دەیان ماڵباتی سلێمانی و هەڵەبجە داوای مێرمنداڵەکانیان لە PKK دەکەنەوە

لەگەڵ داوای لادانی گۆشەگیریی ئۆجەلان لە تورکیا لەلایەن پەکەکەوە

07/02/2019 - 15:26 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لەگەڵ داوای لادانی گۆشەگیریی ئۆجەلان لە تورکیا، دەیان ماڵباتی خەڵکی هەڵەبجە و سلێمانی، داوای لادانی گۆشەگیریی مێرمنداڵ و کەسوکارەکانیان لە PKK کردووە. چاودێرێکی سیاسییش پێی وایە، لەدوای دەستگیرکردنی ئۆجەلانەوە، پەکەکە سیاسەتێکی دووفاقی پێڕەو دەکات، ئەگەر ئازادی بداتە ئەندام و گەریلاکانی، ژمارەیەکی زۆریان چەکەکانیان دادەنێن.


لە نامەیەکدا، کە کۆپییەکی لەبەردەستی (باس)دایە و ئاراستەی سەرکردایەتیی PKK لە قەندیل کراوە، دەیان ماڵباتی سنووری هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی، داوای لادانی گۆشەگیریی سەر مێرمنداڵەکانیان کردووە، کە لە لایەن پەکەکەوە بۆ کاری سەربازی وەسوود دەهێنرێن.


بەپێی زانیارییەکانی (باس)، بەهۆی ئەو بارودۆخەی پێشتر لە سنووری هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانیدا هەبووە، لە رێگەی نووسینگەکانی تەڤگەری ئازادی و رێکخراوەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان، بە دەیان مێردمنداڵ، کە ژمارەیان تەنیا لە هەڵەبجە زیاتر لە 150 مێرمنداڵ دەبێت و زۆربەیان لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی خوێندندا بوون، براونەتە قەندیل و لە رۆژی بردنیانەوە لە پێوەندی لەگەڵ ماڵباتەکانیان دابڕێنراون و گۆشەگیر کراون و هیچ زانیاری و هەواڵێکیان لەبارەوە نییە.


هەر بەپێی زانیارییەکان، لە سلێمانی و شنگالیشدا بە هەمان شێوە، ژمارەیەکی زۆر مێرمنداڵ لەلایەن رێکخستنەکانی پەکەکەوە کاریان لەسەر کراوە و ئێستا لە قەندیلن و خانەوادەکانیان نازانن لە چ بارودۆخێکدان.


لە نامەکەدا، کە کەسوکاری ئەو مێرمنداڵانە بۆ سەرکردایەتیی PKKیان ناردووە، ئاماژەیان بەوەش داوە، لەپاڵ داواتان بۆ لادانی گۆشەگیری لەسەر سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجەلان لە تورکیا، گۆشەگیریی سەر منداڵەکانمان لابدەن، تیایدا هاتووە: “ئێوە کە خۆتان بە پێشڕەوی پاراستنی مافی ژنان دەزانن، ئایا ئەو ژنانەی کە ژنیان بەسەر هاتووە خەفەتبارترن، یان ئەو دایک و خوشکانەی کە ئێوە ناهێڵن برا و منداڵەکانیان ببینن”.


ئاماژە بەوەش دراوە، ئەوەی دەیکەن دوو جار زوڵمە، یەکەمیان لەو مێرمنداڵانەی کە گۆشەگیرتان کردوون، دووەمیان لەو خانەوادانەی کە تەنیا بە کوژراوی نەبێت، ناتوانن منداڵەکانیان ببیننەوە.


لەمبارەیەوە یەکێک لەو باوکانەی کە داوای کرد ناوی نەبرێت، کە لەلایەن پەکەکەوە، منداڵەکەی لە هەڵەبجە بردراوە، بۆ (باس) گوتی: “چەندین جار سەردانی قەندیلم كردووە، بەڵام بەداخەوە پەكەكە ئامادە نەبووە كوڕەكەم نیشان بدەن و هیچ وەڵامێكیان نەداومەتەوە".


ئاشکراشی کرد، هەموو نەورۆزان لە کاتی ئاهەنگگێڕان دەڕواتە قەندیل، بەڵکوو سۆراغێکی کوڕەکەی دەست بکەوێت.


لای خۆشیانەوە، فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە، بۆ (باس) رای گەیاند، لە سنووری هەڵەبجە و پێنجوێن و ناوچەكە، تا ئێستاش بە بەردەوامی گەنج و لاو دەبرێنە بۆ قەندیل بۆ کاری سەربازی، گوتیشی: ”ئەم دیاردەیەی دەستی پەكەكە بووەتە جێی نیگەرانیی خەڵكی ناوچەكە”.


هاوکات، ئاراس عەبدوڵا، شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو کارەی پەکەکە دەیکات لە بەکارهێنانی مێرمنداڵان بۆ ململانێی سەربازی، لە رووی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە و لە رووی بنەماکانی مافی مرۆڤیشەوە رێگەپێدراو نییە، هەر ئەو کارانەی پەکەکەش بووە کە وایان کرد لە رووی نێودەوڵەتییەوە پەکەکە لە چەند وڵاتێک، بەتایبەتی لە ئەمەریکا بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.


گوتیشی: “بەداخەوە ئه‌و واقیعه نوێیه‌ی ئێستا په‌که‌که‌ پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ و ئایدۆلۆژیای سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ زۆر جیاوازە، هه‌موو پارته‌ سیاسییه‌کان و بگره‌ خه‌ڵکی کوردستانیش له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، که‌ په‌که‌که‌ له‌ حزبێکی خه‌باتگێڕ بووه‌ به هێزێک بۆ مه‌رامی سیاسیی هه‌ندێ وڵات له‌ ناوچه‌که‌دا به‌کار ده‌هێنرێت، به‌تایبه‌تی دوای ده‌ستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجه‌لان و قورخکردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌سه‌ڵاتی په‌که‌که‌ له‌لایه‌ن هەندێ لە سەرکردەکانی ئێستایەوە، کە سیاسه‌تی دووفاقی له‌ به‌رنامه و ئایدۆلۆژیا و ستراتیژیه‌تی ئه‌و حزبه‌ زۆر بەڕوونی دەرکەوتووە”.


ئاماژەی بەوەش دا، پەکەکە لەلایەک داوای هه‌ڵگرتنی گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجه‌ڵان ده‌کات، بەڵام خۆشیان ئەو مێرمنداڵانەی چوونەتە ریزەکانیانەوە لە کەسوکارەکانیان دەشارنەوە، گوتیشی: ”ئەوەی پەکەکە ئێستا دەیکات، تەنیا ‌سیاسه‌تێکی دووفاقییە، لەلایەک خۆیان داوای لادانی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان و دیموکراسی ده‌که‌ن له‌ تورکیا، خۆشیان پیادەی ناکەن، تەنانەت لەناو خودی حزبەکەی خۆیاندا، رێگە بە ئەندام و چەکدارانیان نادەن بە کەسوکاریان شاد بن“.