مه‌ترسییه‌كانى ئاڵوودەبوونی مرۆڤ به‌ ماده‌ى بێهۆشكه‌ر

 

09/01/2019 - 16:18 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

كۆمه‌ڵناسێك مه‌ترسییه‌كانى ئاڵووده‌بوون به‌ ماده‌ى بێهۆشكه‌ر لەگەڵ هۆكار و نیشانه‌كانى كه‌سى ئاڵوده‌بوو، هه‌روه‌ها چۆنیه‌تى چاره‌سه‌ریان ده‌خاته‌ڕوو.


نه‌وزاد پێشڕه‌و، كۆمه‌ڵناس بۆ (باسنیوز) گوتى: "كه‌شوهه‌واى خێزان پاڵنه‌ره‌ بۆ ئاڵووده‌بوونى ئه‌ندامانى خێزان بە مادەی هۆشبەر، هەروەها زۆربوونى كێشه‌و گیروگرفتى خێزانى پاڵنه‌ره‌ بۆ ئه‌وەى ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ په‌نا بۆ ماده‌ى بێهۆشكه‌ر ببه‌ن".

 

گوتیشی: "گرنگى نه‌دانى دایك و باوك لێ نەپرسینەوە له‌ منداڵه‌كانیان به‌ تایبه‌تى له‌ ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاریدا، هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئاڵووده‌بوون بەو مادەیە".

  

ئاشکراشیکرد، له‌و وڵاتانه‌ى بارودۆخى ئابوورى خراپه‌ رێژه‌ى ئاڵووده‌بووان زیاتره‌ له‌و وڵاتانه‌ى کە بارودۆخى ئابوورى جێگیره‌، هەروەها نه‌بوونى هۆشیارى له‌ نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا، كێشه‌ى كار و ده‌روونى هۆكارى دیكه‌ن بۆ ئاڵوودەبوونی تاك بەو ماده‌یە.

 

ئەو کۆمەڵناسە ڕوونیشی کردەوە، ئاڵووده‌بوون بەو مادەیە كه‌سانى توشبوو به‌ره‌و مردن ده‌با، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگاش به‌ره‌و په‌رته‌وازه‌یى ده‌بات به‌ تایبه‌تى ئه‌گه‌ر كه‌سانى توشبوو له‌ چینى گه‌نجان بن.

 

ئاماژەشی بەوە کرد، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كه‌سانى ئاڵووده‌بوو پێویسته‌ سه‌نته‌ر و شوێنى تایبه‌ت هه‌بێت كه‌سانى پسپۆر سه‌رپه‌رشتى بكه‌ن، كه‌سانى نزیك له‌ كه‌سى ئاڵووده‌بوو ده‌توانن رۆڵى كاریگه‌ر ببینن بۆ یارمه‌تیدانى کەسی ئاڵوودەبوو بەمەبەستی ده‌ستهه‌ڵگرتنى له‌ ماده‌ى بێهۆشكه‌ر له‌ رێگه‌ى گه‌یاندنى بۆ لاى كه‌سى پسپۆر.

 

جەختیشی کردەوە، کە پێویسته‌ كۆمه‌ڵگا هۆشیار بكرێته‌وه‌ له‌ ڕێگاى بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشیارى له‌ ناوه‌نده‌كانى فێركردن و راگه‌یاندنه‌كان له‌ مه‌ترسیه‌كان و كارلێكه‌وته‌كانى ماده‌ى بێهۆشكه‌ر.