ساڵێكه‌ حه‌شدى شه‌عبی و گرووپی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌وتى كه‌ركووك ده‌دزن

ئه‌ندامێكى خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق: نه‌وتى كه‌ركووك به‌ره‌و ئێران ده‌دزرێت

ماوه‌ى ساڵێكی تەواوە، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی و گرووپی خیانه‌تى 16ی ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتی، نه‌وتى شاره‌كه‌ ده‌دزن، به‌رپرسێكى حزبییش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ئەو گرووپە بۆ دزینى نه‌وتى كه‌ركووك شاره‌كه‌یان ڕاده‌ستى حه‌شدى شه‌عبی كرد.


له‌م باره‌یه‌وه‌، عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیی پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "سه‌رانی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ناو یه‌كێتی، ساڵێك پێش ئێستا خیانه‌تێكى زۆر گه‌وره‌یان كرد، كه‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى دیكه‌یان ڕاده‌ستى حه‌شدى شه‌عبی كرد، خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه‌ پێشتر له‌سایه‌ی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌دا تا ڕاده‌یه‌ك حه‌سابوونه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و خیانه‌تكارانه‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانى دیكه‌یان خسته‌ ژێر ده‌ستى حه‌شدى شه‌عبی و خۆیانیان خسته‌ به‌ر ڕه‌حمه‌تى حه‌سه‌ن پلایس و ئه‌بو عزرائیل، ئه‌مه‌شیان بۆ دزینى نه‌وتى كه‌ركووك كرد، شاره‌كه‌شیان خسته‌ ژێر هه‌ژموونى عه‌سكه‌رتارى، ئێستاش دۆخى كه‌ركووك تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ تێك چووه‌، كه‌ جگه‌ له‌ كورد، پێكهاته‌كانى دیكه‌ى شاره‌كه‌ش له‌ دۆخى كه‌ركووك له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ ناڕازین، ئێستا یه‌كێتى له‌ كه‌ركووك به‌ داری ماسیحه‌ مه‌گه‌ر پارێزگارى له‌ باره‌گاكانیان بكه‌ن و ئەو خیانەتەش تا هەتایە وەک پەڵیەکی ڕەش بە نیوچەوانی گرووپی خیانەتەوە دەمێنێتەوە“


ڕاشی گه‌یاند: "گرووپی خیانه‌تكارانى 16ی ئۆكتۆبه‌ر، نیشتمانی كورد و دۆزی ڕه‌واى گه‌لى كوردیان له‌ مێشكدا نییه‌، ئه‌وان هه‌ر جاش بوونه‌ و پاڵنه‌رى ئه‌و مێژووه‌ ڕه‌شه‌یان بۆ پاره‌ بووه‌ و ئێستاش دزینى نه‌وت له‌ ڕێگاى تانكه‌ره‌وه‌ بۆ ئێران هه‌یه‌ و بۆ ده‌ربازكردنى نه‌وت بۆ ئێران هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن. دزینى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ئێران له‌ ڕێگاى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌یه‌ و ئەو خیانه‌تكارانه‌ ته‌نیا پاره‌ى حه‌مباڵییه‌كه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌وان ته‌نیا حه‌مباڵیی بۆ حه‌شدى شەعبى ده‌كه‌ن".


پێوه‌ند به‌م باسه‌، ئه‌میره‌ زه‌نگه‌نه‌، ئه‌ندامی پێشووى په‌رله‌مانى عێراق، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "گرووپی خیانته‌كارانى 16ی ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتی، به‌ هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ حه‌شدى شه‌عبی، نه‌وتى كه‌ركووك ده‌دزن و به‌ره‌و ئێرانى ده‌به‌ن، ئه‌و كاره‌یان له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى رابردوودا كاتێك كه‌ حه‌شدى شه‌عبی هه‌ر به‌ هاوكاریى ئه‌و خیانه‌ته‌كارانه‌ كه‌ركووكیان داگیر كرد ده‌ستی پێ كردووه‌ و ئێستاش داهاتى ئه‌و نه‌وته‌ بۆ خۆیان ده‌به‌ن و خه‌ڵكى شاره‌كه‌ هیچ سوود لە نه‌وتى كه‌ركووك نابینن".


هاوكات، ئه‌میره‌ زه‌نگه‌نه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "پێشتر نه‌وتى چه‌ند کێڵگه‌یه‌كى كه‌ركووك، به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى و له‌ ڕێگاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌نێردرایه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌و هه‌نگاوه‌ش هه‌م سوودى بۆ حكوومه‌تى هه‌رێم هه‌بوو و هه‌میش حكوومه‌تى هه‌رێم پاره‌ى پترۆدۆلاری كه‌ركووكى بۆ شاره‌كه‌ ده‌نارد، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كاندا خه‌رج بكرێت، به‌ڵام ئێستا نه‌وتى شاره‌كه‌ هیچ سوودێكى بۆ حكوومه‌ت و بۆ خه‌ڵكى شاره‌كه‌ش نییه‌، قازانجی ئەو تاڵانییە تەنیا بۆ سه‌رانى حه‌شدى شه‌عبی و خیانه‌تكارانى گرووپی 16ی ئۆكتۆبه‌رە“.


پێشتر، فوئاد حوسێن، ئه‌ندامى لێژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ڕاوه‌ستێنراوه‌ و ئێستاش هیچ جۆره‌ زانیارییه‌ك له‌باره‌ى چۆنیه‌تیی ناردنی نه‌وتی كه‌ركووك به‌ ئێمه‌ نادرێت، پێشتر ئێمه‌ له‌ ڕێگاى سه‌رچاوه‌كانمانه‌وه‌ یان ڕاسته‌وخۆ خۆمان كارمان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى ناردنى نه‌وتى كه‌ركووك ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا بارودۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌ و زانیارییه‌كانمان له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تیى ناردنى نه‌وتى كه‌ركووك لێ ده‌شارنه‌وه‌، پێشتر به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ڕێگاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌ڕۆیشته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا بودجه‌ى پترۆدۆلار ده‌درا به‌ شاره‌كه‌، كه‌چی ئێستا ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌".
فوئاد حوسێن، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "به‌شێكى ئه‌و دۆخه‌ خراپه‌ى كه‌ له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌ هێنرایه‌ سه‌ر كه‌ركووك، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ چۆن بتوانن کۆنتڕۆڵی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركووك بكه‌ن و حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى عێراق سوودیان له‌ نه‌وتى كه‌ركووك بینیوه‌، هه‌موو عێراق له‌سه‌ر داهاتى نه‌وتى كه‌ركووك ده‌چووه‌ ڕێوه‌، تاوه‌كوو نه‌وت له‌ باشورى عێراق دۆزرایه‌وه‌، كه‌ زیاتر له‌ 30 ساڵی پێ چوو، كه‌ركووكییه‌كان سوودیان لێوه‌ نه‌بینی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ داهاته‌كه‌ى زۆرجار بۆ سه‌ركوتكردنى كه‌ركووكییه‌كان خه‌رج كراوه‌".


له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌رى رابردوودا، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكارى ناو یه‌كێتی، شارى كه‌ركووكیان داگیر كرد و له‌و كاته‌وه‌ جگه‌ له‌ تێكچوونى دۆخى ئه‌منیى پارێزگاكه‌، نه‌وتەکەی ده‌دزرێت و به‌ره‌و ئێران ده‌برێت.


له‌پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوودا، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕێگاى بۆڕیی نه‌وتبه‌رى خۆیه‌وه‌ نه‌وتى کێڵگه‌كانى هاڤانا و بای حه‌سه‌نى له‌ رۆژئاواى كه‌ركووك ده‌گواسته‌وه‌ بۆ به‌نده‌رى جه‌یهانى توركیا و داهاته‌كه‌ى ده‌كرده‌ مووچه‌ و ده‌یدا به‌ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها مانگانه‌ 10 میلۆن دۆلاریشی وه‌ك بودجه‌ى پترۆدۆلارى شاره‌كه‌ ده‌نارد بۆ كه‌ركووك، حكوومه‌تى عێراقیش له‌ کێڵكه‌كانى نه‌وتى خه‌بازه‌ و زه‌مبووره‌وه‌ نه‌وتى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كرد.