پرسی بەستنی كۆنگره یه‌كێتیى كردووه‌ به‌ دوو به‌شه‌وه‌

ئەگەر هەیە مام جه‌لال به‌ سكرتێرى فه‌خرى هه‌ڵبژێردرێتەوە و کۆسرەت رەسوول و پاڤێل تاڵەبانی ببنە هاوسەرۆک

09/02/2019 - 16:30 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ساڵى ڕابردوو ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، سێ جار به‌ مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ و نوێبوونه‌وه‌ى هه‌یكه‌لى یه‌كێتى كۆ بووه‌وه‌، به‌ڵام نه‌توانرا كاتى به‌ستنى كۆنگره‌ دیار بكرێت. هه‌رچه‌نده‌ كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ، جێگرى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتى بڕیاری دا ڕۆژى 5ى3ى ساڵى 2018 یه‌كێتى كۆنگره‌ ببه‌ستێت، به‌ڵام به‌هۆى بوونى ئاڕاسته‌ى جیاواز و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى ئه‌و حزبه‌وه‌، به‌ستنى كۆنگره‌ شكستى هێنا، لە کاتێکدا كۆنگره‌ى یه‌كێتى ئەو پرسەیە کە هه‌میشه‌ سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى جه‌ختى له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ كارێكى گرنگ و چاره‌نووسسازى حزبه‌كه‌یانى ده‌زانن. به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست (باس) كه‌وتوون‌، وا نیازە یه‌كێتى له‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌مساڵدا، به‌تایبه‌تى له‌ ڕۆژى دامه‌زراندنى یه‌كێتى (1/6) كۆنگره‌ى چواره‌م ببه‌ستێت، بەلام دیسان ئەمەش لەسەر یکلابوونەوەی ململانێی باڵەکان دەمێنێت.

 

كۆنگره‌ و رای جیاواز
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاوه‌ ده‌ستى (باس) كه‌وتوون، به‌شێكی زۆر له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی پێیان باشه‌، به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ ڕێككه‌وتن له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان بكه‌ن، هەریەک لە باڵەکانیش لە هەوڵدان بەشی خۆیان لە پۆستە باڵاکانی یەکێتی بەر لە کۆنگرە مسۆگەر بکەن.


ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بنەماڵەی تاڵەبانییش ده‌یانه‌وێت، هه‌ر یه‌ك له‌ باڤڵ تاڵه‌بانی وه‌ك شوێنگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌ كۆنگره‌ ده‌ستنیشان بكرێت، هه‌ر یه‌ك له‌ قوباد تاڵه‌بانی و شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و لاهوور جه‌نگی و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى ماڵباتى تاڵه‌بانى، هەوڵی ئه‌وه‌یانه‌، كه‌ پۆستی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تى وه‌ربگرن.

 

پێگەی مه‌لا به‌ختیار
پێشتر هه‌فته‌نامه‌ى (باس)، له‌ زارى ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى بڵاوى كرده‌وه‌، كه‌ مه‌لا به‌ختیار کە پۆستی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی لەو حزبەدا هەیە، ماوه‌ى دوو مانگ زیاتره‌ له‌ یه‌كێتى نیگه‌رانه‌ و به‌شداریى هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى مه‌كته‌بى سیاسیی حزبه‌كه‌ى نه‌كردووه‌، ته‌نانه‌ت چه‌ند جارێك خودى كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ داواى كردووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كانى مه‌كته‌بى سیاسی، به‌ڵام مه‌لا به‌ختیار داواكارییه‌كه‌ى ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه‌ و له‌و كاته‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح كراوه‌ به‌ سه‌ركۆمارى عێراق، مه‌لا به‌ختیار باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى به‌جێ هێشتووه‌ و بڕیارى داوه‌ تاوه‌كوو یه‌كێتى كۆنگره‌ى چواره‌م نه‌به‌ستێت، به‌شداریى كۆبوونه‌وه‌كانى مه‌كته‌بى سیاسی نه‌كات. بەڵام وەک مەلا بەختیار خۆی بە هەندێ لە میدیاکانی راگەیاندووە، کە خەریکی داڕشتنی پرۆژەیەکە بۆ چاکسازی و نوێکردنەوە و دروستکردنی شەفافیەتە لەنێو یەکێتیدا، به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست (باس) كه‌وتوون، به‌شێكیش لە كادیر و ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتی، پاڵپشتیى به‌هێزى مه‌لا به‌ختیار ده‌كه‌ن، به‌ جۆرێك ده‌یانه‌وێت له‌ كۆنگره‌دا مه‌لا به‌ختیار به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی باڵاوه‌ له‌ناو ڕیزه‌كانى یه‌كێتى بمێنێته‌وه‌ و خۆیشى ماوه‌یه‌كه‌ كارى جدى بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات.

 

باڵی‌ جیاواز و ترسی ئینشیقاق
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی (باس)، به‌شێكى زۆر له‌ سه‌ركرده‌كانى ناو ئه‌و حزبه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن، پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ڕێككه‌وتن له‌ناو هه‌موو باڵه‌ جیاوازه‌كانی یه‌كێتی ئاماده‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی له‌ كۆنگره‌دا هیچ به‌ریه‌كه‌وتن و ئینشیقاقێك ڕوو نه‌دات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، پڕۆژه‌كه‌ به‌ جۆرێك بێت، به‌رژه‌وه‌ندیی باڵە سەرەکییەکان پارێزراو بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كۆده‌نگیی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی له‌سه‌ر دروست بێت.

 

جه‌لال تاڵه‌بانى، سكرتێرى فه‌خرى
به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی چوار كه‌سییه‌وه‌ ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی، له‌ كۆنگره‌دا هه‌یكه‌لی یه‌كێتی بگۆڕێت، كه‌ ره‌نگه‌ به‌پێی ئه‌و هه‌یكه‌له، جارێكى دیكه‌ مه‌كته‌بی سیاسی نه‌مێنێت، به‌ڵكوو ئه‌نجومه‌نی پیران و ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردن دابنرێت و ڕه‌نگه‌ سیسته‌مى هاوسه‌رۆكى له‌ناو یه‌كێتى په‌یڕه‌و بكرێت و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ بكرێت به‌ هاوسه‌رۆكى گشتیى یه‌كێتى و پاڤڵ تاڵه‌بانى بكرێت به‌ هاوسه‌رۆكى دووه‌مى یه‌كێتى، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌موو باڵه‌ ناكۆكه‌كانى ناو یه‌كێتى كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ (مام جه‌لال) وه‌ك سكرتێری فه‌خریی حزب بمێنێته‌وه‌.


له‌و باره‌یه‌وه‌ مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان، به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند، ڕاسته‌ یه‌كێتى ساڵانێكى زۆره‌ كۆنگره‌ى نه‌به‌ستووه‌ و تاوه‌كوو ئێستاش به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى كاتى به‌ستنى كۆنگره‌ دیارى نه‌كراوه‌ و كۆمیته‌ى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى بڕیار له‌سه‌ر به‌ستنى كۆنگره‌ ده‌دات، به‌ڵام یه‌كێتى زۆر لایداوه‌ له‌ واده‌ى به‌ستنى كۆنگره‌، هه‌رچه‌نده‌ بڕیار بوو ئێمه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا گفتوگۆى جدى له‌باره‌ى به‌ستنى كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌مانه‌وه‌ بكه‌ین، به‌ڵام به‌هۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌، پرسی به‌ستنى كۆنگره‌مان بۆ كاتێكى نادیار دواخست، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كۆمیته‌ى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى كۆ بووه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌وكات باسی به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌م بكه‌ین".


به‌ بڕواى مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌گه‌ر كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكبهێندرێت و دۆخه‌كه‌ ئاسایی ببێته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ یه‌كێتى باسی به‌ستنى كۆنگره‌ ده‌كات، پێشى وایه‌، كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ یه‌كێتى بڕیار له‌سه‌ر به‌ستنى كۆنگره‌ بدات، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكا و وه‌ڵامى كادیره‌كانى خۆمان بداتەوه‌ و به‌رنامه‌كانى خۆی نوێ بكاتەوە.


جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌: "یه‌كێتى پێویستى به‌ نوێبوونه‌وه‌یه‌، به‌ڵام كۆنگره‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كێ خۆى بۆ پۆسته‌كان هه‌ڵده‌بژێرێت، یان كێ ده‌بێت به‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى، به‌ڵكوو كۆنگره‌ بۆ نوێبوونه‌وه‌ى حزبه‌كه‌مان و په‌یوه‌ندییه‌كانمانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ و عێراق و ناوخۆى كوردستان، به‌ڵام هه‌موومان به‌ستنى كۆنگره‌ به‌ كارێكى گرنگ ده‌زانین، بۆیه‌ ته‌مه‌نا ده‌كه‌م، به‌ستنى كۆنگره‌ى یه‌كێتى نه‌گاته‌ مانگى چوار و پێنج، هه‌رچه‌نده‌ دڵنیام مانگى شه‌ش یادى دامه‌زراندنى یه‌كێتییه‌ و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ یه‌كێتى له‌و كاته‌دا كۆنگره‌ به‌ستێت".


ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى تا چه‌ند ڕاسته‌ یه‌كێتى له‌ كاتى به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌مدا، مام جه‌لال، به‌ سكرتێرى فه‌خرى ده‌هێڵێته‌وه‌ و سیسته‌مى هاوسه‌رۆكى بۆ یه‌كێتى پیاده‌ ده‌كرێت، مسته‌فا چاوڕه‌ش، باسی له‌وه‌ كرد: ”مام جه‌لال له‌ هه‌ر شوێنێك بێت هه‌ر مام جه‌لاله‌، من نازانم یه‌كێتى كێ ده‌كات به‌ سكرتێرى گشتى، ئایا سكرتێر هه‌ڵده‌بژێرینه‌وه‌ یان هه‌یئەتێكمان ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ كۆنگره‌وه‌ هه‌یه‌ و كۆنگره‌ بڕیارى له‌سه‌ر ده‌دات، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ به‌شێوه‌یه‌كى لابه‌لا باسی سیسته‌مى هاوسه‌رۆكییش كرابێت".


له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، زوبێر عوسمان، جێگرى سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: "ئێمه‌ ڕاپۆرتێكمان سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنى كۆنگره‌ ئاماده‌ كردووه‌، كۆمسیۆنێكمان هه‌یه‌ به‌ناوى (كۆمسیۆنى كۆنگره‌ى چواره‌م) ئه‌و كۆمسیۆنه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ى ته‌قدیم كردووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى فراوانى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى، ڕاپۆرته‌كه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌ و بڕیارى پێویستى له‌باره‌وه‌ ده‌درێت، ئه‌وه‌یشى كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ هەیە، ئه‌وان پێشنیارى ڕۆژى به‌ستنى كۆنگره‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ دیاریكردنى ڕۆژى كۆنگره‌ په‌یوه‌ندیى ڕاسته‌وخۆى به‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ ئه‌وان ڕۆژه‌كه‌ى دیارى بكه‌ین".


گوتیشى: "هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ى حزبه‌كان له‌ واده‌ى به‌ستنى كۆنگره‌ دواكه‌وتوون، به‌ڵام ئێمه‌ ناماوێت چیتر كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌مان زیاتر دوا بكه‌وێت و به‌ باشى ده‌زانین له‌ 1ى6 ى ئه‌مساڵ كۆنگره‌ى چواره‌م ببه‌ستین، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ڕه‌شنووسه‌ى دامانڕشتووه‌، له‌ كۆنگره‌دا په‌سه‌ند بكرێت و كارى له‌سه‌ر بكرێت".


ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: "كۆنگره‌ بڕیارى پۆستى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتى ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌شنووسه‌ى ئێمه‌ دامانڕشتووه‌، نه‌خێر سكرتێرى تێدا نییه‌، چونكه‌ سكرتێر یه‌ك كه‌س بووه‌ ناوى (مام جه‌لال تاڵه‌بانى) بووه‌، ته‌نیا سكرتێر بۆ ئه‌و دانرابوو، به‌ڵام دواى به‌ڕێز مام جه‌لال، سكرتێرى یه‌كێتى نامێنێت، ئه‌و ڕه‌شنووسه‌یش كه‌ ئێمه‌ نووسیومانه‌، سكرتێرى گشتیى تێدا نییه‌. ده‌رباره‌ى به‌ڕێز مام جه‌لال، هه‌موومان ده‌زانین مام جه‌لال ڕابه‌ر و دامه‌زرێنه‌رى یه‌كێتى بووه‌، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت، پۆسته‌كه‌ى هه‌ڤاڵ مام جه‌لال كۆنگره‌ یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌ و كۆنگره‌ بڕیارى ئه‌وه‌ ده‌دات به‌ڕێز مام جه‌لال به‌ سكرتێرى فه‌خرى بمێنێته‌وه‌".


زوبێر عوسمان، ئاشكراشى كرد، ئه‌و ڕه‌شنووسه‌ى ئێمه‌ دامانناوه‌، په‌یكه‌رى یه‌كێتى گۆڕاوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كى دیكه‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ى داڕێژراوه‌ته‌وه‌ و له‌نێوان مۆدێلى كۆنسه‌ و هاوسه‌رۆكایه‌تیدا خۆى ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ مۆدێلێكى تایبه‌تمان له‌نێوان ئه‌و دوو مۆدێله‌ دروست كردووه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان".


تایبه‌ت به‌و باسه‌، عومه‌ر حه‌مه‌ساڵح، ڕاوێژكارى كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ، جێگرى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان به‌ (باس)ى، ڕاگه‌یاند: "یه‌كێتى پێویستى به‌وه‌یه‌ كۆنگره‌ ببه‌ستێت و نێوماڵى خۆى ڕێك بخاته‌وه‌، هه‌موومان ته‌مه‌ناى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ یه‌كێتى به‌زوویى كۆنگره‌ی چواره‌م ببه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیارى به‌ستنى كۆنگره‌ درا، ئه‌وكاته‌ كاك كۆسره‌ت بڕیار ده‌دات، كه‌ خۆى بۆ پۆستى جێگرى سكرتێرى گشتى یان هه‌ر پۆستێكى دیكه‌ هه‌ڵبژێرێت".


گوتیشى: "كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ پێی خۆشه‌ یه‌كێتى به‌زوویى هه‌وڵى به‌ستنى كۆنگره‌ بدرێت، هه‌روه‌ها كاك كۆسره‌ت ڕۆڵى كارای له‌ناو ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتیدا بینیوه‌ و هه‌میشه‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزیى یه‌كێتى به‌لاوه‌ گرنگ بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ش كاك كۆسره‌ت به‌ هه‌مان نه‌فه‌سى جاران، هه‌وڵى به‌هێزكردنى ڕیزه‌كانى یه‌كێتى ده‌دات".


عومه‌ر حه‌مه‌ساڵح، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، یه‌كێتى پێویستى به‌ هه‌موو خه‌ڵكه‌ دڵسۆز و تێكۆشه‌ره‌كانیەتی، بێ گومان كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سه‌ دڵسۆزه‌كانى یه‌كێتى و ڕۆڵى كاراى گێڕاوه‌ له‌ به‌هێزكردنى یه‌كێتی، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌ندامێكى یه‌كێتى خودى كاك كۆسره‌ت به‌ زه‌ڕووره‌تێكى گرنگى ناو یه‌كێتى ده‌زانێت، هه‌روه‌ها كوڕه‌كانى كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌ندامى یه‌كێتیى نیشتمانین، هه‌روه‌ها كاك شاڵاو ئێستا ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تییه‌، بێ گومان مافی ڕه‌واى خۆیانه‌ له‌ كۆنگره‌دا خۆیان بۆ پۆست و ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتى بپاڵێون".