بەرپرسێکی یەكگرتوو: هیچ رێكکەوتنێكمان لەگەڵ نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحیددا نییە

"بە پڕۆژەی چاكسازی و چاودێریكردنی كارەكانی حكوومەت، هاوكاریی كابینەی تازە دەكەین، بۆ ئەوەی چاكسازیی بكات"

09/02/2019 - 15:17 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەهار عەبدولرەحمان، ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردسان، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چەند پرسێكی گرنگ دەخاتە ڕوو. ئاماژە بەوە دەكات، هیچ رێكکەوتنێكیان لەگەڵ نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحیددا نییە. پێشی وایە، عێراق ستەمی لە ناوچە كوردستانییەكان كردووە و دەستووری پێشێل كردووە.


سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، ئەوان وەكوو یەكگرتوو، لە چوار ساڵی داهاتوودا بژارەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژاردووە، گوتی: "یەكگرتووی ئیسلامی، حزبێكی مەدەنیی دیموكراسیی مۆدێرنە و سیاسەتی جیاوازی خۆی هەیە، بۆیە ئەو هەنگاوەی ناویەتی، كە ئۆپۆزسیۆنبوونە، لە روانگەی ستراتیژییەوە بووە، یەكگرتوو ئەزموونی دەسەڵات و ئۆپۆسیونی هەبووە، بۆ ئەو قۆناخەش ئۆپۆزسیۆنمان هەڵبژاردووە، ئەویش بۆ خزمەتكردنە بە كوردستان و خەڵكی كوردستان".


دووپاتیشی كردەوە، بۆ ئەوە ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژاردووە، تا حكوومەت چاكسازی بكا. پێشی وایە: "ئۆپۆزسیۆنبوون بنەمای خۆی هەیە و چەمكێكی سیاسییە لە دونیای سیاسەتدا، كە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، ئێمەش وەكوو خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم چەمكەدا دەكەین، نەوەكوو هەر كەس بە ویستی خۆی شیكردنەوەی بۆ بكات".


بەهار عەبدرلرەحمان، رەتی دەكاتەوە یەكگرتوو لەگەڵ نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحیددا هیچ رێكکەوتنێكیان هەبێت، گوتی: "ئێمە تایبەتمەندیی خۆمان هەیە لە ئۆپۆسیۆندا بووبین یان لە دەسەڵاتدا، ئێمە بەپێی ستراتیژ و بەرنامەی خۆمان هەنگاو دەنێین، هەر گرووپ و حزبێكی تر ئازادە چۆن هەنگاو دەنێت، ئێمە هیچ رێكکەوتنێكمان لەگەڵ نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحیدا نییە و ناچینە ژێر باری هیچ سیاسەتێك، كە لەگەڵ ستراتیژی ئێمەدا نەگونجێت".


ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو دەشڵێت: ”ئێمە حزبێكین ململانێ و گرێكوێرەی سیاسیمان نییە، ئەگەر هەنگاوێك باش بێت ئەوە دەڵێین باشە و دەستخۆشیی لێ دەكەین، بەپێچەوانەوە بێت ئەوە داوا دەكەین بگۆڕدرێت و باش بێت، ئێمە چاویلكەی رەشمان لەچاودا نییە، تاوەكو هەموو شتێك بە رەشی ببینین".


نایشارێتەوە، بە پێشكەشكردنی پڕۆژە دەیانەوێت هاوكاریی كابینەی داهاتوو بكەن، گوتیشی: "لە رێگەی كوتلەی پەرلەمانیمان لە پەرلەمانی كوردستان، بە پڕۆژەی چاكسازی و چاودێریكردنی كارەكانی حكوومەت، خزمەتی خەڵك و هاوكاریی كابینەی تازە دەكەین، بۆ ئەوەی چاكسازی بكات".


روونیشی كردەوە، پشتیوانی لە یەكگرتوویی و یەكڕیزیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەن لە پەرلەمانی عێراقدا، گوتیشی: "ئێمە بەشێكین بۆ ئەوەی حزب و كوتلە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق پێكەوە كار بكەن، ئەگەر لە كوردستان ململانێی سیاسی هەبێت، لەگەڵ ئەوەدا نین بگوازرێتەوە بەغدا، بەڵكوو ئەوەی خزمەت بە خەڵكی كوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی دەكات، دەبێ یەكڕیزمان بكات لە بەغدا و لە كوردستانیش".


جەختیش دەكاتەوە: "ئێمە لە خەمی هەرێمی كوردستانداین و دەبێت ئەم هەرێمە ئاسایشی سەقامگیر بێت و خەڵكەكەیشی خزمەت بكرێت و كار بكرێت بۆ پێكەوەیی و تەبایی و جێگیركردنی دادپەروەری".


ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو، بۆچوونی حزبەكەی لەبارەی حكوومەتی ئێستای عێراق دەخاتە ڕوو دەڵێت: "ئێستا لە سەرەتای كارەكانیدایە، حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی جارێك دەرناكەوێت، تاوەكوو مومارەسەی كرداری نەبیندرێت دەرناكەوێت، حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق جۆرێك فشاریان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە، هیودارین حكوومەتی ئێستا ئەو ئەزموونە دووبارە نەكاتەوە".


پێوەند بە ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانیش، بەهار عەبدولرەحمان، گوتی: "ئەگەر حكوومەتی عێراق بەردەوام بێت لەو هەنگاوەی كە دژی ناوچە كوردستانییەكان گرتوویەتییە بەر، ئەوە پێشێلی دەستووری كردووە و ئاستەنگ دروست دەكا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا، حكوومەتی عێراق ستەم لە ناوچە كوردستانییەكان دەكات و دەستوور و یاساكانی پێشێل كردووە".


پێیشی وایە: "هەبوونی حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانییەكان جێگەی مەترسییە، پێشووتریش گوتوومانە حەشدی شەعبی یەكێكە لە مەترسییەكانی دوای شەڕی داعش ئەوەش وا دەرچوو".


دووپاتیشی دەكاتەوە: "دەبێ عێراق سەربەخۆیانە و نشتمانییانە مامەڵە بكات، بەڵام عێراق لە لایەن وڵاتانی ئیقلیمی هەڵدەسووڕێندرێت، ئەو دەستێوەردانە دەرەكییانە هەمیشە زیانی لە عێراق داوە".