ھاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی باکوور خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات

عەلی حوسێن: پێشوازی لە هاتنەدی ئاشتەوایی لە تورکیا دەکەین

08/01/2019 - 11:51 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

دوێنێ دووشەمە، لە کۆبوونەوەیەکی گەورەی پارتە سیاسییەکانی باکوور، توانرا رێککەوتنێکی گرنگ و بێ وێنە بکرێت بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانییەک بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا. ئەمەش بۆ یەکەمین جارە لە مێژووی تورکیا و باکووری کوردستاندا، پارتە سیاسییە کوردییەکان لەژێر یەک چەتری ھاوپەیمانییەکدا دروست بکەن. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئاماژە دەدات، رێککەوتنێکی لەو جۆرە کاریگەریی لەسەر دەنگی کوردان دەبێت لە ھەڵبژاردندا و خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی دەکات.

 

دوێنی دووشەممە ٧ پارتی سیاسیی کوردی لە باکووری کوردستان، بڕیاریان دا بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، کە ٣١-٣-٢٠١٩ ئەنجام دەدرێت، ھاوپەیمانییەک دروست بکەن، ئەمەش بۆ یەکەمین جارە لە مێژووی باکوور پارتە سیاسییەکان یەک ھەڵوێست بن.

 

پارتە سیاسییەکانیش ئەمانەن:

 

- پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)‌.

- بزووتنەوەی ئازادی.

- پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا.

- پلاتفۆرمی دیموکراتی کوردستان.

- پارتی ھەرێمە دیموکراتەکان.

- پارتی مرۆڤ و ئازادی.

- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی دیموکراتیی کورد.

 

بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیەی ئەو ٧ پارتە سیاسییە بڵاویان کردووەتەوە، لەبەرامبەر ھاوپەیمانیی (کۆماری)، کە لەنێوان ئاکپارتی و مەھەپەدا دروست بووە، ئەوانیش ھاوپەیمانییەتەکەیان ناو دەنێن (ھاوپەیمانیی کوردستان).

 

ھەروەھا ئاماژەیان داوە، بۆ ئەوەی ھیچی تر دەنگی کورد و شارەوانییەکانی کپ نەکرێت، ئەو ھاوپەیمانییەیان دروست کردووە. دەشڵێن با بەو ھاوپەیمانییە کورد بیباتەوە.

 

ھاووڵاتییان لە باکوور و باشوور، لە رێگەی سۆسیال میدیاوە پێشوازی لەو ھاوپەیمانییەتە دەکەن و وەکوو ھەنگاوێکی مێژوویی لێ دەڕوانن. ھەروەھا پێیان وایە پێگەی کورد لەداھاتووری تورکیا بەھێز دەبێت، ھەروەھا خۆشحاڵ دەبن بە بەرپابوونی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییھێنان بە شەڕ.

لە لای خۆشییەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووی ھەدەپە، لە زیندانەوە نامەیەکی پیرۆزبایی ناردووە و دەڵێت: "ھاوپەیمانیی کوردستان بۆ چارەسەرێکی دیموکراتییانە و لەپێناو بەدیھێنانی ئاشتی  گرنگە، ھەروەھا ئەو ھاوپەیمانییە گرنگە بۆ ئەوەی ئەو دژایەتییەی لە کورد دەکرێت کۆتایی پێ بێت".

 

پێوەند بەم ھاوپەیمانییە، محەمەد ئەمین کارداش سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا، لە لێدوانێکیدا بۆ (کوردستان تی ڤی) رای گەیاند: ”ئێمە ئەم ھاوپەیمانییەمان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەنجام داوە و چاومان لەوەیە زۆرترین شارەوانییەکانی کوردستان ببەینەوە و ئەگەر سەرکەوتوو بووین، ئەو سەرکەوتنە دەبێتە بناغەیەکی پتەو تا لە ئایندەدا لە ھەموو پرسە نەتەوەییەکاندا یەکگرتوو بین“.

 

گوتیشی: ”سەرکەوتنی ئێمە وا دەکات پەرلەمانی تورکیاش بە ھەندێ لە بڕیارەکانیدا بچێتەوە لە بەرژەوەندیی کوردان“.

 

ھەروەھا روونیشی کردەوە: ”ئەم ھاوپەیمانییە ھەنگاوی یەکەممانە، ھەموو کێشەیەکمان وەلا ناوە و کار بۆ سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکاندا دەکەین، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە شارەوانییەکان ببەیینەوە و خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین، ھەروەھا بۆ ھەموو لایەکیشمان سەلماند کە بەڵێ کوردیش دەتوانێ یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بێت“.

 

عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ (باس)، ھەڵسەنگاندنی بۆ ئەو ھاوپەیمانییە کرد و ئاماژەی دا، کە ئەوان وەکوو پارتی پێشوازی لە ھەموو ھەنگاوێک دەکەن، ئەگەر ببێتە بنەمای بەرپابوونی ئاشتی لە تورکیا.

 

گوتیشی: "پێشتر لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا، چەند پارتێکی کوردی ھاوپەیمانییەکیان دروست کرد، بەڵام پاشان پەشیمان بوونەوە و ھەر پارتە و بە جیا چووە ناو ھەڵبژاردن. بێ گومان ئەگەر پارتە سیاسییەکانی باکوور ھاوپەیمانی ببەستن و بە یەکەوە بچنە ناو ھەڵبژاردن، دەتوانن دەنگەکانیان زیاد بکەن و شارەوانیی زیاتر ببەنەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەو ھاوپەیمانییە ببێتە ھۆی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و کارابوونەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا".

 

عەلی حوسێن، لە بەشێکی تری قسەکانیدا لەبارەی دوورخستنەوەی (قەیوومکردنی) شارەوانییەکانی ھەدەپە لە رابردوودا، ئاماژە دەدات، ئەوان دەست وەرنادەنە ناو کاروباری ھیچ وڵات و پارتێک، چونکە ھەر وڵات و پارتێک خاوەن روئیا و بەرنامەی خۆیەتی، بەڵام پشتگیری لە ستراتیژیەتی ئاشتی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا و قەیوومکردنی شارەوانییەکانیش بە چارەسەر نازانن، بەڵکوو پێیان باشە یەکگرتوویی کورد ببێتە ھەوێنی چارەسەری کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە، نەک ببێتە ھۆی شەڕ و تێکدانی ئاشتی.

پێشی وایە، ئەو ھاوپەیمانییەی نێوان ئەو پارتە سیاسییانە، کاریگەریی لەسەر دووبارە گیان بەبەرداکردنەوەی پرسی ئاشتی دەبێت لە تورکیا.

 

وەکوو ئەوەی شڕۆڤەکارانی سیاسییش باسی لێوە دەکەن، یەکگرتوویی کورد وا دەکات، کە دەسەڵاتی تورکیا حیساب بۆ کورد بکات و دەرگای ئاشتییان بە روودا بکاتەوە، بەڵام پەرتەوازەیی پارتە سیاسییە کوردییەکان و دژایەتیی یەکتری، پێگەی کورد لاواز دەکات و وەک تاقیش کراوەتەوە پرۆسەی ئاشتییش لەبار دەچێت.

 

چاودێران و ئاگاداران لە دۆخی تورکیا، وای دەبینن کە دروستبوونی دیدی ھاوبەشی پارتە کوردییەکانی باکوور و رزگاربوون لە ھەژموونی تاک حزبیی کوردی، ھەروەھا کارکردن لەسەر ئەو دید و بۆچوونەی سەرۆک بارزانی بۆ خزمەتی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاری لەسەر کرد، رۆح بە بەری پرۆسەی ئاشتیدا دەھێنێتەوە. 

 

ھەروەھا واشی دەخویننەوە کە ئەگەر بێت و ئەو ھاوپەیمانییەی کورد کاریگەریی باشی لەسەر دەنگەکانی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان ھەبێت، بۆ نموونە ٧٠%ی شارەوانییەکانی باکوور ببەنەوە، ھەروەھا پەکەکەش دەست وەرنەداتە ناو کاروباری شارەوانییەکان و ئازادیان بکات بۆ کارکردن، ئەوکات پرسی ئاشتی لە تورکیا دێتەوە بەرباس، چونکە بەھێزبوونی پێگەی کورد لە باکوور و ئەو یەکگرتووییەی دروست دەبێت، دەسەڵات ناچار بە دانوستاندن و ھێنانە کایەی قۆناغێکی تازە بۆ کورد دەکات لە تورکیادا.