هەواڵگریی ئەمریکا: ئەسەد دەیەوێ لە 2019دا دەست بەسەر تەواوی سووریادا بگرێتەوە

ئیبراهیم برۆ: پەیەدە ئامادەیە لەگەڵ تورکیا و سووریا رێک بکەوێ، بەڵام رێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەنەکەسە جێبەجێ نەکرد

11/02/2019 - 14:42 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

راپۆرتە هەوڵگرییەکانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەدەن، لەمساڵدا رژێمی بەشار ئەسەد دەیەوێ بە هاوکاریی رووسیا و ئێران، دەست بەسەر تەواوی سووریادا بگرێتەوە. سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریاش جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەمەریکا رێگە بە گەڕانەوەی بەشار ئەسەد، بۆ ناوچە کوردستانییەکان نادات.


بەپێی راپۆرتێکی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا (دان كۆتس)، کە پێشكەشی لیژنەی هەواڵگریی لە كۆنگرێسی ئەمەریكا کردووە، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە، کە رژێمی سووریا لە بەرنامەیدایە لە ساڵی 2019 دەست بەسەر سەرجەم ناوچەكانی وڵاتەكەیدا بگرێتەوە.


لە راپۆرتەكەی كۆتسدا، کە لە میدیاکانی ئەمەریکا بڵاو کراوەتەوە ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە هێزەكانی رژێمی سووریا گورزی گەورەیان لە ئۆپۆزسیۆن وەشاندووە و ئێستاش دەیانەوێت سەرجەم خاكی سووریا بخەنەوە ژێر کۆنتڕۆڵی رژێمی سووریا.


بەپێی زانیاریی راپۆرتەکە، رژێمی سووریا ئێستا هەموو فشارەکانی لەسەر گەڕانەوەی پارێزگای (ئیدلب)ە و پاشان بۆ رۆژهەڵاتی فورات، كە ئێستا لەژێر دەستی كورد و هاوپەیمانە عەرەب‌ و سریانەكانیدایە، پێشڕەوی دەکات.


هەفتەی رابردوو، لە ژمارە (٤١٥)ی هەفتەنامەی(باس)دا بڵاو کرایەوە، کە رژێمی سووریا بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتی نزیک لە پەکەکەیە، لەبەرنامەیدایە، لەگەڵ تورکیا بۆ رێککەوتنی ئەدەنە بگەڕێتەوە، کە بەپێی رێککەوتنەکە، کۆنتڕۆڵی چالاکییەکانی پەکەکە لە سووریا دەکرێت و لەبەرامبەر بەوەش، ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا پشت لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بکات، بەتایبەتی لە ئیدلیب، کە ئێستا نزیکن لە خۆیەوە و لە رووی چەک و ماددییەوە پشتیوانیانە.


لەمبارەوە ماڵپەڕی NTV بڵاوی كردووەتەوە، سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاندووە: "دەكرێت رێككەوتنی ADANA بۆ هەماهەنگیی سنووری سووریا و توركیا بەكار بێت، دیمەشقیش ئامادەیی بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە، بە مەبەستی دابینكردنی ئاسایشی سنوورەكانی راگەیاندووە".


هەر لە راپۆرتە ئەمەریکییەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە، کە: "رووسیا و ئێران دەیانەوێت لە رێگەی مامەڵەی بنیاتنانەوەی ژێرخان ‌و پیشەسازیدا، جێ پێی خۆیان لەو وڵاتە بۆ داهاتوویەکی دوور قایم بکەن”.


ئەو راپۆرتە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی، کە ساره‌ سانده‌رز، وته‌بێژی كۆشكی سپیی ئه‌مەریكا، له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی هه‌واڵی CBNی ئه‌مەریكی رای گەیاندووە، کە ئەمەریکا لە سووریا كار بۆ پاراستنی كورد‌ و مه‌سیحییه‌كانی باكووری سووریا له‌ هه‌ر زیانێك دەکات، ئه‌ویش له‌پاش كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مەریكا له‌ سووریا. 


لەمبارەیەوە، ئیبراهیم برۆ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بۆ (باس) رای گەیاند، ئێستا رژێمی سووریا 60٪ی خاکی سووریای لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، رۆژهەڵاتی فورات کە لەژێر کۆنتڕۆڵی (پەیەدە)دایە، 25٪ی خاکی سووریا دەکات و بەشەکەی دیکەش لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سووریادایە، گوتی: “ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکات، دەسەڵاتەکانی رژێمی سووریا بگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات، دەڤەرەکانی دیکەش پێویستیان بە رێککەوتنە لەگەڵ تورکیا و رووسیا و هێزەکانی کە لە سووریادا هەن”.


گوتیشی: “تا ئێستا هیچ دەستپێشخەرییەک لەلایەن پەیەدەوە بۆ ئەنەکەسە، بۆ گەڕانەوەی رێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک نەکراوە، بەداخەوە، کە پەیەدە ئامادەیە لەگەڵ سووریا و تورکیا رێک بکەوێ، بەڵام ئامادە نییە رێککەوتنی لەگەڵ کوردانی سووریا و ئەنەکەسە جێبەجێ بکات، کە ئەگەر ئەو رێککەوتنانە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرانایە، ئەوە کوردانی رۆژئاوا نەدەکەوتنە دۆخی ئێستا و پەیەدە خۆیشی نەدەکەوتە ئەو هەڵوێستەی ئێستایەوە، کە ناچار بێت بە هەموو مەرجێکی سووریا بۆ رێککەوتن رازی بێت”.


ئەو بەرپرسەی کورد لە سووریا، ئاماژەی بەوەش دا، تورکیا بە هیچ شێوەیەک قبووڵی پەیەدە ناکات بەو شێوەی ئێستا، کە هەیە و گرێدراوی پەکەکەیە، گوتی: “ئەگەر پەیەدە بەو شێوەیە بێت، ئەوا کورد لەو ناوچەیەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵیدا ماوە دووچاری هەمان بارودۆخی عەفرین دەبێت و شەڕێکی گەورە چاوەڕێی دەکات، لەبەرئەوە ئێمە وەکوو ئەنەکەسە و شاندی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لە هەوڵداین لەگەڵ هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمەریکا، رەوشەکە بە جۆرێکی تر بکەوێتەوە”.


ئیبراهیم برۆ، راشی گەیاند، گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ گەرەنتیی پاراستنی کوردی سووریا لەلایەک و روونەدانی شەڕی نێوان پەیەدە و تورکیا دەکات، گوتیشی: “روودانی ئەو شەڕە ماڵوێرانییەکی گەورەتر بەسەر کوردی سووریادا دەهێنێت و باشترین بژارەی کورد رێککەوتنە لەم قۆناغەدا، ئەگەر نا زیانەکە بەر هەموومان دەکەوێ”.