كارەبا چەند سەعاتێک زیاد دەبێت

 

08/01/2019 - 14:31 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بەهۆی بەگەڕخستنی وێستگەیەكی كارەبا، چەند سەعاتێك كارەبا زیاد دەبێت.


دیار تاهیر بابان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لەم ماوەیەدا 300 مێگاوات كارەبا دەخرێتە نێو تۆڕی نیشتمانیی كارەبا، گوتی: "بەم نزیكانە كە رەنگە مانگی داهاتوو بێت، تێستی كۆتایی بۆ وێستگەی هەڵمی خەبات دەكرێت، كە ئەوەش وا دەكات 300 مێگاوات كارەبا زیا بكات".


ئاماژەی دا، ئەو 300 مێگاوات كارەبایەی زیاد دەبێت، بەهۆی غازی سروشتی نییە، بەڵكوو بەهۆی نەوتی رەشەوەیە، گوتی: "ئەو نەوتە رەشەی لە پاشماوەی پاڵاوگەی كار دەمێنێتەوە، لە رێگەی بۆڕی دەبەسترێتەوە بە وێستگەكە و كارەباكەی لێ بەرهەم دەهێندرێت".


ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا ئاشكرای كرد، ئەزموونی وێستگەی كارەبای هەڵمی لە كوردستان دەبێتە یەكەمین وێستگە كە بە هەڵم كار بكات و لە عێراقیش دەبێتە دووەمین ئەزموون.


جەختیشی كردەوە، توانای بەرهەمهێنانی كارەبای ئەو وێستگەیە 600 مێگاواتە، بەڵام لە قۆناخی یەكەمدا 300 مێگاوات بەگەڕ دەخرێت.


بابان جەختی كردەوە: "سەعاتەكانی كارەبا زیاتر دەبن، ئەگەر خەڵك هاوكارمان بن و بەپێی پێویست كارەبا بەكار بهێنن، دەتوانین لە وەرزی زستاندا بۆ ماوەیەكی زۆرتر كارەبا دابین بكەین ".


لە سەرێكی ترەوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا ئەوەشی ئاشكرا كرد: "بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەكاندا لە گازواییلەوە بۆ غازی سروشتی گۆڕدراوە. بەوەش نزیكەی 300 مێگاوات كارەبا زیاد بووە".


ئاشكرای كرد، ئێستا بەرهەمهێنانی كارەبا لە كوردستان گەیشتووەتە 3 هەزار مێگاوات كارەبا.


بەهۆی دابینكردنی 60 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی لە لایەن دانا غاز، ئێستا 3 یەكەی تری بەرهەمهێنانی كارەبا وەگەڕ خراونەتەوە، كە دەكاتە 300 مێگاوات كارەبا.


دووپاتیشی كردەوە: "ئەوەی دانا غاز بۆ گەیاندنی غازی سروشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا 4 قۆناخە، ئەوەی ئێستا كراوە قۆناخی یەكەمە و چەند قۆناخێكی تر ماون".
10 یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە نەبوونی سووتەمەنیدا وەستاون، سووتەمەنی هەبێت ئەوانیش بەكار دەخرێن.