گرتنی سەرخێڵ ئەکبەر کەیسێکی سیاسی بوو بۆیە پاش ھەڵویستی توندی پارتی ئازاد کرا

”ئەو ھەڵوێستە توندەی پارتی بۆ هەموو کادیرانی پارتی لەم سنوورە زۆر باش بوو“

08/01/2019 - 12:18 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

پاش ھەڵوێستی توندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دژەتیرۆری یەکێتی سەرخێڵ ئەکبەری کادیری پێشکەوتووی پارتیی ئازاد کرد. پەیوەندارن بە کەیسەکەشەوە دەڵێن ئەگەر ئەو کەیسە لە سەرەتادا یاسایی بوایە و سیاسی نەبوایە، چۆن لێ دەگەڕان پاش ئەو ھەڵوێستەی پارتی، سەرخیڵ ئەکبەر ئازاد بکرێت.

 

لە کەیسێکی کۆمەڵایەتیدا، دوای پێڕاگەیاندنێکی پۆلیسی سەرقەڵا لە گەرمیان، سەرخێڵ ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، ئەندامی لقی پارتی لە سلێمانی، لەگەڵ برایەکی، ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دەچنە دادگای کفری، دوای لێکۆڵینەوە، بەپێی ماددەی (٤٣٢)، دادوەر ھەمان ڕۆژ برای سەرخێڵ ئازاد دەکات و بڕیاری ڕاگرتنی (تەوقیف)ی سەرخێڵ دەدات. دواتر لە ڕۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨دا، دادوەری کفری، سەرخێڵ بە کەفالەت ئازاد دەکات.

 

کۆچەر ئەکبەر، برا گەورەی سەرخێڵ لەم باریەوە بە (باس)ی راگەیاند: “دوای بڕیاری دادوەر سەبارەت بە کەفالەت ئازادکردنی براکەمان، ھەمان ڕۆژ چووین مامەڵەی کەفالەتەکەمان ڕایی کرد و چووینە پۆلیس بۆ ئەوەی ئازادی بکەن، کەچی پۆلیسی گەرمیان گوتیان سەرخێڵ لەلایەن دژە تیرۆرەوە داوا کراوە و ئێمە ناتوانین ئازادی بکەین، ئەمە لەکاتێکدا بوو، کە دادوەری کفری بە شێوەیەکی یاسایی و بە کەفالەت ئازادی کردووە”.

 

ھەتا دۆسێکە لە پۆلیس و دادگای گەرمیان بووە، کەسوکاری سەرخێڵ حزبەکەیان لێی ئاگادار نەکردووەتەوە، بەڵام بە ھاتنەناوەوەی دژەتیرۆر بۆ کێشەکە، ئەوانیش پەنا بۆ سەرکردایەتیی حزبەکەیان دەبەن و کۆچەر لەم بارەیەوە گوتی: “ئەو ڕۆژەی دادوەر بە کەفالەت سەرخێڵی ئازاد کرد و دژەتیرۆر دەستی لە دۆسێکە وەردا، ئیتر تێگەیشتین کە کێشەکە سیاسییە، لەبەرئەوەی سەرخێڵ کادیرێکی چالاکە و پارتییە و کوڕی ئەکبەر حاجی ڕۆستەمە و بەس، بۆیە سەرکردایەتیی پارتیمان لێ ئاگادار کردەوە، چونکە سەرخێڵ بە پلەی ئەندامی لق لە بەشی جەماوەرییەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی دەوامی دەکرد”.

 

کوڕە گەورەی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم، ئاماژە بە ھەوڵەکانی سەرکردایەتیی حزبەکەی بۆ ئازادکردنی براکەیان دەکات: “لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیمان، پەیوەندییان بە مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە کرد، چونکە لە ئاستی سەرکردایەتیی لقێکە، بەڵام ھیچ سوودێکی نەبوو. پارتی داوای کرد ئەگەر لەسەر کەیسێکی یاساییە، ئاساییە با بەری نەدەن، بەڵام ئەگەر بابەتێکی سیاسییە، ئەوە قەبووڵ ناکرێ”.

 

براگەورەکەی سەرخێڵ، پەیوەست بە ڕۆژی  بردنی براکەی بۆ زیندانی دژەتیرۆر لە سلێمانی، دەڵێت: “کاتژمێر ٥ی بەیانیی ڕۆژی ٢٧ی کانوونی دووەم، براکەمیان بردە سلێمانی و ڕادەستی دژەتیرۆریان کرد، ئیتر لەو ڕۆژەوە تا ڕۆژی ئازادکردنی لە ٦ی ئەم مانگە، لای دژەتیرۆر زیندانی بوو”.

 

لەبارەی بەڵگە و پاساوی دژەتیرۆر بۆ گرتنی ئەو کادیرەی پارتی، براکەی ئاوا بۆ (باس) دوا: “نەک دژەتیرۆر، تەنانەت دادوەری ئاسایش، ھیچ پاساوێکی نەبوو و دەرکەوت کەیسەکە سەتا سەت سیاسییە” و باسیش لە سیناریۆ جیاوازەکانی دژەتیرۆر سەبارەت بە گرتنی براکەی دەکات و گوتی: “ئەوان سەرەتا لە میدیا سێبەرەکانی خۆیانەوە باسیان لەوە کرد، کە سەرخێڵ لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی گیراوە، کەچی ئەو کێشەیە نەک ھەر کۆتایی ھاتووە، بەڵکوو لە ڕۆژی بردنی سەرخێڵ لەلایەن دژەتیرۆر و تا ڕۆژی ئازادکردنیشی، ماڵی مامم و ئامۆزاکانم زیاتر خەمخۆری چارەنووسی سەرخێڵ بوون و شەوی ئازادکردنی براکەیشم، ھەموو ئەندامانی بنەماڵەکەمان بە بۆنەی ئازادکردنی لە ھەولێر، لە ماڵی مەسعوود حەیدەریی ئامۆزام کۆ بوووینەوە. سەیر ئەوەیە ئەوان لە میدیاکانیاندا وایان دەگوت، بەڵام لەودیو پەردەکاندا تەونی کەیسێکی دیکەیان بۆ سەرخێڵ چنیبوو، کە ئێستا نامانەوێ باسی بکەین“.

 

دەربارەی ھەڵوێست و کاردانەوەی حزبەکەیشی لەسەر گیرانی براکەی گوتی: “بە لای ئێمەوە ئەو ھەڵوێستە توندەی پارتی نەک ھەر بۆ سەرخێڵ، بەڵکوو بۆ تەواوی ئەندام و کادیرانی پارتی لەم سنوورە زۆر زۆر باش بوو، چونکە گرتنی سەرخێڵ بەم شێوەیە ترس و نیگەرانیی خستبووە دڵی ئەندام و کادیرانی ئێمە لە ناوچەکەدا. بەڕاستی ناکرێ ڕۆژانە کادیری پارتی لەم سنوورانە بەھۆی ئینتیمای سیاسییانەوە بگیرێن و کەس لێیان نەبێتە خاوەن”.

 

کۆچەر ئەکبەر، لەم نێوەدا باسی ھەڵوێستی بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیش دەکات و دەڵێت: “یەک ھەفتە بوو پارتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و بەرپرسانی یەکێتی لە پەیوەندیدا بوو، بەڵام سوودی نەبوو، لە کاتێکدا سێ جار بەڵێنیان بە مەکتەبی سیاسیی ئێمە دا، کە سەرخێڵ ئازاد دەکەن. حاکم قادر حەمەجان بەڵێنی دا، نەیتوانی بەری بدا. کاک کۆسرەت بەڵێنی دا، نەیتوانی بەری بدا.

 

بۆیە دواجار پارتی ناچار بوو ئەو ھەڵوێستە توندەی ھەبێت، بۆ ئەوەی ئەوان وەڵامێکیان ھەبێت و بەدەنگ داواکەی پارتییەوە بێن، ئیتر ئەوە بوو ئازاد کرا”.

 

دواجار کۆچەر باس لە بڕێ وردەکاریی گرتن و ئازادکردنی براکەی دەکات و دەڵێت: “ئەو قسانەی کە سەرخێڵ لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا کردنی، فەرمانی حزب بوو، بۆ ئەوەی دۆخەکە ھێور بکرێتەوە و دەرگا بە ڕووی مقۆمقۆدا دابخات و باسی ھیچ شتێک نەکات، نە باسی یەکێتی و نە باسی دژەتیرۆر، چونکە لە دۆخێکداین کە حکوومەت پێکدەھێنین، دەبێ بۆ ئەمەش لەگەڵ یەکێتی دابنیشین، بۆیە کۆتاییھێنان بەم کێشەیە کارێکی باش بوو، بۆیە باسی وردەکارییەکانی نەکرد. دەنا ھەندێ وردەکاریی ھەن، کە نامانەوێ باسی بکەین چونکە خزمەتی ئەم دۆخەی ئێستا ناکات“.

 

سەبارەت بە ئەزموونی حزبەکەیان و ئەندام و کادیرەکانیان لەگەڵ ئیستیفزازکردن و ھەڕەشەلێکردن و کەیسی ھاوشێوەی سەرخێڵ، عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی دەڵێت: “دیارە کەیسی سەرخێڵ یەکەم کەیس نییە، کە لە سنووری سلێمانی ڕووبەڕووی کادیرەکانی ئێمە دەبێتەوە، پێشتریش بارەگاکانمان، بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و لقی ٤ ڕووبەڕووی تەقە لێکردن و دەستدرێژی بوونەتەوە، لەکاتێکدا پاراستنی ئاسایش و دڵنیایی خەڵک و بارەگاکانی ئێمە بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکان و لیژنەی ئەمنیی سلێمانیدایە. جگە لەمە، چەندین جار کادیرانی ئێمە تووشی تەشەقەڵەپێکردن و ئیھانە و گرفت بوونەتەوە. بۆمبێکی دەستییان بە دەرگای حەوشەی ماڵی کارگێڕێکی لقەکەمان بەستبوو، کارگێڕی لقمان ھەیە تەقە لە ماڵەکەی کراوە، ئەمانە و چەندین نموونەی دیکە. ھەموو ئەو حاڵەتانە پێمان دەڵێن، کە دەیانەوێ ئازادیی سیاسی و کارکردنی پارتی لە سنووری سلێمانی بەرتەسک بکەنەوە”.

 

بۆیە ئەم بەرپرسەی پارتی لە سلێمانی ھیواخوازە کە: “ ئەمە دوایین کەیسی دەستدرێژیکردنە سەر کادیرانی ئێمە بێت لە سلێمانی، چونکە ئێستا کوردستان و ناوچەکە لەبەردەم ھەلومەرجێکی نوێدایە، پێویستمان بە یەکڕیزی ھەیە. دیارە پارتی و یەکێتی وەک دوو ھێزی سەرەکیی کوردستان، ھەر کاتێک پەیوەندیی نێوانیان باش بووبێت، ئاسایش و سەقامگیری لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەرقەرار بووە و توانیومانە لە ئاستی سیاسیشدا دەسکەوتی زیاتر بۆ گەلەکەمان وەدەست بێنین. بۆیە ئێستا کاتی بڕیاردانی سیاسییە، کاتی ئەوەیە کوردستان پێگەی خۆی لەنێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ناوچەکەدا دیاری بکات، ئەمەش تەنیا بە یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد دێتە دی”.

 

بە ڕای شێخ عەتا، چەند مەرامێک لەپشت کەیسەکەی سەرخێڵەوەن و گوتی: “ڕفاندن و زیندانیکردنی سەرخێڵ لەم کاتەدا، ڕەنگە کۆمەڵێک ئامانجی لەپشتەوە بێت، نەیارانی پارتی دڵیان بە نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی گوشراوە و پێیان ناخۆشە. بۆیە بەدیاریکراوی، ھەندێک کەس لەناو یەکێتی بەم دۆخە بێزارن و دەیانەوێ ئاستەنگ بۆ پارتی و یەکێتی دروست بکەن. ئامانجێکی دیکەی ئەم کارە نەشیاوانە، پەیوەندیی بە ھەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانیانەوە ھەیە، لەوانەیە ھەندێک کەس لەناو یەکێتی بەو سزایە ڕازی نەبن، کە خەڵک لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا سزای داون”.

 

دەربارەی کاردانەوەی پارتییش، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی پێی وایە: “لە کەیسی سەرخێڵ، ئێمە وەک ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی ھەر زوو پەیوەندیمان بە برایانی یەکێتییەوە کرد، بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە زانیارییەکمان لەسەر سەرخێڵ بدەنێ، لای کێ دەست بەسەرە و لە کوێ گیراوە و کەیسەکەی چییە؟ یان کەیسەکەی ئەگەر یاساییە، کەیسەکە چییە؟ چونکە ئەو ئەندامی لقی ئێمەیە، بەڵام ئەوان ھیچ وەڵامیکیان نەبوو. دواتر لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی ھەوڵی جدی درا، بەڵام دیارە ھەوڵەکان بێ ئاکام بوون تا گەیشتە ئەو ئەنجامە”.

 

لای خۆیشیەوە بەختار حەیدەر قازی، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، لە پەیوەست بەم پرسەوە دەڵێ: “بەسیاسیکردنی ھەر کارێکی یاسایی، دەرچوونە لە یاسا و پرەنسیپەکانی ئیشکردنی دامەزراوەیی، چونکە کاتێک لایەنێک شتێک بە سیاسی دەکات، ئەوا بەرامبەرەکەی بە ڕەوای نازانێ و کاردانەوەی دەبێت، ئەمەش کێشە دروست دەکات. خەڵکیش لەو شێوە ھەڵسوکەوت و ڕەفتارانەی کە ئیستیفزازین و مۆدێلیان نەماوە، بێزار بووە”.