سەرۆکایەتییەکانی عێراق، دەسەڵاتێکی ئێرانی بە دەمامکی عێراقییەوە!

واشنتۆن ڕێگا نادات هاوبەشە بەهێز و باوەڕپێکراوەکەی لە هەولێر لاواز بێت

 

 

عێراق، بازاڕی کڕین و فرۆشتن

 

هێشتا خەڵکێک هەیە پێیوایە پەرتەوازە و پەرشبوونی دەنگی پەرلەمانتارانی فڵان لیست یان فیسار قەوارەی سیاسی لە بەغدا، لەکاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان و کۆماردا، نیشانەی ئەوەیە کە ئیدی سەردەمی بەشبەشێنە و تایەفەگەری و سەنگەربەندی لە عێراقدا بەسەر چوو. وەک چۆن هەر ئەو خەڵکە بەبێ زەرورەتی بوونی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ڕاسپاردنی (عادل عەبدولمەهدی) بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بە وەرچەرخان و ئاماژەیەک بۆ لەدایکبوونی حکوومەتێکی مەدەنی دادەنێن. ئەم خۆشخەیاڵییە لەکاتێکدایە کە هەموومان بە چاوی خۆمان بازاڕی سەودا و مامەڵە، کڕین و فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتارانمان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەماندا بینی، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی درزتێکەوتن و پەرشبوونی ناوماڵی شیعە و سوننە بوو، بەسەر سەنگەر و بەرژەوەندیی جیاوازدا، هەروەها کۆمیدیا و مەهزەلەی هەڵبژاردنی سەرکۆماریشمان بینی. ئەمانەو چش لەوەی کە هێشتا ناوی خوای لێ نەهێناوە، کەچی (عەبدولمەهدی)ی ڕاسپێردراویش بۆ پێکهێنانی حکوومەت، لەلایەن ئەم و ئەوەوە بە پێشمەرج و سەقفی زەمەنی کۆت و بەند کراوە.

 

تابلۆی سیاسی و هاوکێشەی سەرۆکایەتییەکانی ئەم جارەی عێراق، دووبارە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، کە خەونی عێراقییەکان بەوەی پاش 15 ساڵ حوکمڕانێتیی دوای بەعس، وڵاتەکەیان بەرەو دیموکراسیەت و مەدەنیەت هەنگاو دەنێ و بەرگی تایەفەگەری فڕێ دەدات، لە خەونی حوشتر و چۆلەکەش وێوەترە. کۆی پرۆسەکانی یەکلاکردنەوەی سەرۆکایەتییەکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، کە تا ئەم چرکەساتەش ئەوە عێراقییەکان نین لەو یاریی یەکلاکردنەوەی سەرۆکایەتییەکانی وڵاتەکەیاندا براوەن، تەنانەت خودی خزب و هێز و لیست و قەوارە سیاسییەکانیش نین، بەڵکوو ئەوە ئێرانە لەهەر سێ سەنگەری سەرۆکایەتییەکەدا (پەرلەمان، کۆمار و حکوومەت)شەڕەکەی تا ئێستا لە ئەمریکا بردۆتەوە. واتە لە گرەوکردنی ئەمریکا و ئێران لەسەر جڵەوکردنی بڕیاری سیاسی لە عێراقدا، دووبارە و چەندبارە تاران لە واشنتۆنی بردەوە.

 

لە عەلوەی پەرلەمانەوە بۆ لەنگەی حکوومەت!

 

بەپێی بۆچوونی ژمارەیەک شڕۆڤەکار و چاودێری سیاسی، هەروەها بە گوێرەی هەندێک لە سەرچاوەکانی زانیاری، لە ئێستاوە خەریکە سات و سەودا و مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە پۆستەكانی حكوومەتی نوێی عێراقەوە دەست پێ دەکات. لەم ڕووەوە واسق هاشمی، بەرپرسی گرووپی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی لە عێراق ئاشكرای كرد، کە سیناریۆی پێكهێنانی حكوومەتەكانی پێشوو، لە پرۆسەی پێکهێنانی ئەمجارەی کابینەی حکوومەتیشدا دووبارە دەبێتەوە و جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە دابەشكردنی پۆستەكان لە نێوان لایەنە سیاسییەكان دەبێ و بە پارەی زۆریش پۆست و پلە دەفرۆشرێتەوە.

 

هاشمی کە چاودێریی ڕووداو و هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق دەکات، لە بارەی ئەو سات و سەودایەدا دەڵێ: لایەنە سیاسییەكان بە هیچ شێوەیەك ڕێگا نادەن ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، لەلایەن خۆیەوە وەزیر بۆ پۆستە وەزارییەكان دیاری بکات، چونكە ئەوان بۆ خۆیان ئەو دەرفەتەیان بە عەبدولمەهدی داوە، كە ببێتە سەرۆكی حكوومەت، بۆیە لە بەرانبەر ئەوەدا و لە پێکهێنانی کابینەی حکوومەتەکەیدا، دەبێ عەبدولمەهدی گوێ بۆ ویستەكانیان بگرێ و بچێتە ژێر باری مەرجەکانیان.

 

واسقی ئاماژە بەوە دەکات، کە بۆشایی هەرە گەورە و هۆکاری سەرەکی لە بەردەوامیی ئەم دۆخی سات و سەودا و بەشبەشێنە حزبی و تایەفییە، پەیوەندی بە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و کاریگەرەوە هەیە. هەر لەبەر ئەوەیشە کە پێیوایە دۆخەكە بەهەمانشێوە دەمێنێتەوە، بەشبەشێنە بەردەوام دەبێ و پۆستەكان دەخرێنە مامەڵەوە و كڕین و فڕۆشتنیان پێ دەكرێت.

 

 

بەسڕە، وەک بیانوو بۆ هەژموونگەرایی

 

پشێوی و ئاڵۆزییەکانی بەسڕە ئاگری ئەو ململانێیەی نێوان ئەمریکا و ئێران بوون، بۆ سووتاندنی کارتی بەرژەوەندییەکانی یەکتری لەناو کۆشکی سەرۆکایەتییەکان و بڕیارەکانی بەغدادا، کە وێدەچێ تا ئێستا دەست و کارتی ئەمریکا بەو ئاگرەوە سووتابێت و بسووتێت. ڕووداوەکانی بەسڕە و بەلاڕێدابردنیان، لە داخوازیی خەڵکی بەشمەینەتی ئەو شارە دەوڵەمەندە، بۆ ئاوی خاوێنی خواردنەوە و خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردە و کارەبا، بە ئاراستەی هەڵکووتانە سەر دامەزراوەکانی حکوومەت، تێوەگلانی هێزی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە تاران بە پاساوی سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، کوشتنی خۆپیشاندەران و دواجار سووتاندنی کونسوڵحانەی ئێران (کە ئەمەی دواییان تەواو گەمەیەکی ئێرانی بوو!). هەموو ئەو ڕووداوانە دوای ئەوە هاتن، ئێران نەک هەر گومانی هەبوو، بەڵکوو تا ئاستێکی زۆر لە ئەگەری ئەوە دڵنیابوو، کە خەریکە حکوومەتێک لە بەغدا لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی ئەو دادەمەزرێت.. حکوومەتێک دوور نییە وردە وردە کۆتایی بە جڵەوگیری و ئۆتۆریتە و هەژموونی تاران بەسەر بڕیاری سیاسیی بەغدادا بێنێت. بۆیە ئێران بە پێچەوانەکردنەوەی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەسڕە، بە ئاراستەی ڕاوەدوونان و گرتن و ئەشکەنجەدانی خۆپیشاندەرانی سڤیل لەلایەن میلیشیاکانی نوجەبا و عەسائیب و حزبوڵڵا، هەوڵەکانی تیرۆرکردن و غافڵکوژی چالاکانی مەدەنی ناو خۆپیشاندانەکە، دواجاریش سووتاندنی کۆنسوڵگەریی ئەمریکا لەو شارە، قورسایی سێبەر و ترسی خۆی هێنایەوە ناو هۆڵ و ڕاڕەوەکانی پەرلەمانی عێراق.

ئەوەی پێیوایە بە شکستپێهێنانی خەونی (عوبێدی) بۆ سەرۆکی پەرلەمان و کوشتنی ئومێدی (عەبادی) بۆ دووبارە بوون بە سەرۆکی وەزیران و دوورخستنەوەی سێبەری خێوی (مالیکی)، قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی عێراقدا دەست پێدەکات، قۆناغێک کە کۆتایی بە بەشبەشێنەی حزبی و باڵادەستی گوتاری تائیفی دێنێت، زۆر بە هەڵەدا چووە. وەک چۆن ئەوەی پێیوایە ئیتر عێراق کەوتۆتە ناو قۆناغێکی دیکەی نوێی ڕاگوزەر بە ئاراستەی کۆتایی پێهێنانی گەندەڵی و لێپرسینەوەی گەندەڵکاران و بڕینی دەستی میلیشیاکان و دەسەڵاتیان بەسەر ئاراستەی بڕیاری سیاسی لەو دەوڵەتەدا، لە خۆشخەیاڵیێکی قووڵدا دەژیێت. چونکە سات و سەودای کڕینی ویژدان و دەنگی پەرلەمانتارەکان بۆ سەرخستنی حەلبووسی، گەلەکۆمەی کۆتایهێنان بە عورفی دەستنیشانکردنی سەرکۆمار وەک پشک و ئیستحقاقی کورد لە بەغدا و بردنەوەی بۆ ژێر ڕەحمەتی دەنگدانی ناو پەرلەمانی زۆرینەی ڕەهای شیعەی ملکەچ بۆ تاران، دواجار ڕاسپاردنی کەسێک لە دەرەوەی پرەنسیپی باو و کارپێکراوی دەستوور (ڕاسپاردن لەلایەن گەورەترین قەوارە و هاوپەیمانێتی!) بۆ پێکهێنانی حکوومەت، کە لەهەر هەموویاندا تاران یاریکەری سەرەکی و براوە بوو. فەرسەخێکی دیکە عێراقی لە بوون بە دەوڵەتی دامەزراوەیی و دیموکراسی و مەدەنی، هەروەها لە دەوڵەتی هاووڵاتی دوورخستەوە.

 

سەرکۆمار، لە کوردەوە بۆ ئێران

پۆستی سەرکۆمار کە پشک و ئیستحقاقی کوردە، نەک حزبێکی دیاریکراوی کوردستان، بەڵام سووربوونی لەسەر ئەوەی، کە هاوشێوەی سەرۆکی پەرلەمان، ئەو پۆستەیش بکەوێتە دەستی کەسێکی دڵخوازی خۆی. جیاواز لە یارییە کلاسیکییەکانی پێشووتری، تاران بە ڕژدی کاری لەسەر پرۆسەکە کرد و پێش کورد، لەم یارییەشدا ئێران گرەوەکەی لە ئەمریکا بردەوە و ئەم بەڕەیەشی لەژێر پێی واشنتۆن دەرهێنا.

 

ماڵپەڕی (دیپلماسی ایرانی) لەبارەی وەرگرتنی پۆستی سەرکۆمار لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە نووسیویەتی: “ لە ماوەی ساڵێکدا، ئەمە دووەم جارە مەسعود بارزانی لە حیسابەکانیدا هەڵە دەکات…. کاندیداکەی بارزانی بۆ پۆستی سەرکۆمار تووشی تێکشکانێکی سیاسی بوو. دیارە ئەم دەستەواژەیەش بەبێ هیچ پێچ و پەنایەک، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ڕۆڵی ئێران لە خیانەتی 16 ی ئۆکتۆبەر و پێدانی پۆستی سەرکۆماری عێراق بە یەکێتی.

 

هاوکات ماڵپەرەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە : تەنانەت بە هاتنە ناوەوەیشیان، بەڵام ئەمریکییەکان نەیانتوانی ڕێگا لە سەرکەوتنی بژارە ڕاستەکە بگرن و لە ململانێیەکی توند و سەرەڕای هاتنە ناوەوەی تڕامپ، بەرهەم ساڵح بووە سەرکۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدیش بووە سەرۆک وەزیرانی عێراق”.

 

پاش ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێککەوتن و ڕێوشوێنەکانی بۆ دیاریکردنی سەرکۆمار لە نێوان کوتلە کوردستانییەکاندا پێشێل کرد و پرسی یەکلاکردنەوەی سەرکۆماری بردە ناو پەرلەمانی عێراق، پارتیی دیموکراتی کوردستان ئەم هەڵوێستەی یەکێتی بە ھەنگاوێکی مەترسیدار و بە تێکدانی یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد لەقەڵەم دا. دیارە ئەم بۆچوونەی پارتی هەر لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکوو خەڵکانی دیکەیش بۆچوونێکی هاوشێوەیان لەسەر یەکلاییکردنەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و پێکهێنانی حکوومەت هەیە.

 

مارکۆ ڕۆبیۆ، کۆنگرێمسانی پارتیی کۆماری لەبارەی دەستنیشانکردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی: "بەرھەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق بە ھۆی کاریگەریی قاسم سلێمانی، سەرۆکی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ھەڵبژێردراوە".

 

ڕۆبیۆ کە پاڵێوراوێکی پێشووی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە تەواوی سەرکردەکانی دیکەی عێراق لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بێلایەن نین، بەتایبەتی بەرهەم ساڵحی سەرکۆمار، کە بە کاریگەریی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران و قاسم سلێمانی ھەڵبژێردراوە و ڕێککەوتنەکانیش هەر بەھۆی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ھەڵوەشێندراونەتەوە.

 

ئەو کۆنگرێسمانە ئەمریکییە لە کۆتایی تویتەکەیدا دەڵێت: براوەی یەکەم لەو یارییانەدا ئێرانە و ئەم گۆڕانکاراییانە زۆر مەترسیداران و کێشەی مەزنیان لێ دەکەوێتەوە.

 

سەرەڕای پیرۆزبایی برێت ماکگۆرگ لە ساڵح و ناوبردنی بەوەی سەرۆکی عێراق دۆستێکی کۆنە، بەڵام بەگوێرەی هەندێ سەرچاوەی زانیاری و ڕۆژنامەوانیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی،  سەبارەت بە پرسی پۆستی سەرکۆمار. دوای ئەوەی داوای کشانەوەی لێ کراوە و ڕەتی کردۆتەوە، جۆرێک لە دەمەقاڵێ لەنێوان مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەرهەم ساڵحی بەرژێری ئێران بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق دروست بووە و دووەمیان گوتویەتی : ئەوە کاروبارێکی نێوخۆیی عێراقییە.

 

وێڕای ئەوەی تاران ئەم گرەوەیشی لە واشنتۆن بردەوە، کەچی سەرچاوەکانی زانیاری و هەواڵ جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کەوا سەرەڕای ئەو بەدحاڵیبوونەی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کەوتە نێوانیان، بەڵام واشنتۆن سوورە لەسەر بە بەهێزی مانەوەی بارزانی و بە دۆست و هاوبەشە باوەڕپێکراوەکەی ئەمریکاش وەسفی دەکات.

 

لەم گۆشەنیگایە و بەپێی زانیاریی هەندێک لەو سەرچاوانە بێت واشنتۆن نەک هەرگیز ڕێگا بە لاوازکردنی هاوبەشە بەهێزەکەی لە هەولێر نادات، بەڵکوو پێداگیریشە لەسەر ئەوەی لە دانوستاندنەکان دەربارەی پۆستە وزاری و سیادییەکان لە میانی پێکهێنانی حکوومەتەکەی عەبدولمەهدیدا، پشتگیری و پشتیووانی هاوبەشەکەی بکات.

 

حکوومەتی مەرجدار

دوای ڕووخاندنی بەعس لە ساڵی 2003، حزبە شیعییەکانی عێراق، کە پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ تاراندا هەیە، دەستیان بەسەر حوکمڕانیی ئەو دەوڵەتەدا گرتووە. پاش چاوەڕوانیی نزیکەی پێنج مانگ لە هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە (12/5/2018) بەڕێوە چوو، ڕۆژی 2/10/2018 لایەنە عێراقییەکان لەسەر ڕاسپاردنی (عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و سەرکردەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی) بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، ڕێککەوتن.

لە میانی لێدوانەکانیدا لەمەڕ پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی  و ڕاسپاردنی (عەبدولمەهدی)، پۆمپیۆ گوتی: “ هیوادارین عێراق حکوومەتێکی دوور لە هەژموون و کۆنتڕۆڵی ئێران پێک بهێنێت.. حکوومەتێک بیر لە داهاتووی گەلی ئەو وڵاتە بکاتەوە.

 

لای خۆیشیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا پیرۆزبایی لە (عەبدولمەهدی)کرد و داوای لێ کرد، کە لە پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیری عێراقیدا پابەندی کات و وادە دەستوورییەکان بێت.

ئەم لێدوانە نێودەوڵەتییانە لەکاتێکدان، کە نووسەرێکی ناسراوی عێراق پێیوایە، خودی پرۆسەی ڕاسپاردنى (عهبدولمههدى) بەم شێواز و میکانیزمە، مانای لهباربردنى دهستووره‌.

 

غالب شابهندهر، نووسهرى دیار و ناسراوی عێراقی بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی ڕاگهیاندووە، کەوا ڕاسپاردنى (عهبدولمههدى) بۆ پێكهێنانى حكوومهت، كارێكى نایاسایییه و له باربردنى دهستووره. شابهندهر لەم بارەیەوە دهڵێ: به پێى دهستوور دهبێت ڕاسپاردنى ههر كهسێك بۆ پێكهێنانى حكوومهتى عێراق، له ڕێى گهورهترین قەوارە و هاوپەیمانێتییەوە بێت، کەچی ڕاسپاردنى عهبدولمههدى به شێوهى سازان بوو، نهك له ڕێى گهورهترین قەوارەی سیاسییەوە، ئهمهش لهباربردنى دهستووره‌".

 

بەتەنیشت ئەم بۆچوونەیشەوە، پەرلەمانتاریکی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕاسپاردنی (عەبدولمەهدی) مەرج دارە و دەبێ ناوبراو لە پێکهێنانی کابینەکەیدا پابەندی ئەو مەرجانە بێت، کە ئەم و ئەو بۆیان دیاری کردووە. یەکێکیش لە دیارترین مەرجەکان ئەوەیە، کە ئەگەر نەیتوانی لە ماوەی دیاریکراودا کابینەکەی پێک بهێنێت، ئەوا دەبێت دەست لەکار بکێشێتەوە.

 

عەلی بدێری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی (الاصلاح و الاعمار)، کە هەریەکە لە لیستەکانی (السائرون، الحکمة، النصر و الوطنية) لەخۆی دەگرێت، ئاماژە بەوە دەکات، کە چەند ڕۆژێک پێش ڕاسپاردنی (عەبدولمەهدی) بۆ پێکهێنانی حکوومەت و بەڕێوەبەردنی حكوومەتی نوێی عێراق، هێزە سیاسییەكان واژۆیان لەسەر ڕێككەوتنێك كردووە، كە كۆمەڵێک مەرج لەخۆی دەگرێت.

 

بدێری سەبارەت بە مەرجەکان دەڵێت: دەبێ عەبدولمەهدی مەرج و تایبەتمەندییەکانی ئەو كەسایەتییانەی لە كابینەكەیدا دەبنە وەزیر دیاری بکات، پاشان مەرجەكان پێشکەشی هێزە سیاسییەكان بکات، دواتر ئەوان لەسەر بنەمای ئەو مەرج و تایبەتمەندییانەدا، ناوی پێنج كاندیدا بۆ هەر وەزارەتێك بدەنە عەبدولمەهدی. ئەگەر ئەو بە کاندیداکان ڕازی نەبوو، ئەوا داوای ناو و کەسایەتیی گونجاوتریان بۆ پۆستەکان لێ دەكات. لە ئەگەری ئەوەیش کە کاندیداکان نەیانتوانی ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ بکەن، ئەوا سەرۆکی حکوومەت خۆی بەرپرسیار دەبێت.

 

یەکێکی دیکە لەو مەرجانەی، کە بە قسەی پەرلەمانتارەکەی (الاصلاح و الاعمار) بۆ ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هاتووە ئەوەیە، کە : پێویستە لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی حکوومەت و بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا سەربەخۆ بمێنێتەوە و هیچ پارتێكی سیاسی پێك نەهێنێت. هاوکات مەرجێکی دیکە و لەپێشینەش ئەوەیە: لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەکەی و لە ماوەیەكی دیاریكراودا، یەكەم كارە گرنگەكانی جێبەجێ بكات، ئەویش دابینکردن و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەدەنگەوەچوونی داواكارییەكانی خەڵك، كە خۆپێشاندانیان لەپێناویدا كرد.

 

حکوومەتی لەرزۆک

پێشتر و لە ڕاپۆرت و بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانیماندا لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ئاماژەمان بە چانسی بەهێزی عادل عەبدولمەهدی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە کردبوو، هاوکات بە گەڕانەوە بۆ ڕای چاودێران و سەرچاوەی زانیارییەکان، باسمان لە ئەگەر و گریمانەی ئەوەش کردبوو، کە ڕەنگە عەبدولمەهدی بە هۆی سەختیی چوار ساڵی داهاتووی حوکمڕانی لەناو بەرداشی ئەو ناکۆکییە سەختە ناوخۆییەی هێزە شیعەکانی عێراق لەسەرێک و ململانێی ئەمریکا و ئێران لەلایەکی تر، وەرگرتنی پۆستەکە ڕەت بکاتەوە. ئێستا کە ناوبراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتە نوێیەکە ڕاسپێردراوە، هێشتا ئەگەرەکانی دەست لەکارکێشانەوەکە وەک خۆیان ماون، بەتایبەتی کە وەک لە پێشەوە ئاماژەمان بۆ کرد، عەبدولمەهدی بە مەرج ڕاسپێردراوە، تەنانەت هەندێ سەرچاوەی میدیایی باس لەوە دەکەن، (موقتەدا سەدڕ)، ساڵێکی وەک کۆتا ماوە و سەقفی زەمەنی بۆ سەرۆکی نوێی حکوومەت داناوە، کە ئەگەر لە بەڕێوەبردنیدا سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا ئەوکات هەڵوێستێکی دیکەیان دەبێت. هاوکات ئەو سەرچاوانەی هەواڵ و زانیاری دەڵێن، ڕەنگە متمانەپێدانی (سەدڕ) بە (عەبدولمەهدی)، جۆرێک بێت لە زامنی و دڵنیایی ئەوەی، کە سەرۆکی حکوومەت سبەی ڕۆژ ڕووبەڕووی فشار و هەڕەشەی هێزەکان نەبێتەوە. بەتایبەتی کە (سەدڕ) هێشتا نە دەستبەرداری تێگەیشتنی ڕووبەڕووبونەوەی ئۆتۆریتەی ئەمریکا بووە، نە لە ئەگەری دەستتێوەردانی ئەم هێز و ئەو حزبدا لە کاروباری حکوومەت، خەیاڵی بوونە ئۆپۆزسیۆنی لەسەریدا فڕێ داوە.

 

ئەگەر هەموو ئەو گریمانانەیش ڕاست بن، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئایا سەدڕ ڕۆڵی و کاریگەریی تارانی لە جوڵاندنی حزبی دەعوە و میلیشیاکانی حەشد بیر چۆتەوە، کە ڕەنگە لە دۆخێکی وادا ڕیسی خەونەکانی لێ بکاتەوە بە خوری؟

 

بەهەرحاڵ، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو گومان و ئەگەرانە دەتوانین سەرنجی خوێنەر بۆ چەند بۆچوونێک ڕابکێشین. لەم ڕووەوە غالب شابەندەری نووسەری عێراقی دەڵێت: عهبدولمههدى پیاوى ئهم قۆناغه نییه، ڕاسپاردنى ئهو زۆر له خواست و عهقڵ و هزرى ئهو گهورهتره‌”. ئەم بۆچوونەش دەمانباتەوە سەر پرسی ئەو مەرجانەی، کە بۆی دیاری کراون، ئەوەی کە عەلی بدێری پەرلەمانتاری (الاصلاح و الاعمار) جەختی لەسەر کردوونەتەوە و دووپاتی دەکاتەوە كە عەبدولمەهدی بە هەموو مەرجەكان ڕازی بووە، یەکێکیشیان دەستلەكاركێشانەوەیەتی لە پۆستی سەرۆکی حکوومەت، لەکاتێکدا کە نەیتوانی لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئەو ئەركانەی پێی سپێردراون، جێبەجێیان بكات.

 

لەلایەکی دیکەوە فایەق شێخ عەلی، پەرلەمانتاری عێراق باس لەوە دەکات، پێویستە عەبدولمەهدی لە ئێستاوە بیر لە دەست لەکارکێشانەوە بکاتەوە و نامەکەی هەمیشە لە گیرفانیدا بێت. لەم ڕووەوە شێخ عەلی، کە سەرکردەیەکی سیاسیی عێراقییە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە (تویتەر)دا، چریکەیەکی لەسەر عەبدولمەهدی کردووە و دەڵێ: تكایە بۆ لەمەودوا نامەكەی دەست لەكاركێشانەوەکەت بخەرە گیرفانی پشتەوەی پانتۆڵەكەت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت کە بەڕاستی فەڕەنسیت. ئاگاشت لەخۆت بێت دژایەتی پەرلەمانی عێراق نەكەیت".

 

ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە دەشڵێت: دكتۆر عادل كێشەیەكی بچووكی هەیە، ئەویش ئەوەیە، كە لە دوای هەشت ڕۆژدا دەست لەكار دەكێشێتەوە و ناچارمان دەكات بەدوای سەرۆك وەزیرانێكی تردا بگەڕێین".
ئەگەر نەڵێین یەکەم و بێ رکابەر، بەڵام عەبدولمەهدی یەکێکە لە دیارترینی ئەو سیاسییە عێراقییانەی، کە لە ماوەی ڕابردوودا پۆستی باڵایان هەبووە و دواتر دەستیان لە کارەکەیان کێشاوەتەوە و دەستبەرداری پلە و پۆستەکەیان بوونە (پۆستی جێگری سەرکۆمار و وەزیری نەوت). ماوەیەکیش پێش ئێستا و لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ناوبراو ئاشکرای کرد، لەوەتەی یەكەم پۆستی سیاسی وەرگرتووە، بەردەوام نامەیەكی دەست لەكار كێشانەوەی ئیمزاكراوی لە گیرفانی چاكەتەكەیدا هەڵگرتووە، بۆ ئەوەی هەر کاتێک پێویست بێت، پێشكەشی بكات، بەڵام وێدەچێت ئەمجارە پێویستی بە نامەی ئامادە نەبێت. چونکە دوور نییە ئەو قەوارە و لیستانەی سەپۆرتیان کردووە، لە هەر شوێنکاتێکدا کە بەرژەوەندیان خواستی و ویستیان، ئەوا بەبێ نامە لە کارەکەی دووری بخەنەوە.

 

شکاندنی عورف و پێشێلکردنی دەستوور

کاتێک بە تێکشکاندنی عورفی پەیڕەوکراوی دیاریکردنی سەرکۆمار وەک پشکی کورد، کە پێویستە کورد لەناو ماڵی خۆیدا یەکلای بکاتەوە. هەروەها دوای مانۆڕێکی نهێنیی قاسم سولەیمانی لەگەڵ هێز و قەوارە سیاسییە شیعییەکاندا، بەبێ پێکهێنانی گەورەترین قەوارە و هاوپەیمانێتیی سیاسی لە پەرلەمان (وەک ئەوەی دەستوور ئاماژەی بۆ کردووە)، بۆ ئەوەی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕابسپێرێت، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا، پرۆسەی دەستنیشانکردنی سەرکۆمار تێدەپەڕێندرێت و بە پەلەپرووزێ عەبدولمەهدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت، ئەم یارییە بۆ خۆی هەڵگری دەیان گومانە.

 

دیارە وێناچێت ئێران هەر لە خۆیەوە بە کاندیدکردنی عەبدولمەهدی ڕازی بووبێت، بەڵکوو لە پشتی ئەمەوە ئامانجێکی دیکەی سیاسی و ستراتیژیی خۆی هەیە، کە  دوور نییە پەیوەندی بە بڕیاری سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێرانەوە هەبێت، کە لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدا بەغداش لەناو لیستی ئەو پایتەختانە دایە، کە دەبێت پابەندی بڕیارەکە بێت. لەم گۆشەنیگایەوە، لەوانەیە زیادەڕۆییمان نەکردبێت ئەگەر بڵێین،  ڕەهەندێکی ڕەزامەندیی تاران لەسەر عەبدولمەهدی بەوەی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ڕابسپێردرێت، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئێران داوای لێ بکات، یان ڕاستتر بڵێین، دواجار بیخاتە ژێر باری مەرجی ئەوەی، کار لەسەر ئەوە بکات بەغدا لە لیستی ئەو پایتەختانە دەربهێنێت، کە پابەندن بە جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا. ئەمەش گریمانە و ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، چونکە پێشتر خودی عەبدولمەهدی لە لێدوانێکدا سەبارەت بە سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا، هەڵوێستێکی پێچەوانەی بڕیاری سزاکانی وەرگرت و ئاماژەی بەوەدا، کە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا، بە پلەی یەکەم زیانێکی گەورە بە ئابووریی عێراق دەگەیەنێت.

 

عەبدولمەهدی کە وێدەچێ بیەوێ هاوسەنگیێک لە پەیوەندییەکانیدا لە نێوان ئێران و ئەمریکادا ڕابگرێت، هەروەها حکوومەتێکی مەدەنی و تەکنۆکراتی دوور لە دەستتێوەردانی تایەفی دابمەزرێنێت، لە ڕاستیدا هیچ هێز و سێبەر و سایەیەک شک نابات، تا لە فشار و هەڕەشەی قەوارە سیاسییە ڕکابەرەکان بیپارێزێت. بەتایبەتی هێز و قەوارە گەورەکان، کە متمانەیان بەو کەسە داوە و چاوەڕێی ئەوەیشی لێ دەکەن، بەری متمانەپێدان و پشتگیری خۆیان بچننەوە، ئیدی هەر ئەم ڕاستییەیە وا دەکات، کە حکوومەتی داهاتوو بخاتە بەردەم پرسیاری جیددییەوە. بەتایبەتی کە هەموو هێزە سیاسییە عێراقییەکان لە چاوەڕوانی ئەوە دان، کابینەی داهاتوو چۆن دەبێت و کێ دەچێتە ناویەوە؟ ئایا بای هاوکێشەکە بە ئاراستەی کەشتیی حەزی سازانخوازی عەبدولمەهدی هەڵدەکات، یان ئەگەری ئەوە هەیە کەشتییەکە بکەوێتە بەر گێژەنی میزاجی سیاسی و تایەفی و پرۆسەکە دەچێتەوە چوارگۆشەی یەکەم؟

 

بە مانایەکی دیکە، لەکاتێکدا دەستوور تەنیا ماوەی مانگێک بە کەسی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەدات، تاکو کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات، ئاخۆ عەبدولمەهدی چۆن و لەسەر چ بنەمایەک و بە کامە پێوەر و ئەلتەرناتیڤ، دەیەوێ حکوومەتێکی لە یەک کاتدا مەدەنی و تەکنۆکراتی دوورە دەستتیوەردانی تایەفی، هەروەها هاوسەنگ لە پەیوەندییەکانی لەگە ئەمریکا و ئێراندا دابمەزرێنێت؟

 

خستنی پوولێک بەسە!

لەگەڵ هەواڵی ڕاسپاردنی (عەبدولمەهدی) بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەروەی ئەمریکا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە  سهرچاوهی ههڕهشه لهسهر ژیانی ئهمهریكییهكان له عێراقدا، تهنیا ئێرانییهكانن و هەر بە تەنیا دهسهڵاتدارانی ئێرانیش بهرپرسی ئەو ههڕهشانەن، كه دهكرێنه سهر نێرده دیپلۆماسییهكانی ئهمهریكا له عێراق، بۆیەشە وڵاتەكەی كار بۆ كۆتایهێنان بە "پەیماننامەی دۆستایەتیی 1955” لەگەڵ ئێران دەكات.

 

پۆمپیۆ کە بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی لەبارەی سزاكانی سەر ئێرانی بە "دۆڕاندن بۆ ئێران" وەسف كرد، دەشڵێت: “ هەواڵگریی ئێمە ئەوەندە بەهێزە كە بتوانین دەستی خامەنەیی و لایەنگرانی ببینین، كە چۆن پاڵپشتی لە هێرشەكان لە دژی ئەمەریكا دەكەن.

 

ئهم ههڵوێستهی ئهمهریكا له كاتێكدایه، کە وەک پێشتر ئاماژەمان پێی کرد، سیناتۆرێكی ئهمهریكی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە له دانانی سهركۆمار و سهرۆك وهزیرانی داهاتووی عێراقدا، ئێران سهركهوتنی بهدهستهێناوە و ئهمهریكایش به دۆڕاوی لە یارییەکەدا هاتۆته دهرهوه. هاوكات فشار و هەڕەشەکانی میلیشیاكانی سهر به ئێران لە دژی ئەمریکا لە عێراقدا ڕوویان له زیادبوونه و ههر بەم هۆیەشەوە بوو، ئهمهریكا كونسوڵخانهی خۆی له بهسڕه داخست و سهرجهم كارمهندەکانی خۆیشی گواستهوه.

 

هاوکێشەکان هەر چۆنێک بن، ئەوەی بڕێک هۆش و هۆشیاری و ئاگایی هەبێت، دەزانێت کە کارێکی لۆژیکی نییە ئەمریکا ڕاستەوخۆ ئێران بکاتە ئامانج، بەڵام مرۆڤ لەوەش تێدەگات کە جیاوازیێکی ڕوون لەنێوان تاران و واشنتۆندا لە هەڕەشە و گوڕەشەکردن و جێبەجێکردنیدا هەیە. ئێران کە هەڕەشە دەکات، بێ دوودڵی جێبەجێ دەکات، ئەوەتا هەرچی بە حیساب دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەن، دەیانکاتە ئامانج، کەچی ئەمریکا لە هەڕەشکردنەکانیدا ڕژد و ڕاستگۆ نییە و تا ئەم چرکەساتەش ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە، دۆست و هاوپەیمانێکی ئێران، یان بەرژوەندیێکی ئەو دەوڵەتە لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج.

 

یەعنی چی ئەمریکا سەددام دەڕوخێنێ، بەڵام ئەسەد هێشتا هەر بە پێوەیە؟ یەعنی چی ئێران گەرووی هورمز و جەبەل تاڕقی لە کەشتیگەلیی ئەمریکی کردۆتە مۆتەکە، کەچی واشنتۆن کۆتایی بە حوسییەکان ناهێنێت؟ یەعنی چی حزبوڵڵا بە کۆمەکی ئێران حەریری تیرۆر دەکات و لوبنان دەکاتە پاوانی خۆی و سەنگەری هەڕەشە و هێرش بۆسەر ئیسرائیلی هاوپەیمانی ستراتیژیی واشنتۆن، کەچی ئەمریکا زەبرێک لە حزبوڵڵای لوبنانی ناوەشێنێت؟

 

هەموو ئەو ڕاستییانە شتێکمان پێ دەڵێن، ئەویش ئەوەیە کە ئەم یارییە هەروا بە ئاسانی کۆتایی نایەت. ڕوونتر بڵێین، عێراق ئاوا بە ئاسانی نایەتەوە سەر دۆخی سروشتی دەوڵەتداری و دامەزراوەیی.. نایەتەوە سەر ڕاستەڕێی دروستی کاری سیاسی و نابێتە ئەو دەوڵەتەی تێیدا خۆری تایەفەگەری و بەشبەشێنەی حزبی ئاوا ببێت، هەتا ئێران گڵۆڵەی لەناو هاوکێشەکانی ناوچەکەدا و لە ململانێی لەگەڵ ئەمریکادا نەکەوێتە، یان ڕاستتر، نەخرێتە لێژییەوە. ئیتر نەک هەر خۆپیشاندانەکانی بەسڕە، بەڵکوو هەتا ئەو میلیشیایانەی حەشدی شەعبی، هەتا حزب و هێزی سیاسیی پاشکۆ، هەتا سەرکردە و سیاسیی شوێنکەوتە و گوێڕایەڵی بێ چەندوچوونی تاران لە بەغدا و کوردستان هەبن، ئەوا تووڕەیی و هەڕەشە و ترسی هەموو شەقامی عێراقیش ناتوانێت چۆکی زبری مۆتەکە و قورسایی خێوی ئێران لەسەر سنگی عێراق لا ببەن و دەوڵەتەکە و خەڵکەکەی هەناسەیەکی ئومێد هەڵبمژن. داهاتوو و چارەنووسی دیموکراسیەت و مەدەنیەت و دامەزراوەیی، هەروەها کۆتایی پێهاتنی بەشبەشێنە و هەژموونی تایەفەگەری لە عێراقدا، وابەستەی تەواوی ململانێ و ناکۆکی و دۆسیەکانی ناوچەکەیە، کە ئێران تیایاندا ئامادەیی و ڕۆڵی بەرچاوی هەیە (سووریا، لوبنان، یەمەن، بەحرەین، تەنانەت فەلەستینیش).

 

بە کورتی و کرمانجی، کۆتایی یارییەکە پەیوەستە بەوەی، کە ئاخۆ ئەمریکا کەی و چۆن و لە کوێ، یەکێک لە پوولەکانی ئەو یاریی دۆمینۆیە لەگەڵ ئێراندا دەخات؟ کەوتنی، یان خستنی پوولێکی ئێران لە ناوچەکەدا (حزبوڵڵای لوبنانی، ئەسەد و شەبیحە، ملیشیاکانی حەشد، حەماس و حوسییەکان) بە دەستی ئەمریکا، ئەوە ئەگەر واشنتۆن ڕژد و ڕاستگۆ بێت لەو شەڕەیدا لەگەڵ تاران، ئەوا ڕاستەوخۆ کەوتنی پوولەکانی دیکەی ویلایەتی فەقێ لەناوچەکەدا بەدوای خۆیدا دێنێت. چونکە پێمان خۆش بێت، یان نا، هەتا ئێستاش تاران لە دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر خۆی وەک جوگرافیا و سیستەم، هەروەها لەوەی ئەو ناوی ناوە (هەناردەکردنی شۆڕش)، سەرکەوتوو بووە، ئەمریکاش هەر خەریکی خۆگیڤکردنەوە و سوورکردنەوەیە!