گەندەڵیی گرێبەستەکانى چەک.. کەیسە نهێنى و مەترسیدارەکەى عێراق

تەنیا لە کڕینى چەکدا بە بڕی 130 ملیار دۆلار گەندەڵى کراوە

07/02/2019 - 15:30 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

تاوەکوو کەیسی کڕینی چەک و گرێبەستە ملیار دۆلارییەکانى چەک و تەقەمەنى لە عێراق هەڵبدرێنەوە، گەندەڵیى زیاتر و دۆسێى مەترسیدارتر ئاشکرا دەبن، بە جۆرێک لەم بوارەدا بەفیڕۆدانى سامانى گشتیی عێراق سنوورى بەزاندووە. گەندەڵییەکە بە جۆرێکە، لە چەکى کلانشیکۆف تاوەکوو فڕۆکەى ئێف 16 گەندەڵیى تێدا کراوە.


بە ملیارەها دۆلار بۆ بوارى کڕینى چەک لە عێراق خەرج کراوە، بەبێ ئەوەی کە بەشێکی زۆر لەو چەکانە هاتبنە ناو عێراقەوە، ئەمە جگە لەوەی کە بەشێک لەو چەکانە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بەکار هاتوون، یاخود نرخەکەیان بەرزترە لەچاو نرخی بازاڕ. سەرباری پێدانی بەرتیل لەناو وەزارەتەکانى ناوخۆ و بەرگرى، کە لە ئاستێکی باڵادایە.


یەک ملیار دۆلار بۆ نەخۆشخانەی سەربازی تەرخان کراوە، کە تایبەت بووە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی نوێ و پێشکەوتووی سەربازی، لەدوای بەدواداچوونەکاندا دەرکەوتووە، کە هیچ پڕۆژەیەکی لەو جۆرە لەسەر ئەرزى واقیعدا نییە.


وەکوو میدیا عێراقییەکان ئاشکرایان کردووە، کڕینی فڕۆکە لە ڕووسیا، یەکێک بوو لە کەیسە گەندەڵییە کۆمیدی و هاوکات کارەساتەکانی سەردەمى نووری مالیکی، کە وەها پیشان درا، عێراق فڕۆکەی لە حکوومەتی رووسیا کڕیوە، دواتر دەرکەوت کە ئەو فڕۆکانە عێراقی بوون و لە کاتی جەنگی عێراق– ئێران، حکوومەتی تاران ناچاری کردوون لە رووسیا بنیشنەوە.


یەکێکى تر لەو دۆسێى کە لە شەقامى عێراقدا بەگاڵتەوە باسى دەکرێت، هێنانی ئامێری ئاشکراکردنی تەقەمەنی بوو بە بەهای 232 ملیۆن دۆلار، دواتر دەرکەوت، ئامێری ئاشکراکردن و ناسینەوەی شامپۆی پاککەرەوەیە نەک تەقەمەنی.


بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی (سکای عەرەبی)یە، لە ساڵی 2014 بۆ ساڵی 2016 عێراق 3 ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری لە چەک خەرج کردووە.


لە سەرێکى ترەوە، بەپێى داتاکانى لیژنەى نەزاهەى پەرلەمانى عێراق بێت، لە ساڵى 2003 بۆ 2016 عێراق نزیکەى 150 ملیار دۆلارى لە بوارى چەکدا خەرج کردووە.


عادل نووری، ئەندامى پێشووى لیژنەی نەزاهەى پەرلەمانى عێراق بە (باس)ى راگەیاند، لەو 200 ملیار دۆلارەدا، زۆربەى زۆرى گەندەڵى کراوە، گوتى: "وەزارەتی بەرگری بە یەکێک لە وەزارەتە زۆر گەندەڵەکان دادەنرێ، ئەو وەزارەتە لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا نزیکەی 150 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی خەرج کردووە، ئەوە جگە لەو هاوکارییانەی کە لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی دەرەوەش هاتوون، ئێستا رەنگە بایی 20 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی و پێداویستیی سەربازی هەبێت، 130 ملیارەکەى تر بە گەندەڵی خەرج کراوە، لەوانەش پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی ئەو وڵاتانەی گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە، یاخود بەهۆی نووسینی نرخی زیادەوە".


پارچە چەکێک ئەگەر بایی 100 دۆلار بووبێت، لە گرێبەستەکەدا 400 دۆلاری بۆ نووسراوە، لە کاتێکدا چەکەکانیش کۆن و خراپ و بەکارهاتوون، کە نرخی چەکێک بایی نزیکەی 170 دۆلار بووە، بەڵام وەزارەتی بەرگری نرخەکەیان بە نزیکەی 380 دۆلار نووسیوە. ئەوە بەپێى راپۆرتى لیژنەى نەزاهە.


هەندرێن لەزگین دۆسکی، ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق بە (باس)ى راگەیاند، لە عێراقدا چەند بوارێک هەیە گەندەڵیی گەورەی تێدایە، گوتى: "لە بواری سوپا و بەرگریدا گەندەڵی لە گرێبەستەکانی چەک و تەقەمەنیدا هەیە و پارەیەکى یەکجار زۆر بەفیڕۆ دراوە".


رەبیع جەواری، شارەزای سەربازی و ئەمنیی عێراق بە (باس)ی راگەیاند، بەپێی ئەو ملیارەها دۆلارە بێت، دەبوو سوپای عێراق بەهێزترین سوپا بێت، گوتی: ”هێزی عێراقی لە ریزبەندی خوارەوەی ئەو وڵاتانەیە، کەوا هێز و سوپای بەهێزیان هەیە، سوپای عێراق وەکوو سوپای پێشوو نییە، پێشووتر سوپای عێراقی لە پلەکانی پێشەوەی بەهێزترین سوپاکاندا بوو، بەڵام ئێستا لە ریزی خراپترین سوپاکاندایە“.


روونیشی کردەوە: ”سەرەڕای ئەو ملیاران دۆلارەی بۆ چەک خەرج کراوە، سوپای عێراق لە ماوەیەکی کەمدا سێ پارێزگای بۆ داعش چۆڵ کرد و چەکەکانیشی بەجێ هێشت“.


پێشووتر سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانى عیراق رای گەیاندبوو لە ماوەی ساڵانی رابردوودا حکوومەتی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان گرێبەستی جیاجیای بۆ کڕینی تانک و جۆرەکانی فڕۆکە و چەک و پێداویستیی سەربازی ئیمزا کردووە، کە لە زۆربەیاندا گەندەڵی هەیە. ئەو گوتى: "لە گرێبەستی تایبەت بە کڕینی فڕۆکەی ئێف 16 و تانکی ئەبرامز، کەموکوڕی و گەندەڵیی گەورە هەیە".