له‌ ئامێدی په‌كه‌كه‌ گه‌نجێک به‌ 8 گوللە شه‌هید و پاش ساڵێکیش داواى لێبوردن له‌ خێزانه‌كه‌ى ده‌كات

 

رۆژهات لوقمان - رۆژیار 09/01/2019 - 14:32 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

پێش ساڵێك له‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌ى دێره‌لووكى سه‌ر به‌ قه‌زاى ئامێدی، له‌ رۆژهه‌ڵاتى پارێزگاى دهۆك، چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر جاده‌ى گشتیى ناحیه‌كه‌ و به‌ ئاشكرا و له‌به‌رچاوى خه‌ڵكدا، دوو گه‌نج ده‌كه‌نه‌ قوربانى، كه‌ یه‌كێك له‌و گه‌نجانه‌ به‌ هه‌شت گولله‌ شه‌هید ده‌كه‌ن و ئه‌وى تریش بریندار ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یبه‌ن. دواى تێپه‌ڕبوونى ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌، ئێستا په‌كه‌كه‌ داواى لێبوردن له‌ خێزانى ئه‌و كوڕه‌ ده‌كات كه‌ شه‌هیدیان كردووە و ده‌ڵێن، ئه‌وان به‌ هه‌ڵه‌ ئه‌و گه‌نجه‌یان شه‌هید كردووه‌.


عزه‌ت عه‌بدى عه‌بدولره‌حمان، برای (بلند عه‌بدى) ئه‌و گه‌نجه‌ى په‌كه‌كه‌ شه‌هیدى كرد بۆ (باس) گوتى: ”له‌ رێكه‌وتى 25/11/2017 رۆژى شه‌ممه‌ بوو كه‌ ده‌كاته‌ پێش ساڵێك، سەعات 3ى ئێواره‌ كه‌سێك به‌ ناوى (سه‌رهات ئه‌نوه‌ر) كه‌ هاوڕێى (بلند)ى برام بوو، په‌یوه‌ندیى به‌ براكه‌مه‌وه‌ كرد و له ‌ماڵ ده‌رچوون و نه‌مانزانى به‌رەو كوێ چوون، تا کاتژمێر 5ى ئێواره‌ هه‌واڵى شه‌هیدبوونى بلندى برامان پێ گه‌یشت“. هه‌روه‌ها گوتى: ”سه‌رهات و بلندى برام به‌ مه‌به‌ستى سه‌ردانیكردنى هه‌ندێك پرسه‌ ده‌رچووبوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ردووكیان بوونه‌ قوربانى“.


عزه‌ت عه‌بدى، سه‌باره‌ت بۆ رووداوه‌كه‌ بۆ (باس) ئاشكراى كرد: ”بلندى برام له‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌ى دێره‌لووكى سه‌ر به‌ قه‌زاى ئامێدی شه‌هید بووه‌ و كاتێك بلند چووه‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ دوو ئۆتۆمبێل مه‌فره‌زه‌یه‌كیان له‌پێش و له‌پشتى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى بلند دانابوو و ته‌قه‌یان له‌ هه‌ردوو كه‌سه‌كه‌ كردبوو، بلند بریندار بووبوو و دواى ئه‌وه‌ى به‌ بریندارى له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ى دێته‌ خوارێ، په‌كه‌كه‌ هه‌شت گوللە له‌ بلند ده‌دەن و شه‌هیدى ده‌كەن“.


برای بلند هه‌روه‌ها بۆ (باس) گوتى: ”په‌كه‌كه‌ براكه‌ى منى به‌ تۆمه‌تى سیخوڕى شه‌هید كرد، به‌وه‌ى سیخوڕیى بۆ (میتى توركیا) كردووه‌ و خه‌مى گه‌وره‌ى ئێمه‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ په‌كه‌كه‌ براكه‌ى ئێمه‌ى به‌ خائین وه‌سف كردبوو“.


هه‌روه‌ها گوتى: ”بلندى برام به‌ هه‌شت گوللە له‌لایه‌ن چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر جاده‌ى گشتیى دیره‌لووك شه‌هید كرا و براده‌ره‌كه‌یشى (سه‌رهات ئه‌نوه‌ر) بریندار كرا و په‌كه‌كه‌ سه‌رهاتى به‌ بریندارى له‌گه‌ڵ خۆى برد و ته‌رمى براكه‌میان له‌سه‌ر جاده‌ به‌جێ هێشت، ئێستا په‌كه‌كه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ سه‌رهاتى هاوڕێى بلند شه‌هید بووه‌ و له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌“.


عزه‌تى براى بلند هه‌روه‌ها بۆ (باس) دوپاتى ده‌كاته‌وه‌: ”دواى تێپه‌ڕبوونى ساڵێك به‌سه‌ر شه‌هیدكردنى براكه‌م، ئێستا په‌كه‌كه‌ به‌ فه‌رمى له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕى خۆى بڵاوى كردووەته‌وه‌ و ئاشكراى ده‌كات، كه‌ (بلند) كه‌سێكى بێ تاوان بووه‌ و به‌ هه‌ڵه‌ كوشتوویانه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا، تاكوو ئێستا په‌كه‌كه‌ قه‌رەبووى شه‌هیدكرنى براكه‌میان به‌وه‌ى بێ تاوان بووه‌ پێشكه‌شى ئێمه‌یان نه‌كردووه‌ و گوتى: ”به‌ڵام ئێستا كه‌سێك كه‌ خه‌ڵكى ئامێدییه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌، به‌ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ هه‌ماهه‌نگیى هه‌بووه‌ له‌و رووداوه‌دا“.


له‌كۆتایی قسه‌كانیدا عزه‌ت عه‌بدى براى شه‌هید بلند به‌ رێى (باس)دا داوایه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات و ده‌ڵێت: ”جگه‌ له‌وه‌ى ئێمه‌ له‌ ماڵباتێكى كوردپه‌روه‌ر و پارتیخوازین و براكه‌مان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ شه‌هید كراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا براكه‌م له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى شه‌هیدانه‌وه‌ وه‌كوو (شه‌هید) هه‌ژمار نه‌كراوه‌، بۆیه‌ داوا له‌لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ین، (بلند)ى برامان وه‌كوو شه‌هید له‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان هه‌ژمار بكرێت، چونكه‌ براكه‌مان كه‌سێكى بێ تاوان بووه‌ و هیوادارین بێ تاوانیى ئه‌و بپارێزرێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ خه‌مه‌كه‌مان سووك بێته‌وه‌“.


شایه‌نى باسه‌، (بلند عه‌بدى) له‌ ته‌مه‌نى 38 ساڵیدا شه‌هید كرا، خه‌ڵكى ده‌ڤه‌رى ئامێدی بوو له‌ شارى دهۆك ده‌ژیا و خێزاندار بوو. له‌ لقى (18)ى پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌كوو كادر كارى ده‌كرد، به‌ڵام پێش ساڵێك له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تى سیخوڕیكردن بۆ (میتى توركى) به‌ هه‌شت گولله‌ شه‌هید كرا و ئێستا و دواى تێپه‌ڕبوونى ساڵێك له‌سه‌ر شه‌هیدكردنى، په‌كه‌كه‌ داواى لێبوردن له‌ ماڵباته‌كه‌ى ده‌كات، به‌وه‌ى بلند عه‌بدى كه‌سێكى بێ تاوان بووه‌ و ئه‌وان به‌ هه‌ڵه‌ شه‌هیدیان كردووه‌.