لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا تەنیا دەستەی سەرۆکایەتی یەکلا دەکرێتەوە

پارتی و یەکگرتوو بە مەرجێک ئامادەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەبن

12/02/2019 - 09:47 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا، کە وا بڕیارە لە ١٨ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، تەنیا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یەکلا دەکرێتەوە، دواتریش لە ماوەی رۆژێک تاوەکوو ھەفتەیەک، پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، لە لایەن لیژنەی یاسایی ھەڵبژێردراوەوە ھەموار دەکرێتەوە. سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەدات، تاوەکوو رۆژی کۆبوونەوەکە، ئاساییە کاندیدی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا نەکرابن.

 

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش، کە ھاوکات لە رۆژی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە ئەنجام بدرێت، پارتی و یەکگرتوو بە مەرجی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکدا دەکەن، کە بەناوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بێت.

 

بەڵام، بەپێی نووسراوێک کە لەلایەن جەمال مەولوود، ئەندامی یەکێتی و سەرۆکی لیژنەی خەرجییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، کە دوێنێ ١١-٢-٢٠١٩ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی عێراق کراوە، داوای کردووە، کە دەسەڵاتی دارایی و ئیداریی ئەنجومەنی پارێزگای بدرێتێ.

 

لەم بارەیەوە محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە سەرۆکایەتیی رێبوار تاڵەبانی دەبێت، چونکە ئەوان دەسەڵاتی شەرعییان ھەیە و لەلایەن ئەنجومەنەوە ھەڵبژێردراون، ھەر دەبێت ئەنجومەنیش بە دەنگدان لایان بدات و دەسەڵات بدات بە کەسانی دیکە، لەبەرئەوە، جەمال مەولود بەو نووسراوە، شەرعییەتی سەرۆکایەتیی ئەو کۆبوونەوەیەی نابێت کە ئێستا لە لایەن لیستی برایەتییەوە لایەنەکان بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوەیە کۆ دەکرێنەوە.

 

لای خۆشیانەوە، جوان حەسەن، ئەندامی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ (باس) رای گەیاند، تاوەکوو ئێستا رێبوار تاڵەبانی، شەرعییەتی یاسایی بۆ سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکان ھەیە، چونکە نە دادگا و نە ئەنجومەن بڕیاری لادانیان نەداوە، گوتی: “ھەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی لەو کۆبوونەوەیە ئاگەدار نەکراوینەتەوە و یەکلاییش نەبووەتەوە، کە لەنێوان لیستی برایەتی یان تەواوی ئەنجومەندا دەبێت، بەڵام لە رووی شەرعییەوە، رێبوار تاڵەبانی تا ئێستا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکە و ئەوان مافی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگایان ھەیە”.

 

کامیل ساڵەیی، قایمقامی ناوەندی کەرکووک، بۆ (باس) ڕای گەیاند، ئەندامانی ئەنجومەن دەتوانن بڕیار لەسەر شوێنی کۆبوونەوە بدەن، تا ئێستاش دیار نییە، کە ھەردوو کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بەشداریی کۆبوونەوەکەی دەرەوەی کەرکووک دەبن یاخود نا”.

 

ھاوکات، جەمال مەولوود، ئەندامی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ (باس) رای گەیاند، تا ئێستا بەدیاریکراوی شوێنی کۆبوونەوەکە دیار نییە، بەڵام ئەگەر لە ھەولێر بێت، ئەوە تەنیا لەنێوان (لیستی برایەتی)دا دەبێت، بەڵام ئەگەر برایە کەرکووک، ئەوە تورکمان و عەرەبەکانیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن، گوتیشی: “ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا مۆڵەتیان وەرگرتووە و لە دەرەوەن، مۆڵەتەکەیان تاوەکوو ٢٠ مانگە، لەبەرئەوە ئەگەری زۆر ئەوەیە، رێژەی یاسایی بۆ  کۆبوونەوەکە کۆ نەبێتەوە”.

 

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ١٨ی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستانیش، ڕێڤینگ ھرووری، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوان سەرۆکایەتیی ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ١٨ی ئەم مانگەدا دەکەن، کە تەواوکەری کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانە و بەکراوەیی ھێشتراوەتەوە، گوتی: “وا بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژێدرێت”.

 

ئاماژەی بەوەش دا، لەو کۆبوونەوەیەدا ئاسان نییە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش ھەڵبژێردرێت، چونکە پێویست دەکات لیژنەی یاسایی ھەڵبژێردرێت و یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمان، گوتیشی: “ئەگەر رێککەوتن ھەبێت، دەکرێت لە رۆژێکدا ئەو پرسە ھەمووی یەکلا بکرێتەوە، بەڵام رەنگە ئەو پڕۆسەیە ھەفتەیەک بخایەنێت”.

 

بەڵام، بەپێی زانیارییەکانی (باس)، تاوەکوو ئێستا پرسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلا نەبووەتەوە، ھەردوو پەرلەمانتار، رێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی، بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە کاندیدن.

 

سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ (باس) ئاشکرای کرد، لەنێو یەکێتیدا رێککەوتن کراوە، ھەردوو کاندیدەکە پێش وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان لەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی یەکلا بکرێنەوە، بابەتەکە دراوەتە دەستی ھەردوو کاندیدەکە، کە لۆبیی دەنگدان بۆ خۆیان لە سەرکردایەتیی یەکێتی بکەن و کامیان دەنگی پێویستی ھێنا، بکرێت بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.

 

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ھەردوو کاندیدە ژنەکەی یەکێتی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە سەرکردایەتیی یەکێتیدا قورساییان ھەیە و ئەگەری ئەوە ھەیە یەکلاکردنەوەیان لەو کۆبوونەوەیەی سەرکردایەتیی یەکێتی سەبارەت بەو پرسە، زەحمەت بێت.

 

بەڵام سەبارەت بە کاندیدی پارتی بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەرلەمانتار، ھێمن ھەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی یەکلا بووەتەوە.

 

بەڵام، تاوەکوو ئێستا سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، کە وا بڕیارە لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، ناوەکەی ببێتە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و بدرێت بە پێکھاتەکانی کوردستان، دیار نییە بۆ پێکھاتەی تورکمان یان مەسیحییەکان دەبێت، ئەگەر بدرێت بە تورکمانەکان، ئەوا لە حکوومەتدا پۆستێک بە مەسیحییەکان دەدرێت، ئەگەر بۆ مەسیحییەکانیش بێت، وا بڕیارە لە حکوومەتدا پۆست بە تورکمانەکان بدرێت.

 

لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی زانیارییەکانی(باس)، ئێستا ھەردوو لیژنەی یەکێتی و پارتی، سەرقاڵی داڕشتنی کارنامەیەکی ھاوبەشن، کە وا بڕیارە بۆ چوار ساڵی داھاتوو شوێنی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوانیان بگرێتەوە و لەو رێگەیەشەوە ئەو کێشە ھەڵپەسێردراوانەی کە لەنێوانیاندا ھەیە، چارەسەر بکەن.

 

سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکانی پارتی و یەکێتی بۆ رێککەوتنی نوێی نێوانیان ئاشکراشی کرد، لەو رێککەوتنەیەدا چۆنیەتیی کاری ھاوبەشی ھەردوولا لە حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان، دابەشکردنی پۆستەکان، مەلەفی کەرکووک و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی ھاوبەشی ھەردوولا لەگەڵ بەغدا، رێککەوتنیان لەبارەوە دەکرێت، بەڵام رێککەوتنەکە ئەو قۆناغە تێ دەپەڕێنێت کە لە دەسەڵاتی حوکمڕانیدا ھەردوولا وەکوو یەک بن، بەڵکوو بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە، دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای حەقەبەشی ھەڵبژاردن دەبن، تەنیا ئەوە نەبێت، پارتی رەچاوی مێژوو و پەیوەندیی رابردووی لەگەڵ یەکێتیدا دەکات، ئەوەش بەو ھۆیەی کە یەکێتی لە ماوەی رابردوودا، جگە لەوەی ژمارەی کورسییەکانی کەمی کردووە، بزووتنەوەی (گۆڕان)یشی لێ جیا بووەتەوە و لە ئێستای سیستەمی سیاسیی کوردستانیشدا، ھێزی دیکەش دروست بوون.

 

بەڵام، بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، رێککەوتنەکە دەبێتە بنەمایەک بۆ یەکلابوونەوەی ھەموو ئەو پرسانەی لەنێوان یەکێتی و پارتی بەھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

 

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، وا بڕیارە لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا، وەرەقەی سیاسیی رێککەوتنەکە لەنێوان ھەردوو لیژنەی باڵای پارتی و یەکێتی بۆ ئەو پرسە ئامادە بکرێت و دواتر بۆ پەسەندکردن و تاوتووکردنی زیاتر، بدرێتە مەکتەبی سیاسیی ھەردوو لایەن.