خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر داعشی گەیاندە گەڕەکەکانی خانەقینیش

 

08/01/2019 - 15:46 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە دوای خیانەتی 16ی ئۆتۆبەرەوە، تیرۆریستانی داعش، به‌تایبه‌ت له‌ شه‌واندا جموجۆڵه‌كانیان له‌ سنوورى خانه‌قین زیاد كردووه‌ و بەردەوام هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكان، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی خانه‌قینیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، داعش مه‌ترسیی له‌سه‌ر گونده‌كان زیاتر دروست كردووه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ دۆخی ئەمنیی خانه‌قین بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئێستا تیرۆریستانى داعش كه‌م شه‌و هه‌یه‌ هێرش نه‌كه‌نه‌ سه‌ر گونده‌كانى سنوورى قه‌زاى خانه‌قین‌، ته‌نیا له‌ چه‌ند شه‌وى رابردوودا داعش هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌ى گڵه‌، هه‌روه‌ها له‌ گوندى ئه‌خوه‌ داعش ده‌ستڕێژیی گولله‌ى له‌ هێزێكى پۆلێسی فیدڕاڵی كردووه‌ و له‌ كارگه‌یه‌كى قیری هاووڵاتییه‌كى كوردیش كردووه‌، هه‌روه‌ها داعش له‌نزیك گوندی شیركى سه‌ر به‌ خانه‌قین، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر چه‌مى سیروان، چوونه‌ته‌ ناو كارگه‌ی هاووڵاتییه‌كى كورده‌وه‌، كه‌ كارگه‌ى چه‌و و لم بووه‌، دواى رووخاندنى كارگه‌كه‌، ئینجا ئاگریان له‌ كه‌ره‌سته‌كانى به‌رداوه".


سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، ئێستا به‌هۆی زۆریی هێرشه‌كانى داعش بۆ سه‌ر گونده‌كان، خه‌ڵكى زیاتر له‌ 50 گوندى سنوورى خانه‌قین خۆیان له‌ شه‌واندا پاسه‌وانیى خۆیان ده‌كه‌ن، چونكه‌ گوندنشینان متمانه‌یان به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى زۆر جار له‌پێش چاوى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، داعش هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر گونده‌كان.


له‌م باره‌یه‌وه‌، ئازاد فایه‌ق، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی خانه‌قین- لە پشکی یه‌كێتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "چەکدارانی‌ زیاتر له‌ شه‌واندا په‌لامارى گونده‌كانى سنوورى خانه‌قین ده‌ده‌ن و داعش مه‌ترسیی له‌سه‌ر گونده‌كان زیاتر دروست كردووه‌ و دۆخی خه‌ڵك به‌ هۆی داعشه‌وه‌ باش نییه‌".


گوتیشی: "داعش زیاتر هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر گونده‌ كورده‌كان و هه‌روه‌ها گوندە عه‌ره‌بنشینه‌كانیش، هێزه‌ عێراقییه‌كانیش ئه‌و توانایه‌یان نییه‌ رووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌".


هه‌ر له‌باره‌ى زۆریی جموجۆڵه‌كانى داعشه‌وه‌، (باس) په‌یوه‌ندیى كرد به‌ حه‌سه‌ن مه‌لا محه‌مه‌د، قایمقامی خانه‌قین، له‌به‌رامبه‌ردا ڕه‌تى كرده‌وه‌ كه‌ له‌باره‌ى جموجۆڵه‌كانى داعشه‌وه‌ قسه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى ڕاگه‌یاند، كه‌ دۆخی ناو خانه‌قین له‌ رووى ئه‌منییه‌وه‌ باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌ وه‌ك جموجۆڵی داعش له‌ ده‌وروبه‌رى خانه‌قینه‌.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، سه‌لام عه‌بدوڵا، چالاكوانى دیاری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ خانه‌قین، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ته‌نانه‌ت دوو گه‌ڕه‌كى ناو خانه‌قینیش، كه‌ بریتین له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی یوسف به‌گ و عه‌لی مرای، له‌گه‌ڵ گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى داقووق، دۆخیان له‌ رووى ئه‌منییه‌وه‌ ناله‌باره‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی جموجۆڵه‌كانى داعشه‌، به‌تایبه‌ت له‌ شه‌واندا و خه‌ڵكه‌كه‌ ته‌نانه‌ت شه‌وان به‌ نائارامی ده‌خه‌ون و ئێستاش دۆخی باشوورى سنوورى خانه‌قین و ناوچه‌كانى ڕێگاى نێوان خانه‌قین تاوه‌كوو گوڵاڵه‌ ناله‌باره‌ و داعش له‌و سنوورانه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر گونده‌كان و خه‌ڵك ده‌ڕفێنن و كرده‌وه‌ى تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن".


ڕاشی گه‌یاند: "هۆكارى سه‌ره‌كیى ئه‌و رووداوانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش له‌ سنووره‌كه‌ نه‌ماون".


سه‌لام عه‌بدوڵا، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، ئێمه‌ چه‌ندین جار وه‌ك چالاكوانانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى چالاكیمان سه‌باره‌ت به‌ خراپیی دۆخی سنوورى خانه‌قین ئه‌نجام داوه‌ و داوامان له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌، چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخی خراپی ناوچه‌کە بدۆزنه‌وه‌، هه‌روه‌ها دووباره‌ داواى دامه‌زراندنى هێزى به‌رگریى مللیمان كرد، وه‌ك چۆن له‌ كاتى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریستانى داعش له‌ گوڵاڵه‌، ئێمه‌ هێزى به‌رگریی مللیمان دروست كرد، كه‌ هاوكاریى پێشمه‌رگه‌مان ده‌كرد.


سه‌میر محه‌مه‌د، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خانه‌قین، كه‌ ئه‌و پۆسته‌ى له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتی وه‌رگرتووه‌، پێشتر بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌كان دژ به‌ هاووڵاتییان له‌ سنوورى قه‌زاى خانه‌قین بووه‌ته‌ كارى رۆژانه‌، هه‌روه‌ها هێرشكردنه‌ سه‌ر ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌ ده‌وروبه‌رى خانه‌قین، له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش له‌ سنووره‌كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی رابردووەوە كشانه‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ بۆشاییه‌كى ئه‌منى دروست بوو، ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ى كه‌ ئێستا له‌ناو خانه‌قین و ده‌وروبه‌ریدان، كاریگه‌ر نیین و زۆرینه‌یان خه‌ڵكى خانه‌قین نیین و شاره‌زای ناوچه‌كه‌ش نیین و ناتوانن دۆخى ئه‌منى بپارێزن، هه‌روه‌ها توانای به‌رەنگاربوونه‌وه‌ى داعشیشیان نییه‌، بۆیه‌ داعش ئێستا گه‌شه‌ى كردووه‌ و هه‌ر به‌ هۆی جموجۆڵی زۆری داعشه‌وه‌ خه‌ڵكێكى زۆر له‌ ده‌وروبه‌رى خانه‌قین ئاواره‌ بوونه‌، به‌ تایبه‌ت گونده‌ كوردییه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خانه‌قین نووسراومان ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ كرد، سه‌باره‌ت به‌ خراپیی دۆخى ئه‌منیى ناوچه‌كه‌ و داوامان كرد پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سنووره‌كه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش دیاره‌ هیچیان له‌ده‌ستدا نییه‌، به‌ڵكوو بڕیار له‌سه‌رووى خۆیانه‌، له‌م لاشه‌وه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش زۆر گرنگییان به‌ دۆخى خانه‌قین نه‌داوه‌، تاوه‌كوو هه‌وڵێك بده‌ن بۆ باشبوونى دۆخى ئه‌منى".


سه‌باره‌ت به‌ زۆریی ته‌قینه‌وه‌كان له‌ناو خانه‌قین، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خانه‌قین، گوتی: "ته‌قینه‌وه‌كان له‌م دواییەدا زیاتر له‌ خانه‌قین ته‌نیا ده‌نگى بووه‌، لام وانییه‌ له‌و ته‌قینه‌وانه‌دا ده‌ستی داعشی تێدابێت، به‌ڵام زیاتر مه‌به‌ست لێی ترساندنى خه‌ڵكه‌".


له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017دا، میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكارى ناو یه‌كێتی، خانه‌قینیان داگیر كرد.