زانیاریی گرنگ لەبارەی ئاواره‌ سووریاییەکانی ناو توركیا

پتر لە 3 ملیۆن و 618 هه‌زار هاووڵاتیی سووریایی ئاوارەی‌ توركیا بوون

11/02/2019 - 14:51 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی توركیا بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، 3 ملیۆن و 618 هه‌زار و 624 هاووڵاتیی سووریایی وه‌كوو ئاواره‌ له‌ توركیا ده‌ژین، به‌ڵام له‌و ژماره‌ زۆرە، ته‌نیا 143 هه‌زار و 603 ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین و ئه‌وانی تر به‌سه‌ر شاره‌كانی توركیادا دابه‌ش بوونه‌ و تاوه‌كوو ئێستاش 79 هه‌زار و 820 هاووڵاتیی سووریایی توانیویانه‌ ببنه‌ خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی توركی.


سوله‌یمان سویلو، وه‌زیری ناوه‌خۆی توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرای كرد، بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا، 53 هه‌زار و 99 ئاواره‌ی سووریایی بۆیان هه‌یه‌ ده‌نگ بده‌ن، چونكه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی توركیایان به‌ده‌ست هێناوه‌.


له‌دوای به‌رپابوونی شه‌ڕی ناوه‌خۆ له‌ سووریا له‌ 2011، به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆی توركیا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، 3 ملیۆن و 618 هه‌زار و 624 سووریایی ئاواره‌ی توركیا بوونه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی زۆری به‌سه‌ر ژیانی سۆسیال له‌ توركیادا هه‌بووه‌، چونكه‌ ئه‌و سووریاییانه‌ له‌ رووی كولتوور و زمان و زۆر شتی تر ته‌واو جیاوازن له‌ هاووڵاتیانی توركیا.


زۆرترین ئاواره‌ی سووریایی‌
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ بێت، كه‌ رێكخراوی یونسێف بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، توركیا زۆرترین ئاواره‌ی سووریایی لێ نیشته‌جێیه‌. هه‌روه‌ها له‌ 81 شاری توركیا، هیچ شارێك نییه‌ كه‌ ئاواره‌ی سووریایی لێ نه‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك شار ژماره‌ی سووریایی و هاووڵاتیی تورك وه‌كوو یه‌ك وان‌.


ئیسته‌نبۆڵ ناویان تۆمار ناكات
رۆژنامه‌ی (سۆزجو)ـی توركی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئیسته‌نبۆڵ له‌چاو شاره‌كانی تری توركیا، زۆرترین ئاواره‌ی سووریایی له‌خۆ گرتووه‌. ته‌نیا له‌ ئیسته‌نبۆڵ 557 هه‌زار و 694 ئاواره‌ی سووریایی لێیه‌ و له‌مه‌ودواش ئه‌و شاره‌ هیچ هاووڵاتییه‌كی تری سووریایی وه‌كوو ئاواره‌ وه‌رناگرێت.


له‌مه‌ودوا هه‌ر ئاواره‌یه‌كی سووریایی بیه‌وێت بچێته‌ ئیسته‌نبۆڵ و وه‌كوو ئاواره‌ ناوی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كۆچ و كۆچبه‌ران تۆمار ناكرێت، چونكه‌ توانای وه‌رگرتنی ئاواره‌ی نه‌ماوه‌.


له‌ كیلیس ژماره‌یان وه‌كوو یه‌كە
شاری كیلیس ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ی سووریایی لێیه‌، چونكه‌ ئه‌و شاره‌ له‌سه‌ر سنووری سووریایه‌ و ئاواره‌ی سووریایی به‌ئاسانی ده‌گەنه‌ ئه‌و شاره‌. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان بێت، له‌ كیلیس ژماره‌ی دانیشتوانی تورك و ئاوارەی سووریایی له‌ یه‌كترییه‌وه‌ نزیكن و ته‌نیا 6 هه‌زار و 326 هاووڵاتیی تورك زیاتره‌ له‌ سووریایی. كه‌مترین ئاواره‌ی سووریاییش كه‌وتوونه‌ته‌ شاری بایبورت، كه‌ ژماره‌یان ته‌نیا 32 ئاواره‌یه‌.

 

كاریان سه‌رتاشییه‌
ئاواره‌ سووریاییە‌كانی توركیا زۆربه‌یان به‌ كاسبییه‌وه‌ خه‌ریكن و رۆژانه‌ بۆ بژیویان قورسترین كار ده‌كه‌ن. به‌شێكی زۆری ئه‌و سووریاییانەش به‌بێ بیمه‌ی كار كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌، خاوه‌ن كاره‌كان هاووڵاتیی تورك وه‌رنه‌گرن و روو له‌ ئاوارەی سووریایی بكه‌ن. زۆر له‌ خاوه‌ن كاره‌كانیش ستەمی زۆر له‌و سووریاییانە‌ ده‌كه‌ن و زۆرجار پاره‌ی كرێیان ناده‌نێ، ئه‌وانیش ناتوانن داوای یاسایی تۆمار بكه‌ن، چونكه‌ به‌دزیی حكوومه‌ته‌وه‌ كار ده‌كه‌ن.


به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ژووری سه‌رتاشیی ئیسته‌نبۆڵ بێت، سووریاییه‌كان به‌شێكی زۆریان به‌ سه‌رتاشییه‌وه‌ خه‌ریكن و ته‌نیا له‌ ئیسته‌نبۆڵ، كه‌ به‌ فه‌رمی ناویان تۆمار كراوه‌، 60 دوكانی سه‌رتاشیی تایبه‌ت به‌ سووریاییه‌كان هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ده‌یانی تریش به‌ نایاسایی له‌ ئیسته‌نبۆڵ كراونه‌ته‌وه‌ و بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج ناوی خۆیان له‌ ژووری سه‌رتاشیی ئیسته‌نبۆڵ تۆمار نەکردووە.