خورماتووییه‌كان بەردەوام باجی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر دەدەن

زیانەکان بە ملیۆنان دۆلارن و کەس قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌ته‌وه‌

12/01/2019 - 14:56 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

كورده‌كانى خورماتوو له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017، كاتێك كه‌ شاره‌كه‌یان له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ داگیر كرا، له‌لایه‌ن ئه‌و میلیشیایانه‌وه‌ كاره‌ساتیان به‌سه‌ردا هێنرا و به‌ سه‌دان خانوو و دوكانیان لێ سووتێنرا و ته‌قێنرانه‌وه‌، یان به‌تاڵان بران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ زیانی گیانی، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ خورماتوو بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئێستا به‌شێكى به‌رچاو له‌ كوردانى خورماتوو، كه‌ له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017ه‌وه‌ ئاواره‌ بوون، گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ خورماتوو، به‌ڵام زۆرینه‌یان دۆخیان ناله‌باره‌، چونكه‌ له‌ خورماتوو به‌ سه‌دان ماڵ زیانى به‌ركه‌وتووه‌ و به‌شێكى زۆری ئه‌و خێزانانه‌ كه‌ خانووه‌كانیان له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ته‌قێنراوەتەوه‌ یان به‌تاڵان براوە و سووتێنراوە، توانای چاكردنه‌وه‌یان نییه‌ و ئێستا له‌نێو خانووی كرێدان، حكوومه‌تى عێراقیش تاوه‌كوو ئێستا قه‌رەبووى هاووڵاتییانى زیانمه‌ندى خورماتووی نه‌كردووه‌".


سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، ئه‌و كاره‌ساتانه‌ى كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017 له‌ خورماتوو روویان دا، له‌ هیچ ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان روویان نه‌دا، چونكه‌ له‌ خورماتوو خه‌ڵك شه‌هید و بریندار كرا و سه‌دان خانوو و دوكانى هاووڵاتییان به‌تاڵان بران و سووتێنران و ته‌قێنرانه‌وه‌، ئێستاش هیچ لایه‌ك ئاوڕ له‌ دۆخى كوردانى شارى خورماتوو ناداته‌وه‌، كه‌ نه‌به‌ردانه‌ له‌ دوو شه‌ڕى گه‌وره‌ى دژ به‌ حه‌شدى شه‌عبی پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر وه‌ستانه‌وه‌، به‌ڵام له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى رابردوودا گه‌وره‌ترین خیانه‌تیان لێ كرا و ئێستاش كوردانى شاره‌كه‌ رووبه‌ڕووى چه‌ندین گرفت ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانیان ئاسان نییه‌، چونكه‌ كورد له‌ شاره‌كه‌دا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نییه‌ و توركمانێكى شیعه‌ى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبیش كراوه‌ته‌ قایمقامى شاره‌كه‌.


هاوكات، گرووپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تى له‌ژێر ناوى زیندووكردنه‌وه‌ى میانگیریی یووئێن ده‌رباره‌ى ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان راپۆرتێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ له‌و ناوچانه‌دا رێككه‌وتن بكرێت و له‌به‌رامبه‌ردا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش رۆڵی به‌رچاویان هه‌بێت، رێكخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كى له‌ زاری رێكخه‌ره‌كه‌وه‌ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌، تێیدا له‌ بابه‌تى ئه‌و رووداوانه‌ى كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو و رۆژانی دوایی دژ به‌ كورده‌كانى خورماتوو له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ئه‌نجام درا، دیندار زێباری، رێكخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ڕای گه‌یاند، له‌ ئه‌نجامى رووداوه‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017، به‌داخه‌وه‌ پێكدادان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ دروست بوو، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه‌ دیسان قوربانیی ئه‌و رووداوانه‌ و گیانله‌ده‌ستدانى ژماره‌یه‌كى زۆر و سووتاندن و رووخاندنى ماڵی ده‌یان هاووڵاتیی ئه‌و ناوچانه‌ و بۆ ماوه‌یه‌ك پرۆسه‌ى خوێندن له‌ به‌شێكى زۆری ئه‌و ناوچانه‌ په‌كخرا و و زۆربه‌ى ناوه‌نده‌كانى خوێندنیش داخران، هه‌روه‌ها به‌ دەیان هه‌زاریشیان ئاواره‌ بوون و ناوچه‌كانى خۆیان جێ هێشت، ئه‌و رووداوانه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ى كه‌ ره‌وشى ناوچه‌كه‌ ئاڵۆزتر بێت و لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى وه‌ك یۆنامى و ئه‌نجومه‌نى نوبێنه‌رانی عێراقیش لیژنه‌ی تایبه‌تیان بۆ به‌دواداچوون له‌ راستییه‌كان له‌و ناوچانه‌ پێكهێنا.


هه‌روه‌ها زێباری له‌باره‌ى پێكهێنانى لێژنه‌ى به‌دواداچوونى راستییه‌كان له‌لایه‌ن یۆنامییه‌وه‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ ڕوو، دواى رووداوه‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017، داوامان له‌لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌تایبه‌ت یۆنامى كرد، كه‌ پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى بێلایه‌نانه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كان بکەن. به‌تایبه‌ت له‌ خورماتوو، چونكه‌ هاووڵاتییانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان دووچارى نه‌هامه‌تییه‌كى زۆر و ئاواره‌یی و سووتانى ماڵ و خانوو و شوێنه‌ بازرگانییه‌كانیان بوونه‌ته‌وه‌ و ده‌یان هه‌زاریان له‌ شاره‌كانى كوردستان ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بوون، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌، به‌هاناى خه‌ڵكى ئه‌م ناوچانه‌وه‌ بێن و لێكۆڵینه‌وه‌ى ورد له‌ رووداوه‌كاندا بكه‌ن. له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریى عێراق (یۆنامی) لێژنه‌یه‌كى به‌دواداچوونى راستییه‌كانی پێكهێنا و سه‌ردانى خورماتووى كرد، یۆنامى راپۆرتى خۆی سه‌باره‌ت بە سه‌ردانى تیمه‌كه‌یان بڵاو كرده‌وه‌، له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌ ئاواره‌بوونى ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتییانى خورماتوو ده‌كات، كه‌ روویان له‌ شاره‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى كردووه‌، به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئاماره‌كانى رێكخراوى جیهانیى كۆچ، به‌ڵام ئه‌و ژماره‌یه‌ى كه‌ باس كرابوو، كه‌متر بوو له‌وه‌ى كه‌ له‌ واقیعدا هه‌یه‌ و ئاماره‌كانیان ره‌نگدانه‌وه‌ى دروستى رووداوه‌كانن، چونكه‌ خورماتوو زیانێكى زۆری به‌ركه‌وتووه‌ و زیاتر له‌ 31،000 خێزان، كه‌ ده‌كاته‌ 100،000 كه‌س، ئاواره‌بوون و شوێنه‌كانی خۆیان جێ هێشتووه‌ و زیاتر له‌ 150 ماڵیش تێكدراون، هه‌روه‌ها 19 كارگه‌ و چێشتخانه‌ى هاووڵاتییان و به‌ سه‌دان دوكانى هاووڵاتییان تاڵان كراون و سووتێنراون، به‌شێوه‌یه‌كى گشتى، ئه‌و زیانانه‌ی به‌و شاره‌ كه‌وتووه‌، به‌ ملیۆنان دۆلار ده‌قەبڵێنرێت.


سه‌رچاوه‌كه‌ى پێشووى (باس) ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئه‌و زیانانه‌ى كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر ساڵی 2017دا به‌سه‌ر خورماتوودا هێنرا، زۆر له‌و ئامارانه‌ زیاتره‌، كه‌ رێكخراوه‌كان بڵاوى ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌ خورماتوودا 85 خانووى هاووڵاتییانى خۆبه‌خش و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ سه‌دان خانوو و دوکانى هاووڵاتییان تاڵان كراون و سووتێنراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سووتانی چه‌ندین كارگه‌ و چێشتخانه‌ى هاووڵاتییانى كورد و ئاواره‌بوونى خەڵکەکەی بۆ هه‌رێمى كوردستان.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، سه‌ردار ئه‌حمه‌د، سكرتێری ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خورماتوو، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017، كورد له‌ خورماتوو به‌ گشتی زیانی به‌ركه‌وت و خه‌ڵكه‌كه‌ ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون، به‌ڵام هیچ لایه‌ك تاوه‌كوو ئێستا ئاوڕی جدیی له‌ كوردانى خورماتوو نه‌داوه‌ته‌وه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت ناوبه‌ناو هه‌ندێك رێكخراو له‌باره‌ى زیان و لێكه‌وته‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌ر سه‌ردانى خورماتوو ده‌كه‌ن".


ڕاشی گه‌یاند: "هه‌وڵێك هه‌یه‌ به‌پێی یاسای قوربانییانى تیرۆر، كه‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌ ساڵی 2008ه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و ئێستاش نووسینه‌گه‌یه‌كیان له‌ خورماتوو كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ زیانمه‌ند بوونه‌ له‌ رووداوه‌كاندا، به‌تایبه‌ت رووداوه‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌ڵگه‌نامه‌كان پێشكه‌ش به‌و نووسینگه‌یه‌ ده‌كه‌ن، به‌ مه‌به‌ستى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان و پاشان نووسینگه‌كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانیان ده‌نێرێت بۆ نووسینگه‌ى فه‌رعیی له‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین و له‌وێشه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى به‌غدا ده‌كرێت، به‌ڵام هاووڵاتییانى خورماتوو، ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، تاوه‌كوو ئێستا قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێش 16ی ئۆكتۆبه‌رى رابردوو، توركمانه‌ شیعه‌كانى خورماتوو، ئه‌وانه‌ى كه‌ به‌شێكیان له‌ ته‌قینه‌وه‌كاندا زیانیان به‌ركه‌وت، له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ قه‌ره‌بوویان وه‌رگرت، کەچی كورد سەرەڕای ئەوەی له‌ شاره‌كه‌ زیانى زۆری به‌ركه‌وتووه‌، بەڵام قه‌ره‌بوو ناكرێنه‌وه‌".


له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017 میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی خورماتوویان به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكارى ناو یه‌كێتی داگیر كرد و پاشان میلیشیاكان ده‌ستیان كرد به‌ سووتاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ و به‌تاڵانبردنى ماڵی هاووڵاتییانى كورد.