پەرلەمانتارێکی عێراق: بەغدا پارەی بۆ 682 هەزار فەرمانبەری هەرێمی كوردستان تەرخان كردووە

"لە بودجەی سیادیدا 2 ترلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ حەشدی شەعبی تەرخان كراوە، بەڵام یەك دینار بۆ پێشمەرگە تەرخان نەكراوە"

09/01/2019 - 14:49 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

شیروان میرزا حەملان، پەرلەمانتاری یەكێتی و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چەند پرسێكی پەیوەست بە بودجەی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو.


سەرەتا ئەوەی خستە روو، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق لە پەرلەماندا خوێندنەوەی دووەمی بۆ كراوە، گوتی: "بەپێی یاسا، كە خوێندنەوەی دووەم كرا، ئێمە ناتوانین هیچی تری بۆ بكەین، تەنیا موناقەلە و كەمكردنەوەمان بەدەستە، بۆیە چاوەڕێی گۆڕانكاریی زۆر گەورە ناكەین، بەڵكوو چاوەڕێی ئەوە دەیكەین بزانین حكوومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە رێژەی 12.7ی كە بۆی دیاری كراوە، یان پابەند نابێت".


روونیشی كردەوە، بەپێی بودجە، بەشی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2019 بەگشتی 9 ترلیۆن و 700 ملیار دینارە، گوتیشی: "ئەوەی كێشەیە ئەوەیە ئەو پارەیە مانگانە بەپێی نەفەقاتی فیعلی دەنێردرێت، مەرج نییە ئەو پارەیە هەمووی بنێردرێت بۆ كوردستان".


شیروان میرزا، پێشبینیی ئەوە دەكات، لە كۆتایی ئەم مانگەدا بودجەی 2019 بە كەمێك دەستكارییەوە پەسند بكرێت، دەشڵێت: "یەكێك لەو سیناریۆیانەی وەزیری دارایی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە ئەوەیە، ئەگەر هەرێم و ناوەند لەسەر بودجە رێك نەكەون، ئەو 317 ملیارەی لە 2018 دەنێردرا زیاد بكرێت و بەردەوام بێت، تاوەكوو هەردوولا دەگەنە رێككەوتن، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران ئەو سیناریۆیەی نەخستووەتە نێو بودجە، ئەگەر لەنێو بودجە بوایە ئەوە بەغدا مانگانە 457 ملیاری دەنارد و هەرێمیش نەوتی خۆی دەفرۆشت".


حەملان، رەخنە لە حكوومەتی عێراق دەگرێت، كە هیچ بڕە پارەیەكی لە بودجەدا بۆ پێشمەرگە تەرخان نەكردووە، دەشڵێت: "لەسەر بودجەی سیادی بۆ حەشدی شەعبی، 2 ترلیۆن و 500 ملیار دینار تەرخان كراوە، بەڵام یەك دینار بۆ پێشمەرگە تەرخان نەكراوە، بەداخەوە پێشمەرگە ئەو هەموو قوربانییەی دا، بەڵام ئەوە حاڵی بودجەی پێشمەرگەیە و حكوومەتی عێراق كەمتەرخەمە بەرامبەر بە پێشمەرگە".


ئەو پەرلەمانتارە راشی دەگەیەنێت، پێشنیاریان كردووە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان مانگانە بنرێردرێت و تێكەڵ بە سیاسەت نەكرێت و مووچەیان بۆ دابین بكرێت: "لە بودجەدا بڕگەیەك هەیە 5 ترلیۆن و 448 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، ئەویش بۆ 682 هەزار و 21 فەرمانبەر، ئەوەش بەبێ پاشەكەوتە، بەڵام مەرجەكە ئەوەیە، كە دەبێت هەرێم بە بودجە رازی بێت".


پەیوەست بەوەی مووچە و ئیمتیازی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی بخرێتە سەر بەغدا، ئەو گوتی: "لیستی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دراوە بە بەغدا، دەزگای شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی عێراق كاری لەسەر دەكەن و لێكتێگەیشتن هەیە، بەڵام تاوەكوو ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی نییە، كە بەتەواوی مووچەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی بكەوێتە سەر عێراق".


ئەو پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی جەخت دەكاتەوە، ئەوەی ئێستا ماوەتەوە دەكەوێتە سەر ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر چی رێك دەكەون، گوتیشی: "رێكکەوتنی هەولێر و بەغدا حوكم دەدات ئایا ئەوەی لە بودجەدا هەیە جێبەجێ دەكرێت یان شتێكی تر دەكرێت، تاوەكوو دەگەنە رێكکەوتن و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، چاوەڕێی ئەوەین پێش پەسندكردنی بودجە بەغدا ئەو مانگە چەند دەنێرێن بۆ كوردستان و پاش پەسندكردنی بودجە چەند دەنێرێت".


شیروان میرزا، دووپاتی كردەوە، لەو مانگەشدا بەغدا 317 ملیار دینارەكەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بنێرێت، گوتیشی: "ئەو مانگە ئەو 317 ملیارە دەنێردرێت، ئەگەر رێكکەوتنی نوێش نەكرێت ناردنی 317 ملیارەكە بەردەوام دەبێت، تا دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی، بەڵام پێشبینی ناكەم پارەی سێ مانگی ساڵی رابردوو بنێرێت، كە زیاتر لە 952 ملیار دینار دەكات، راستە نووسراو كراوە بۆ بەغدا بۆ خەرجكردنی، بەڵام هیچ نووسراوێكی فەرمی لە لایەن بەغدا نەكراوە".


ئەو پێی وایە، باشیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و هاتنە كایەی هەلومەرجی تازە دەبێت لە لایەن هەرێمی كوردستان بقۆزرێتەوە بۆ قازانجی خەڵكی كوردستان، گوتیشی: "ئێستا ماوەیەكە نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕیی كوردستان هەناردە دەكرێت، ئەوەش شتێكی باشە، پێشووتر رۆژانە 60 هەزار بەرمیل دەنێردرا، ئێستا رۆژانە 100 هەزار بەرمیلە، مانگانە دەكاتە زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل، ئەوەش پارەیەكی باشە بۆ عێراق و یەكێكە لە رێكکەوتنە باشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا".


گوتیشی: "باشترە نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕیی كوردستانەوە بفرۆشرێت، بۆ ئەوەی داهاتەكەی دیار بێت و بزانرێت پارەكەی چۆن خەرج دەكرێت".


ئەو بە مەترسیی دەزانێت بۆ سەر ئابووریی عێراق ئەگەر نرخی نەوت زیاتر دابەزێت، گوتیشی: "لە بودجەدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 56 دۆلار قەبڵێندراوە، بۆیە كەمبوونەوەی نرخی نەوت كورتهێنان لە بودجە زیاد دەكات، ئەوەش باری سەرشانی عێراق لە رووی دارایی قورستر دەكات، بڕیار بوو قەبڵاندنی نرخی نەوت كەمتر بكرێتەوە، بەڵام پێشبینیی ئەوە دەكرێت نرخی نەوت بەرزتر بێتەوە".