به‌هۆی خیانه‌تى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ لادانى به‌رپرسانى كورد له‌ پۆسته‌كانیان به‌رده‌وامه‌

زیاتر له‌ 200 به‌رپرسی ئه‌منى و ئیداریى كورد له‌ پۆسته‌كانیان دوور خراونه‌ته‌وه

09/01/2019 - 14:27 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

له‌ كه‌ركووك لادانى به‌رپرسانى كورد له‌ پۆسته‌كانیان درێژه‌ى هه‌یه‌ و له‌ نوێترین كرده‌وه‌دا، به‌رپرسێكى كورد به‌ فه‌رمانى پارێزگارى سه‌پێندراوى كه‌ركووك به‌ زه‌بری هێز له‌ پۆسته‌كه‌ى لابرا. به‌رپرسێكى پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، په‌رله‌مانتارانى یه‌كێتی نه‌یانتوانیوه‌ هیچ به‌ڕێوه‌به‌رێكى كورد له‌ كه‌ركووك، كه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ى كه‌ لادرابێ، بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ى و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی به‌ ”پاڵه‌وانانى فه‌یسبووك“ ناو برد.


به‌پێی نووسراوێكى دادگا، كه‌ واژۆی عه‌لی محه‌مه‌د جاسم، جێگرى سه‌رۆكى دادگای ئیستیئتافی نه‌ینه‌واى له‌سه‌ره‌ و وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌، تێیدا بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ عه‌مید شێرزاد مارف، به‌رپرسی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پاراستنی داموده‌زگا حكوومییه‌كانى كه‌ركووك كه‌ كورده‌، ده‌ركرا. چاودێرانی دۆخی كه‌ركووكیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و هه‌وڵه‌ش بۆ لادانى ئه‌و به‌رپرسه‌ كورده‌یه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ى، بۆ ئه‌وه‌ى عه‌ره‌بێك له‌ شوێنه‌كه‌ى دابنرێت.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، به‌رپرسێكى دیكه‌ى كورد له‌ پۆسته‌كه‌ى به‌ زەبرى هێز لابرا.


له‌م باره‌یه‌وه‌، حه‌ربی خالید، سه‌رۆكى لێژنه‌ى ئۆڵۆمپیی كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "لادانى (ناسیح شوانی) له‌ پۆسته‌كه‌ى وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى وه‌رزش و لاوانى كه‌ركووك له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى به‌عه‌ره‌بكردنه‌وه‌ى كه‌ركووكه‌ و پاشان كه‌سێكى عه‌ره‌ب له‌ شوێنه‌كه‌ى دانراوه‌، هیچ هۆكارێك نییه‌ بۆ لادانى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ كورده‌ له‌ پۆسته‌كه‌ى، كه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر باش كاره‌كانى خۆی ئه‌نجام داوه‌".


راشی گه‌یاند: "راپۆرتێكى هه‌ڵه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى وه‌رزش و لاوانى كه‌ركووك گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ وه‌زیری وه‌رزش و لاوانى عێراق، كه‌ وه‌زیر ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه‌، كه‌ له‌لایه‌ن راكان جبوورى، پارێزگارى به‌وه‌كاله‌تى كه‌ركووكه‌وه‌ ئه‌و راپۆرته‌ى بۆ نێردراوه‌، گوایه‌ زۆربه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شه‌كانى ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى وه‌رزش و لاوانى كه‌ركووك كورد بن، له‌كاتێكدا له‌ كۆی 18 به‌شی ناو ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌، ته‌نیا به‌رپرسی دوو به‌شیان كوردن، ئه‌وانى دیكه‌ سه‌رجه‌میان عه‌ره‌ب و توركمانن".


سه‌رۆكى لێژنه‌ى ئۆڵۆمپیی كركووك، ڕاشی گه‌یاند، هاوكات له‌ كۆی 350 فه‌رمانبه‌رى وه‌رزش و لاوانى كه‌ركووك، ته‌نیا 40 كه‌سیان كوردن، واتا له‌وه‌شدا غه‌در له‌ كورد كراوه‌.


به‌ڵام دواى بڕیارى لادانى به‌ڕێوه‌به‌رى وه‌رزش و لاوانى كه‌ركووك له‌ پۆسته‌كه‌ى، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ له‌ ده‌وامكردن هه‌ر به‌رده‌وام بووه‌، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ رێبوار ته‌ها، په‌رله‌مانتارى یه‌كێتی له‌ ئه‌كاونتى خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیى فه‌یسبووك بڵاوى كرده‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى وه‌رزش و لاوانى عێراق تاوتوێ لادانى به‌ڕێوه‌به‌رى وه‌رزش و لاوانى كه‌ركووكیان كردووه‌ و ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ كورده‌ له‌ پۆسته‌كه‌ى لانادرێت.


به‌ڵام رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو 3/1/2019، راكان جبوورى، پارێزگارى سه‌پێندراوى كه‌ركووك، هێزێكى سه‌ربازیى ناردووه‌ته‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى وه‌رزش و لاوانى كه‌ركووك و به‌ زه‌بری هێز به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌، كه‌ كورده‌، له‌ پۆسته‌كه‌ى لاداوه‌ و عه‌ره‌بێكى به‌ ناوى ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب داود عوبێدى له‌ شوێن داناوە.


هاوكات به‌پێی نووسراوێكى زانكۆی كه‌ركووك، كه‌ گۆڕانكارى له‌ سه‌رۆكى به‌شه‌كانى كۆلێژی په‌روه‌رده‌ى زانكۆی كه‌ركووك كردووه‌ و وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌، تێیدا له‌ كۆی 9 سه‌رۆك به‌ش ته‌نیا 2 سه‌رۆك به‌ش دراونه‌ته‌ كورد، له‌ كۆی ئه‌و 9 سه‌رۆك به‌شه‌، 5 سه‌رۆك به‌شیان كورد بوونه‌، به‌ڵام ئێستا 2 كه‌سیان كوردن و له‌ شوێن كورده‌كانی دیكه‌ عه‌ره‌ب دانراون.


پێشتریش سه‌رۆكایه‌تیى زانكۆی كه‌ركووك، چه‌ندین سه‌رۆك به‌شى كۆڵیژه‌ جیاجیاكانى زانكۆكه‌ی كه‌ كورد بوون، له‌ پۆسته‌كانیان لایداون و كه‌سانى عه‌ره‌ب و توركمانى شیعه‌ی له‌ شوێنه‌كانیان داناوە.


له‌و چوارچێوه‌دا، دواى لادانى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی كه‌ركووك كه‌ كوردێك بوو و پاشان كه‌سێكى توركمانى شیعه‌ له‌و پۆسته‌ دانرا و ئێستاش به‌ فه‌رمانى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ نوێیه‌، له‌ كۆی 24 بنكه‌ى ته‌ندروستیی كه‌ركووك، كه‌ به‌شێكى به‌رچاو له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانى ئه‌و بنكانه‌ كورد بوون، به‌ڵام له‌ نوێترین بڕیاریدا ته‌نیا 3 كه‌سی كوردى وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رانى ئه‌و بنكه‌ ته‌ندروستییانه‌ هێشتووه‌ته‌وه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، محه‌مه‌د خورشید، به‌رپرسی لقی سێی كه‌ركووكی پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "لادانى به‌رپرسانى كورد له‌ پۆسته‌كانیان له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017 تاوه‌كوو ئێستا به‌رده‌وامه‌".


گوتیشی: "په‌رله‌مانتارانى یه‌كێتیش قسه‌كانیان له‌سه‌ر لادانى به‌رپرسانى كورد له‌ كه‌ركووك له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیى فه‌یسبووك هه‌ر به‌رده‌وامه‌! و ئه‌وان پاڵه‌وانانى فه‌یسبووكن و له‌ پراكتیكدا هیچ شتێكیان پێ نه‌كراوه‌ و هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكى كورد له‌ پۆسته‌كه‌ى له‌ كه‌ركووك لادرابێت، نه‌یانتوانیوه‌ هیچ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى بكه‌ن".


پێشتریش و له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017، چه‌ندین به‌رپرسی كورد به‌ بیانووی جۆراوجۆر له‌لایه‌ن داداگانه‌وه‌ فه‌رمانى ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌ركراوه‌، هه‌روه‌ها تاوه‌كوو ئێستاش زیاتر له‌ 200 به‌رپرسی ئه‌منى و ئیداریى كورد له‌ پۆسته‌كانیان دوور خراونه‌ته‌وه‌.


له‌ 16ی ئۆكۆبه‌رى ساڵی 2017، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكارى ناو یه‌كێتی، كه‌ركووكیان داگیر كرد و له‌و كاته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى دۆخى ئه‌منیى پارێزگاكه‌ تێك چووه‌، پرۆسه‌ى به‌عه‌ره‌بكردنه‌وه‌ و لادانى به‌رپرسانى كورد له‌ پۆسته‌كانیان به‌رده‌وامه‌.