بە سەدان ملیار دۆلاری عێراق بەفیڕۆ چووە

دەستەی دەستپاکی: بە بڕی 800 ملیار دۆلار، گەندەڵی كراوه‌

09/01/2019 - 14:17 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

عێراق لەگەڵ ئەو داهاتە خەیاڵییەی لە نەوت دەستی کەوتووە، بەڵام بەهۆی گەندەڵیی ئیداری و دارایی و بردنی داهات لە لایەن بەشێک لە گرووپەکان، زیانی سەدان ملیار دۆلاری بەرکەوتووە و داتا و بەڵگەکانیش سەلمێنەری ئەو راستییەن.


مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (باس)ی راگەیاند، لە عێراقدا پارەیەکی زۆر بەفیڕۆ چووە، گوتی: "عێراق لە ماوەی حوکمڕانیدا، دوای پرۆسەی ئازادی لە ساڵی 2003، زیاتر لە ھەزار ملیار دۆلار داھاتی ھەبووە، بەڵام زیاتر لە 200 ملیار دۆلاری بەھەدەر چووە".


روونیشی کردەوە، لە 10 ساڵدا عێراق 100 ملیار دۆلار زیادەی ھەبووە لە بودجە، گوتی: "ئەو پارەیە دەکرا بچێتە سندوقی سیادی و ببێتە سەرچاوەی داھات و بەھێزکردنی ئابووریی دەوڵەت، بەڵام بەفیڕۆ چووە و عێراقیش هەژارتر و قەرزارتر بووە".


بەپێی ئاماری دەستەی دەستپاکی، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، 320 ملیار دۆلار بەھۆی گەندەڵییەوە بەھەدەر دراوە، توانراویشە لە کۆی زیاتر لە 9 هەزار و 832 دۆسێی گەندەڵیدا، 4 هەزار و 443 دۆسێ یەکلایی بکرێنەوە، هەروەها زیاتر لە 5 هەزار بەرپرسی پلەدری حکوومی لەسەر گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، بەڵام دۆسێی زۆرینەیان بێ ئەنجام داخراون.


بەگوێرەی ئامارێکی دەستەی دەستپاکی لە عێراق، رێژەی بەھەدەردانی دارایی وڵات، بەھۆی گەندەڵییەوە، لە ساڵی 2003 تاکوو 2017 گەیشتووەتە 800 ملیار دۆلار، زۆرینەی ئەو گەندەڵییانەش لە ماوەی ھەردوو خولەکەی سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی عێراق لەلایەن نووری مالیکیدا بووە.


بەپێی بەڵگەنامەیەکی بانکی ناوەندیی عێراق بێت، کۆی بڕی پارەی وەرگیراو و خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی لە دراوی بیانی لەنێوان ساڵانی 2005 ـ 2017 زیاتر لە 700 ملیار دۆلاری خەرج کردووە.


بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، لە ساڵی 2003 تاوەکوو ئەمساڵ، ئابووریی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشانی لە داهاتی نەوتدا بەخۆیەوە بینیوە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتدا هاتووە: "کۆی بڕی پارەی وەرگیراوی دراوی بیانی لە وەزارەتی دەرەوە لەنێوان ساڵانی 2005 ـ2017 زیاتر لە 706 ملیار دۆلاری ئەمەریکی بووە، بڕی پارەی خەرجکراویش گەیشتووەتە 704 ملیار دۆلار".


بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە داوە ئەو پارەیەی کە هاتووە بە دۆلار بووە و کراوەتە دینار: "وەزارەتی دارایی لە بودجەی گشتی خەرجی دەکات و لەنێوان ساڵانی 2005 تاوەکوو 2017 بڕەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 488.6 ملیار دۆلار، کە دەکاتە 69.5%ی کۆی خەرجی، هاوردەکانی حکوومەت لە هەمان ماوە و لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراقی TBI بە بڕی 156.9 ملیار دۆلار و بە ڕێژەی 22.3%ی کۆی خەرجییەکان بە پلەی دووەم دێت، ئینجا خەرجییەکانی دانەوەی شایستە داراییەکانی بەڵێندەرانی گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی نەوت، لەگەڵ 41.5 ملیار دۆلار بە ڕێژەی 5.9% کۆی خەرجیی بواری سەربازی، ئەوەی ماوەتەوە کە 2.3%ـە لە کۆی خەرجیی گشتی بۆ دانەوەی قەرزەکانی سەر عێراق و خەرجیی دیکە بەکار هێندراوە".


هەندرێن لەزگین، ئەندامی لیژنەی نەزاهە بۆ (باس) گوتی: "لە ساڵی 2003 بۆ 2018دا داهاتی نەوت یەك ترلیۆن دۆلار بووە، لەو ترلیۆن دۆلارە 450 ملیار دۆلار هەر بزرە و كەس نازانێت لە كوێیە، ئەوەی تر 550 ملیار دۆلارە، پارەكە بۆ پڕۆژە تەرخان كراوە، بەڵام پڕۆژەكان زۆربەیان پڕۆژەی شكستخواردوون".


لە راپۆرتەکەی بانکی ناوەندیی عێراقدا ئاماژە بەوەش کراوە: "ساڵی 2012 لە ڕووی داهاتەوە باشترین ساڵ بوو، کە کۆی قەبارەی داهات گەیشتە 106 ملیار دۆلار، هاوکات زۆرترین خەرجییش لە ساڵی 2013 بووە، کە بڕەکەی گەیشتە نزیکەی 97.45 ملیار دۆلار، کۆی داهاتی نێوان ساڵانی 2005 تاوەکوو 2013 بە رێژەی 21.7% بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و بە بەراورد لەگەڵ گەشەی نێوان ساڵانی 2014 ـ2017 کە رێژەکەی 5.4%بووە، سەبارەت بە کۆی خەرجییش هەمیشە لەنێوان ساڵانی 2005 تاوەکوو 2013 بە ڕێژەی 24.3% گەشەی کردووە، بەڵام لەنێوان ساڵانی 2014 ـ2017 بە رێژەی 9.1% گەشەکه نەرێنی بووە".


لەگەڵ ئەو هەموو داهاتەی هاتووەتە عێراق، بەڵام ئاژانسێکی تایبەت بە پۆلێنی دارایی، پێشبینی دەکات کە قەبارەی قەرزەکانی عێراق و ئاستی کورتهێنان لە بودجەکەی لە ساڵانی داهاتوودا زیاد دەبێت، هاوکات وریایی دا لەوەی هەر زیادبوونێک لە قەرزەکانی، رەنگە پلەبەندی لە پۆلێنی مسۆگەریی دارایی ئەو وڵاتە دابەزێنێت.


ئاژانسی (ستاندرد ئاند بۆرز) لەو بارەیەوە رای گەیاند، لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا ئاستی قەرزداریی حکوومەتی عێراق زیاد دەکات و ئاماژەی کرد، بەو هۆیەوە کورتهێنان لە بودجە و حیسابی جاری زیاتر دەبن، وەک (رۆیتەرز) لە ئاژانسەکەی سەرەوەی گواستووەتەوە.


ئاژانسەکە هاوکات وریایی دا لەوەی پۆلێنی عێراق دادەبەزێنێت، لە کاتی زیادبوونی زۆریی قەرزەکانی حکوومەت یان خەرجییەکانی تایبەت بە قەرز، لەو کاتەی خەمڵاندنی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژە دەکات، کە قەبارەی قەرزی حکوومەتی عێراق بۆ ساڵی رابردوو گەیشتووەتە 123 ملیار دۆلار، واتە 63.8% لە کۆی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی.


لەو کاتەی سندووقەکە بەر لە ساڵێک پێشبینیی کردبوو، قەبارەی قەرزەکانی عێراق بۆ ئەمساڵ تا 132.4 ملیار دۆلار بەرز بێتەوە و لە 2020 بگاتە ئەوپەڕی، کە 138 ملیار دۆلارە، بەر لەوەی دووبارە روو لە دابەزین بکات.


بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق لە پلەی 12ـەمین وڵاتانی گەندەڵکاراندایە.


ئەحمەد سەفار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە (باس)ی راگەیاند، عێراق داهاتی زۆر بووە، بەڵام ئیدارەیەکی خراپ و گەندەڵ وای کردووە سوودی لێ وەرنەگرێت، بۆیە داهاتێکی زۆری نەوت لە عێراق بەفیڕۆ دەڕوات، گوتی: "لە باشووری عێراق بۆڕیی نەوتی شەخسی هەیە و حزب و میلیشا نەوتی خۆیان هەیە و هەناردەی دەکەن، تەنانەت زۆر داهاتی خاڵە گومرگییەکان بۆ داهاتی گشتی نییە، بۆ ملیشیا و هەندێک لە حزبەکان دەڕوات".