خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركووكی کردەوە بە (تەئمیم)

"پێشبینیی ئه‌وه‌ ده‌كرێت، ناوى شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كانى كه‌ركووكیش بۆ ناوه‌كانى كاتى به‌عس بگه‌ڕێته‌وه‌"

10/01/2019 - 15:49 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى ته‌عریبدا و لە لێکەوتەکانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وە، ناوى كه‌ركووك بۆ (ته‌ئمیم) ده‌گۆڕدرێته‌وه‌ و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش ناڕه‌زایی هاووڵاتییانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، كه‌مال فاتیح، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "پرۆسه‌یه‌كى چڕی ته‌عریبكردن له‌ كه‌ركووك ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ خۆی له‌ هێنانى خێزانى عه‌ره‌بی هاورده‌ بۆ سنوورى پارێزگاكه‌ ده‌بینێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئیداره‌ى كه‌ركووك كارئاسانى بۆ ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ ده‌كات بۆ نیشته‌جێبوونیان و كارتى زانیارییان بۆ ده‌رده‌كرێت و فۆرمى خۆراكیشیان بۆ كه‌ركووك ده‌گوزارێته‌وه‌. هاوكات، ئێستا له‌ كه‌ركووك جارێكى تر ناوى (ته‌ئمیم) گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌و ناوه‌ له‌ كاتى رژێمى به‌عسدا بۆ پارێزگاى كه‌ركووك نرابوو و دواى ساڵی 2003 ناوى پارێزگاى ته‌ئمیم کرایەوە بە كه‌ركووك، به‌ڵام له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا و له‌سه‌ر پسووله‌ى وه‌رگرتنی بەنزین، كه‌ ئێستا له‌ كه‌ركووك هه‌ر شۆفێرێك هه‌فتانه‌ بڕێك به‌نزین له‌ بەنزینخانه‌ حكوومییه‌كان وه‌رده‌گرێت، لەجیاتی كه‌ركووك ناوى (ته‌ئمیم) نووسراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى به‌عس و ده‌سه‌ڵات له‌ كه‌ركووك رۆژ له‌دواى رۆژ كار بۆ به‌عه‌ره‌بكردنه‌وه‌ى كه‌ركووك ده‌كات، كاریش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ناوه‌ عه‌ره‌بی-به‌عسییه‌كان ده‌كات، ره‌نگه‌ بۆ داهاتوو ناوى ئه‌و قوتابخانانه‌ى كه‌ پێشتر به‌ نموونه‌ ناویان سه‌وره‌ و عرووبه‌ و ناوگه‌لێكى دیكه‌ بوو بكات و ئه‌گه‌ر رێگه‌یان لێ نه‌گیرێ ئه‌وه‌شیان بۆ ده‌چێته‌ سه‌ر".


ئه‌و به‌رپرسه‌ى كۆمه‌ڵی ئیسلامى له‌ كه‌ركووك ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ى ناوى (ته‌ئمیم) بۆ سه‌ر پسووله‌ و نووسراوه‌كان ئاماژه‌یه‌كى مه‌ترسیدارى ته‌عریبه‌ له‌ كه‌ركووك، بۆیه‌ پێویسته‌ حزبه‌ كوردییه‌كان به‌تایبه‌ت یه‌كێتی و پارتی كارى جدى بكه‌ن بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركووك و ئه‌وان له‌ناو خۆیاندا رێك بكه‌ون بۆ كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك و هه‌روه‌ها دانانى پارێزگارێكى كورد بۆ شاره‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر هیچ نه‌بێت، كۆتایی به‌ هه‌ندێك پرۆسه‌ بهێنرێت، كه‌ دژ به‌ كورد له‌ پارێزگاى كه‌ركووك گیراوه‌ته ‌به‌ر.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، كاوه‌ ئه‌حمه‌د، كارگێڕی لقی كه‌ركووكى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "یاسا له‌ كه‌ركووك جێبه‌جێ ناكرێت و ئه‌و بڕیارانه‌ى له‌ كه‌ركووك، كه‌ خۆی له‌ كارتى نیشتمانى ده‌بینییه‌وه‌ و ئێستاش پسووله‌ى وه‌رگرتنی به‌نزین ده‌بینێته‌وه‌ و ناوى ته‌ئمیمى له‌سه‌ر زیاد ده‌كرێت، كه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ هی كاتى سه‌رده‌مى به‌عسه‌ و ئێستا جێبه‌جێ ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌و بڕیارانه‌ له‌ ساڵانى حه‌فتاكان له‌سه‌ر كه‌ركووك دراوه‌، ته‌عریبكردنه‌وه‌یه‌كى زه‌قه‌ كه‌ له‌ شاره‌كه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت".


گوتیشی: "بابه‌تی كه‌ركووك واى لێ كراوه‌ كه‌ رێگایه‌كى بۆ نه‌هێڵدرێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى و بگره‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پرۆسه‌ى ته‌عریب زیاتر ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌ و هاتنی خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ كه‌ركووك به‌رده‌وامه‌، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ له‌دواى ساڵی 2005ه‌وه‌ پاره‌ى قه‌ره‌بووى ماده‌ى 140یان وه‌رگرت و گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنه‌كانی پێشووى خۆیان، هه‌روه‌ها نفووسیان گواسته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا جارێكى تر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك و نفووسه‌كانیشیان گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركووك و كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ناڕوات، بۆیه‌ تێڕوانینی پارتی له‌سه‌ر كه‌ركووك ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌و شاره‌ داگیر كراوه‌ و ئێستاش حكوومى سه‌ربازى له‌ كه‌ركووك په‌یڕه‌و ده‌كرێت و داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌كان په‌ك خراون‌، له‌په‌ناى ئه‌وه‌ش، ته‌عریب ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌ و كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكیش په‌ك خراون و له‌و بڕیارانه‌ى كه‌ دژ به‌ كورد ده‌رده‌كرێن پرس به‌ هیچ لایه‌نێك ناكرێت".


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كه‌ركووك بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "پسووله‌ى به‌نزین ساڵانێكه‌ له‌ كه‌ركووكدا هه‌یه‌ و ناوى كه‌ركووكى له‌سه‌ر نووسرابوو، واتا ئه‌و شۆفێره‌ له‌ چوارچێوه‌ى كه‌ركووكدا ده‌توانێت هه‌فتانه‌ بڕێك به‌نزین له‌ یه‌كێك له‌ به‌نزینخانه‌ حكوومییه‌كان وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌و پسووله‌یه‌ كه‌ تازه‌ چاپ كراوه‌ بۆ ساڵی 2019 له‌جیاتی ناوى كه‌ركووك ناوى (ته‌ئمیم)ى له‌سه‌ر نووسراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی هاووڵاتییانى كه‌ركووك، به‌تایبه‌ت كوردى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌".


سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، هه‌ر وه‌ك چۆن له‌ دوو مانگى رابردوودا، له‌ نووسراوه‌ فه‌رمییه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووكدا زمانى كوردى سڕایه‌وه‌ و ته‌نیا به‌ زمانى عه‌ره‌بی له‌ كلێشه‌كاندا ده‌نووسرا، ئێستاش پێشبینیی ئه‌وه‌ ده‌كرێت، ناوى شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كانى كه‌ركووكیش بۆ ناوه‌كانى كاتى به‌عس بگه‌ڕێته‌وه‌.


له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی رابردوودا، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی، كه‌ركووكییه‌كان به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌ته‌كارى ناو یه‌كێتی داگیر كرد و له‌و كاته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى دۆخی ئه‌منیى پارێزگاكه‌ تێك چووه‌، پرۆسه‌ى ته‌عریب ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌.