سەرۆكی چاودێریی دارایی: گرنگە دەستوورێكی سەردەمیانە بۆ هەرێمی كوردستان ئامادە بكرێت

"پێویستە ئەرکی پەرلەمان و کابینەی داهاتوو دەركردنی یاسای چاكسازی بێت"

09/01/2019 - 14:05 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

د. خالید هادی چاوشلی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، تیشك دەخاتە سەر ئەو رێكارانەی، كە دەبێت كابینەی داهاتووی حكوومەت بۆ چاودێریكردن و بەرەنگاربووونەوەی گەندەڵی و چاكسازی بیانگرێتە بەر.


چاوشلی سەرەتا لەبارەی پرۆسەی چاودێرییەوە گوتی: "بە پێویستی دەزانین، لە لایەن بەڕێز مەسرور بارزانی، پاڵپشتیی تەواوی پرۆسەی چاودێری بكرێت، بەتایبەت لە رووی پاراستنی بێلایەنیی دیوان و پەرەپێدان بە توانای كادیران لە رووی پیشەیی و هونەرییەوە، ئەمەش پێویستی بە پشتگیریی دارایی و مەعنەویی بەڕێزیانەوە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر پەرە بە توانای كادیرانمان بدەین و پلانی پێویست دابنێنین بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هونەری و پیشەییان، پێویستمان بە پشتگیریی دامەزراوەیی بەڕێزیانە، بۆ ئەوەی گشت دامودەزگاكانی حكوومەت هاوكاریی دیوان بكەن و پابەند بن بە یاسای دیوان، تا ژینگەیەك دروست بكرێت گشت زانیارییەكان، سەبارەت بە دۆسێ و گرێبەستەكان، بە شێوەیەكی شەفاف و لە كاتی پێویستدا پێشكەشی دەستەكانمان بكرێت و وەڵامی راپۆرت و نووسراوەكانمان بێ دواكەوتن بدرێتەوە".


جەختیشی كردەوە، هەندێك یاسا و رێنمایی هەیە، كە پێویستە هەموار بكرێنەوە: "دەبێ كابینەی داهاتوو ئەو ئەو رێنماییانە نەهێڵێت، كە زیان بە ئابووری و دارایی وڵات دەگەیەنن، لەوانە بەخشینی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی پڕۆژە ناستراتیژییەكان لە باج و گومرگ. هەروەها چاوخشاندنێك بە گرێبەستەكان بكرێت، كە حكوومەت لەگەڵ كەرتی تایبەت ئەنجامی داوە، چونكە هەندێكیان لە بەرژەوەندیی گەنجینەی حكوومەتی هەرێمدا نین، پێویستە ئەو بڕگە و ماددانە و شێوەی جێبەجێكردنیان هەموار بكرێنەوە".


چاوشلی پێی وایە، بۆ چارەسەری خانەنشینی نایاسایی و مووچەخۆری وەهمی و بندیوار، دەبێت چەند رێكارێك بگیرێتە بەر، گوتی: "خانەنشینی نایاسایی، پێویستی بە دەركردنی بڕیاری نوێ هەیە، ئەوە تەنیا بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت ناكرێت، بەڵكوو پێویستی بە پشتگیری و متمانەی پەرلەمانی كوردستانەوە هەیە، چونكە خانەنشینی نایاسایی لە ساڵی 1992ـەوە تا ئێستا كەڵەكە بووە و بە بڕیارێك چارەسەر ناكرێت، ئەم بارە قورسە فاكتەری كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەیە و بەشێكی وەك مافێكی بەدەستهاتوو چەسپاوە، بۆیە پێویستە پەلە بكرێت لە دەركردنی یاسای چاكسازی، یەكەم كاری پەسەندكردنی ئەم یاسایە بێت، تاكوو باری گەنجینەی هەرێم سووك بكات و كۆتایی بە خانەنشینی نایاسایی و ساڵانی خزمەتی زیادكراو، كە بە نایاسایی هەژمار كراون بهێنێت و ئەم بابەتانە لەم یاسایەدا چارەسەر كراون“.


سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی دووپاتی دەكاتەوە، لەم چوار ساڵەدا، پەرلەمان و حكوومەت ئەركی زۆریان لەسەرە: "ئەركی یەكەمیان پەسەندكردنی یاسای چاكسازییە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت پلان و ستراتیژییەكی درێژخایەن بۆ ساڵانی داهاتوو و ئایندەیەكی گەشتر دابڕێژن، پێویستە كار بۆ دانانی فەلسەفەی حوكمڕانی و سەرچاوەی یاساكان بكەین، كە ئەویش داڕشتنی دەستوورێكی سەردەمییانەیە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەك بۆ دانانی هەر یاسا و رێنماییەكی نوێ و یا لە كاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لەنێوان لایەنە سیاسییەكان و هەروەها بوونی دەستوور دەرفەتی ئیجتیهاد كەم دەكاتەوە و لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە شێوەیەكی ئاشتییانە و سەردەمیانە رۆڵی دەبێت، ئەمەش بناغەیەكی زۆر گرنگە بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان“.


راشی دەگەیەنێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، تەنیا بە بەهێزكردنی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاكی و چالاككردنی رۆڵی چاودێری ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و دادگاكان ناكرێت، بەڵكوو دەبێت ژینگەیەك بێتە دی، كە ئەم دەزگایانە لەژێر چەتری سیستەمێكی دامەزراوەیی و شەفافدا بتوانن كارەكانیان ئەنجام بدەن و جیاوازییەك لەنێوان بەرژەوەندی و تەوافقی سیاسی دروست بكرێت: "لەگەڵ ئەو كەیسانەی وردبینی و لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت و لە كاتی وردبینی و لێكۆڵینەوەدا رەچاوی ئەوە نەكرێت كە ئەوانەی گومانیان لەسەرە، یا كەموكوڕییەك لە كارەكانیاندا هەبێت، سەر بە كام لایەنن و یا خود سەر بە كام لایەن نین و پێویستە لێپێچینەوە و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، دەبێ پەرلەمان و حكوومەت كاری بۆ بكەن، پەلەكردن بۆ پەرەپێدان و دانانی سیستەمی بانكیی سەردەمییانە و پێشكەوتوو لە هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی كەمكردنەوەی مامەڵەكردن بە پارەی كاش و پەرەپێدان بە سیستەمی مامەڵەكردن لە رێگەی بانكەكانەوە، كاركردن بە سیستەمی بانكی دەبێتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی شووشتنەوەی پارە و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ناشەرعییەكانی بەدەستهێنانی پارە“.
سەبارەت بە بچووككردنەوەی قەبارە حكوومەت، گوتی: "ناتوانم بڵێم حكوومەتی داهاتوو لە چەند وەزارەت پێكبێت، لەبەرئەوەی قەبارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە فەلسەفەی حوكمڕانی و پلان و ستراتیژییەتی ئەو حكوومەتەی كە دەستبەكار دەبێت و تا ئێستا سیماكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ لە لایەن بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی نوێوە، ئاشكرا نەكراوە، هەروەها ئەو لایەنانەی كە نوێنەریان هەیە لە پەرلەمانی كوردستان، فەلسەفەی خۆیان بۆ حوكمڕانی و ئابووری و ئەمنی و سەربازی، پلان و ستراتیژییەتی حكوومەتی داهاتوودا هەیە، بۆیە بەشێك لە فەلسەفەی حكوومەتی داهاتوو، بۆ ئەو رێككەوتنانە دەگەڕێتەوە كە لەنێوان لایەنەكان دەكرێت. ئەگەر حكوومەتی داهاتوو بۆچوونێكی ئاوای هەبێت بۆ بچووككردنەوەی قەبارەی حكوومەت، ئەمە مانای ئەوە نییە، كە بێت راستەوخۆ ژمارەی وەزارەتەكان بۆ ژمارەیەكی دیاریكراو كەم بكاتەوە، بەڵكوو پەیوەستە بە دوو فاكتەری سەرەكی؛ یەكەمیان ئایا پێویستی بە گۆڕانكاری. یا هەمواركردنەوەی چ یاسا و رێنماییەك هەیە، كە پەیوەندییان بە رۆڵی حكوومەت هەیە، چونكە زۆر لە ئەرك و كارەكان بە كەرتی تایبەت راسپێردراون و ئەمەش كاریگەریی لەسەر قەبارەی حكوومەت دەبێت، هەروەها داهاتەكەی بە چ شێوەیەك دەبێت، ئێمە وەزارەت دەگۆڕین، یا وەزارەت و یاسا و ڕێنماییەكانی دەگۆڕین، كە پەیوەندارن بە گومرگ و چۆنیەتیی وەرگرتن و بەخشینی باج لە هەندێك لە كۆمپانیاكان و فەلسەفەی ئەم كارەمان چییە؟ هەروەها زۆر لە گرێبەستەكان پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە، ئایا حكوومەت خۆی ئەم ئەركانە جێبەجێ بكات یا بە كەرتی تایبەتی راسپێرێت، یاخود ئەگەر بەڕێوەبردنی ئەركەكانی بە كەرتی تایبەت سپارد، بە هەمان مەرجی پێشوو كار بكات، یا مەرجەكان هەموار بكرێنەوە، بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندیی حكوومەتی هەرێمدا بێت و پێگەی حكوومەت لەبەرامبەر ئەو كۆمپانیایانە بەهێزتر بكات، بۆ ئەوەی ببێتە زەمینەیەك بۆ پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان و لە هەمانكاتدا زۆرترین داهات و كەمترین تێچووی هەبێت“.


ئاماژەی بەوەش دا: "ئەرکی کابینەی نۆیەمی حکوومەت ئەرکێکی قورسە و تەنیا بە هیواخواستن و تەوافوقی سیاسی ئامانجەکانی ناپێکێت، دەبێت كابینەكە لە کۆمەڵێک بەرپرس و وەزیر و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی پسپۆڕ و دڵسۆز پێك بێت، بەدڵنیاییەوە کۆسپ و تەگەرەكان پێویستیان بە ئیرادەیەکی سیاسیی بەرز و بۆچوونێکی نوێ هەیە".


جەختیش دەكاتەوە، كە دەبێت هێزی چەكدار لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتدا بێت: "هەبوونی هێزی چەکدار لەدەرەوەی سنووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ مانەوەی سیمای دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان و لاوازیی دەسەڵاتی یاسایی و کارگێڕیی بەرپرسە حکوومییەکان و لاوازیی سیستەمی جیابوونەوەی دەسەڵاتەکان پیشان دەدات، واتە هەر سێ دەسەڵاتەکە، ئەمەش یەکێکە لە لەمپەرەکانی پەرەپێدانی بیری حوکمڕانیی دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستاندا".


جەختیش دەكاتەوە، پڕۆژە یاسای چاکسازی، كە پێشووتر پێشکەشی پەرلەمان کرابوو، ئەگەر دەربكرێت، هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی کابینەی نۆیەم حکوومەتێکی چالاک بێت.


چاوشلی ئاماژە بەوەش دەكات، لە رووی کارگێڕییەوە و پاڵپشت بە ئەزموونی ساڵانی رابردوو، حکوومەتی زۆرینە ژینگەیەکی کارگێڕیی چاکتر لە حکوومەتی تەوافوقی دابین دەکات، بۆ دووبارە رێکخستن و چاککردنەوەی باری کارگێڕی و دارایی لە هەرێمی کوردستان.