دیندار زێباری: دەستگیر کردنی تیرۆریستان بەپێی رێوشوێنی یاسایی بووە

 

04/10/2018 - 16:11 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، دەستگیر کردنی تیرۆریستان بەپێی رێوشوێنی یاسایی بووە.


دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان رای گەیاند: "رۆژی 27/9/2018 رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە بە ناوی (دەستگیرکردنی نهێنی بەبێ رێوشوێنی پێویست، هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی زۆرەملێ)، لەم راپۆرتەدا باس لە چەند هەڵمەتێکی دەستگیر کردنی زۆرەملێ دەکات کە لە چەندین ناوچەی عێراق، روویانداوە بەتایبەتی دوای رووداوەکانی ئازادکردنی موسڵ".


زێباری راشی گەیاند: "کە جۆرە هەماهەنگییەک لەنێوان حکوومەتی هەرێم و رێکخراوی ناوبراوە و بە میکانیزمێک کە بەر لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکانیان ئاگادارمان دەکەنەوە بە چەند پرسیار و تێبینییەک و دوای ئەوەی بەدواداچوونی لەو سەرنج وتێبینیانەی کە ئاراستەمان کراون، لە دوایین راپۆرتی خۆیاندا رێکخراوەکە ئاماژەی بە روونکردنەوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە سەبارەت بەم بابەتە ئەمەش نیشانەی هەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پابەندبوونییەتی بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ".


لەبارەی دەستگیرکراوەکان لە هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک بەبێ بەڵگە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر نەکراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەپێی چەند رێوشوێنێک کەسانی تۆمەتباریان دەستگیر کردووە کە ئامارەکانیشیان بەم شێوەیە بووە: تا رۆژی 22/8/2017 بەپێى یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و بەپێی ئامارەکانی دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى هەولێر 675 کەس بە گومانی تیرۆر دەستگیر کراون لەوانە 56 کەس بێتاوان دەرچوون لە دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئازادکراون، 619 کەس حوکمیان بۆ دەرچووە و سزاکانیشیان لە نێوان (سێ) ساڵ بەندکردن تاوەکو سزاى لە سێدارەدان بووە، هەرچەندە لە سێدارەدان لە هەرێمی کوردستان راگیراوە. گشت دەستگیرکراوەکانیش. لە دهۆکیش 1594 کەس بە تۆمەتى تیرۆر دەستگیرکراون، لەوانە 616 کەس بێتاوان دەرچوون و ئازادکراون، 522 لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، 456 کەس حوکمی دادگایان بۆ دەرچووە و سزاکانیشیان لە نێوان بەندکردن و لە سێدارەداندایە".


سەبارەت بە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکوک ڕوونیش کراوەتەوە، ساڵى 2014 بەپێی دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى سلێمانى راگیراوانى شەڕى تیرۆر تەنها (سێ) کەس بوون و لە ساڵى 2015 تەنیا 23 کەس بوون لەوانە 18 کەسیان ئازادکراون، (پێنج) کەسیان رەوانەى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى پارێزگاى سلێمانى کراون . لە ساڵى 2016 تەنها پێنج راگیراو هەبووە، لە شەش مانگى یەکەمى ساڵى 2017 تەنیا (چوار) کەس بوون کە دوانیان ئازاد کران دوای بێتاوان دەرچوونیان و دوانی دیکە پەڕاوەکانیان رەوانە دادگا کراوە. هەروەها لە ماوەی نێوان ساڵانی 2014 تا 2017 لە سەرۆکایەتى دادگاى نەوجەوانانى سلێمانى 22 کەس دادگایی کراون، لە دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى کەرکوک لە نێوان ساڵانی 2014 تا 2017 دەستگیر کراون ژمارەیان گەیشتە 399 کەس لەوانە 137 لەژێر لێکۆڵینەوەدان و 35یان سزایان بۆ دەرچوو، هەروەها لە شەش مانگی یەکەمی 2017 لەو گیراوانە 36 کەس سزاکانیان تەمیز کراوەتەوە.


زێباری تیشکی خستە سەر ئەو گیراوانەی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانى دەستگیر کرابوون گوتی: "10 کەس رەوانەى دادگاکانى دیکە کراون بە پێى تایبەتمەندى و 106 کەس ئازادکراون و 26 کەس لەژێر لێکۆڵینەوەدان، بەڵام هیچ کەسێک بەپێی بڕیاری دادگا سزاکانیان (استئناف) نەکراوە. بەپێى یاساو رێنماییەکانى مافى مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".


رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان ڕاشی گەیاند، هەر کەسێک دەستگیر دەکرێت نەوجەوان بێت یان تەمەنى تەواو بێت بە بڕیارى دادوەر رادەگیرێت بەپێى ماددەى یاسایى تایبەت بە تاوانى خۆى و بە هیچ شێوەیەک ئەشکەنجە نادرێت یان مامەڵەى نامرۆڤانەى لەگەڵدا ناکرێت وەک گشت زیندانییەک مافى خۆى هەیە، چونکە بەپێی یاسا ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بەشێوەیەکی گشتی بۆ وەرگرتنی دانپێدانان و زانیاری بە تاوان دادەنرێت، رێگا نادرێت کە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشکەنجە بدەن بەپێی ماددەی 333 لە یاساى سزادانى عێراقى ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو، هەر تۆمەتبارێک لەکاتى لێکۆڵینەوە ئەشکەنجە درابێت لەرووی یاساییەوە مافى هەیە سکاڵا تۆمار بکات دژى ئەو کەسەى ئەشکەنجەى داوە.


ئاماژەشی بە مافەکانی دەستگیرکراوان کرد و لەمبارەوە گوتی: "هەموو بەندکراوێک دەتوانێت هەر داواکاریيەکى هەبێت لە رێگاى کارگێڕیی بەندیخانە یان داواکارى گشتى یان لە رێگاى کەسوکارى کاتێک سەردانى دەکەن یان لە رێگاى رێکخراوەکانى تایبەت بە مافى زیندانیان بەرزيبکاتەوە. هەروەها لە هەموو گرتوخانە چاکسازییەکاندا 24 کاتژمێر بنکەی تەندروستی وتیمی پزیشکی هەیە، هەروەها تاقیگە و دەرمان هەیە و هەر بەندکراوێک لە سەرەتای هاتنی بۆ گرتوخانەکانی گرتن و گواستنەوە، پشکنینی تایبەتی پەیوەنداری پێویستی بۆ دەکرێت و فایلی تەندروستی تایبەت بە خۆی دەبێت، هەروەها پشکنین بۆ نەخۆشییە گوازراوەکانی وەک (هەوکردنی جگەر و ئایدز و سیل) و نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەک (شەکرە و فشاری خوێن) و نەخوشیەکانی دیکە بۆ ئەنجام دەدرێت".


دیندار زێباری لەبارەی رێوشوێنەکانی دەستگیرکردنی گومانلێکراوان ڕای گەیاند: "دوای ئەوەی لایەنە ئەمنییەکان زانیاری تەواو لەسەر گومانلێکراوان دەدەن بە دادوەر، دادوەر رەزامەندی دەدات بە دەستگیرکردنی گومانلێکراوان، فەرمانی دەستگیر کردنیان بۆ دەردەچێت بەم پێیەش رێگا بە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دەدرێت بە گرتن و پشکنین و بەدواداچوونی گومانلێکراوان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، لەم قۆناغەدا بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەمێننەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵیاندا".


جەختیشی کردووەتەوە، دوای دەستگیرکردنی گومانلێکراوان پەراوی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە و دەنێردرێن بۆ دادگاکانی لێکۆڵینەوە کە بەشێوەیەکی گشتی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر کە لەژێر لێکۆڵینەوەدا دەبن، بەڵام هەموو مافێکی یاساییان پارێزراو دەبێت وەک دابینکردنی پارێزەری تایبەت بە بەرگری، ئەگەر لەو ماوەیەدا سەلمێندرا کە لە کاری تیرۆریسیتيدا نەگلاوە و بێتاوانە ئەوا بە بڕیاری دادوەري لێکۆڵینەوە ئازاد دەکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەردا دەگیرێتە بەر وەک ئەوەی ناردنی پەرِاوی لێکۆڵینەوەکان بۆ دادگای تاوان.