه‌نانە ده‌داته‌وه‌

به‌رپرسێكی پارتی: یه‌كێتی بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ ده‌رهاوێشته‌ى رێككه‌وتنى لاواز له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بی توركمانییه‌كانى كه‌ركووك چییه‌

27/02/2019 - 15:14 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

یه‌كێتی بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، هه‌وڵێكى ژێربه‌ژێر له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كان ئه‌نجام ده‌داته‌وه‌.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ری گرتووه‌، یه‌كێتی ئێستا له‌ كه‌ركووك، له‌ هه‌وڵێكى چڕدایه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌ب و توركمانییه‌كان، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لیستی برایه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ئه‌نجام بده‌ن.


سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى پێنجی شوباتى نێوان مه‌كته‌بی سیاسیی پارتى و یه‌كێتی، رۆژێكیان دیاری كرد بۆ ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وەى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك له‌ هه‌ولێر، به‌ڵام فراكسیۆنی یه‌كێتی ئاماده‌ نه‌بوو به‌شدارى له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بكات، كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌بووه‌ سه‌ره‌تایه‌كى باش بۆ كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك بڕیاری تێدا ده‌رده‌كرا، كه‌ رێگه‌خۆشكه‌ر بوو بۆ هه‌نگاوه‌كانى ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی كه‌ركووك، به‌ڵام یه‌كێتی مه‌به‌ستیەتی ته‌نیا پشت به‌ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كان ببه‌ستێت، نه‌ك فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانى دیكه‌ى ناو لیستی برایه‌تى، كه‌ زۆرینه‌ن.


له‌مباره‌یه‌وه‌، جه‌مال مه‌ولوود، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتی بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "هێشتا دیار نییه‌ كه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ساز ده‌درێت و ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ش ساز بدرێت، مه‌رجی سه‌ره‌كیمان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ شارى كه‌ركووك بێت، نه‌ك شوێنی تر".


گوتیشی: "لیستی عه‌رەبی و توركمانه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان، كه‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ كه‌ركووك ئه‌نجام بدرێت، بۆیه‌ دیار نییه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ى ده‌كرێت".


روونیى كردووه‌، ئێستا من كاروبارى ئیداریى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا به‌ڕێوه‌ ده‌به‌م و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ به‌غداوه‌ پێم دراوه‌.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، كاوه‌ ئه‌حمه‌د، كارگێڕی لقی كه‌ركووكى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "یه‌كێتی له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ دانانی كه‌سێك بۆ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك و هه‌روه‌ها بۆ دانانی پارێزگارێكى سه‌ر به‌ حزبه‌كه‌یان له‌ كه‌ركووك به‌رده‌وامه‌، یه‌كێتی بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌، ده‌رهاوێشته‌ى رێككه‌وتنى لاواز له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كانى كه‌ركووك چییه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ئێستا به‌ سه‌رۆكى لێژنه‌ى خه‌رجكردنى مووچه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن دیاری كراوه‌، كه‌ به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نه‌ و پێشتر كه‌سێكى شیوعی بووه‌ و ئێستاش یه‌كێتی، له‌ ڕاستیدا ئه‌و كه‌سه‌ توانای قسه‌كردنى به‌ كوردییش لاوازه‌".


روونىیشی كرده‌وه‌، هه‌ر ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكه‌، یه‌كێتی بۆ ئه‌م قۆناخه‌ ده‌یه‌وێت بیكاته‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌ن و كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى رێبوار تاڵه‌بانى، كه‌ كورده‌، لاببرێت و كه‌سێكى غه‌یره‌ كورد دابنرێت.


ئه‌و به‌رپرسه‌، گوتیشی: "ئێستا له‌ كۆی 26 ئه‌ندامى لیستى برایه‌تى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، ته‌نیا چوار ئه‌ندامیان یه‌كێتین، ئیتر نازانین به‌ چ پێوه‌رێك كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پارێزگار دابنێن و گۆڕانكارى له‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌ندا بكه‌ن و ناشزانین ئه‌وان كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ناو ئه‌نجومه‌ن، پارێزگار ده‌ستنیشان بكه‌ن، كاتێك به‌ نموونه‌، له‌گه‌ڵ توركمان و عه‌ره‌به‌كان رێژه‌ى یاساییان ته‌واو كرد و كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نیان ساز دا، ئه‌و كاته‌ عه‌رەب و توركمانه‌كان له‌وانه‌یه‌ ده‌نگ بده‌نه‌وه‌ به‌ پارێزگارێكى عه‌ره‌ب و فێڵ له‌ یه‌كێتی بكه‌ن".


له‌به‌رامبه‌ردا، كاكه‌ڕه‌ش سدیق، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی، بۆ میدیایه‌كى نزیك له‌ حزبه‌كه‌ى سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كوتله‌ى عه‌ره‌بی و توركمانى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كانى كه‌ركووك ڕای گه‌یاندووه‌، به‌مه‌به‌ستى كاراكردن و چالاككردنه‌وه‌ى كارى لێژنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا، هاوڕاین و پێكه‌وه‌ كارمان كردووه‌، له‌و چوارچێوه‌دا به‌ته‌مه‌نترین كه‌سی ئه‌نجومه‌نى بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنى كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌ن به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمان دیارى كراوه‌، رێبوار تاڵه‌بانیش به‌هۆی ئه‌وەى شه‌ش مانگ حوكم دراوه‌، له‌ رووى یاساییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى نه‌ماوه‌.


ئه‌و به‌رپرسه‌، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى یه‌كێتی و عه‌ره‌ب و توركمان به‌ فه‌رمى له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنى به‌ته‌مه‌نه‌ترین كه‌سى ئه‌نجومه‌ن بۆ سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌كان دانی پێدا نراوه‌، هه‌ر به‌ رێككه‌وتنیش له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان، 13 لێژنه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك كارا ده‌كه‌ینه‌وه‌ و له‌ هه‌نگاوى دواتریشدا پۆستى پارێزگار یه‌كلا ده‌كه‌ینه‌وه‌.


له‌و چوارچێوه‌دا، مه‌ریوان جه‌لال، به‌رپرسی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنى لقی كه‌ركووكى پارتی، بۆ (باس)ى ڕاگه‌یاند: "بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، كه‌ بڕیار بوو له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا ئه‌نجام بدرێ، پارتی ئاماده‌ بوو، به‌ڵام فراكسیۆنى یه‌كێتی به‌هۆی كێشه‌ جۆراوجۆره‌كانى ناو حزبه‌كه‌یانه‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كان هه‌یانه‌، هێشتا نه‌گەیشتووه‌نه‌ته‌ رێككه‌وتن، بۆیه‌ ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ئه‌نجام بدرێ".


گوتیشی: "ڕای پارتی وایه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى ئه‌نجام بدرێت، سه‌ره‌تا ده‌بێت گفتوگۆ له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركووك بكرێت و ئه‌نجومه‌نى پارێزگا راپۆرتێك ئاماده‌ بكات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، دواجار پارێزگار دابنرێت و به‌پێی یاساش له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ كۆ نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی خراپیی دۆخی ئه‌منیى كه‌ركووكه‌وه‌، ناتوانرێت پارێزگار هه‌ڵبژێردرێت تا ئه‌وكاته‌ى پارێزگارى شه‌رعیی كه‌ركووك خۆی ده‌ست له‌ كار ده‌كێشێته‌وه‌".


هه‌روه‌ها به‌پێی نووسراوێكى راكان جبووری، پارێزگارى سه‌پێندراوى كه‌ركووك، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌ و تێیدا هاتووه‌، به‌هۆی ده‌رچوونى فه‌رمانى ده‌ستگیركردن بۆ رێبوار فایه‌ق تاڵه‌بانی، ناتوانێت كاروباره‌كانى به‌ڕێوه‌ ببات و له‌ شوێنی ئه‌و، به‌ته‌مه‌نترین كه‌سی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌كرێت به‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌وه‌كاله‌ت.


ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك له‌ 41 ئه‌ندام پێكدێت، لیستی برایه‌تى خاوه‌نى 26 كورسییه‌ و زۆرینه‌یان له‌ فراكسیۆنی پارتین و له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركووك، به‌هۆی داگیركردنى شاره‌كه‌یانه‌وه‌ و پاشان لیستی توركمان خاوه‌نى 9 ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نن و لیستی عه‌ره‌بییش خاوه‌نی 6 كورسین.