له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران حه‌شارگه‌یه‌كى مینى سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس دەدۆزرێته‌وه‌

 

له‌لایه‌ن هاووڵاتییه‌كى ده‌ڤه‌رى سۆران، له‌ سنوورى شارۆچكه‌ى دیانا، له‌ كاتى كێڵانى زه‌وییه‌كەیدا حه‌شارگه‌یه‌كى (مین)ى سه‌رده‌مى رژێمى به‌عسى دۆزییه‌وه‌ و تیمه‌كانى تایبه‌ت به‌ له‌ناوبردنى مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان گه‌یشتنه‌ شوێنه‌كه‌.


مه‌ولان به‌كر، هاووڵاتییه‌كى دانیشتووى گوندى شێخان، له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران، به‌ (باس)ى راگه‌یاند: "گوندى سه‌رى به‌ردى هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ گونده‌كه‌مان، له‌و شوێنانه‌شدا چه‌ندین كێڵگه‌ى مین، هى سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس هه‌بوون، چونكه‌ چه‌ندین سه‌ربازگه‌ له‌و شوێنانه‌ هه‌بوون‌، كه‌ به‌هۆى ئه‌و مین و ته‌قه‌مه‌نى و پاشماوه‌ جه‌نگییانه‌، تائێستا چه‌ندین كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانى، هه‌روه‌ها چه‌ندان ئاژه‌ڵى ماڵى و كێوییش به‌ر ئه‌و مین و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ كه‌وتوون".


گوتیشى: "راسته‌ تا ئێستا له‌لایه‌ن كارمه‌ندانى داموده‌زگاكانى تایبه‌ت به‌ له‌ناوبردنى مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان چه‌ندین شوێن پاك كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى زۆریى ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ به‌تایبه‌ت مین، دواى 27 ساڵ راپه‌ڕینى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان، تا ئێستا گوێبیستى رووداوه‌كانى مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان ده‌بین و خه‌ڵكى ده‌بنه‌ قوربانى".


ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ روو: "هه‌فته‌ى رابردوو هاووڵاتییه‌ك له‌ گردى كۆله‌ له‌ كوێستانى گونده‌كه‌مان، له‌كاتى كێڵانى زه‌وییه‌كه‌ى، چه‌ند مێنێكی دۆزییەوە و ده‌ستبه‌جێ په‌یوه‌ندیمان به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى كاروبارى مینى هه‌ولێر كرد، خۆشبه‌ختانه‌ تیمێكى تایبه‌ت به‌ له‌ناوبردنى مین و ته‌قه‌مه‌نى گه‌یشتنه‌ شوێنه‌كه‌ بۆ له‌ناوبردنى ئه‌و مینانه‌، هه‌روه‌ها گومان ده‌كرێت، مینى زیاتر له‌و شوێنه‌دا هه‌بێت و خه‌ریكى گه‌ڕانن بۆ دۆزینه‌وه‌ و له‌ناوبردنیان“.


زێبار خالید، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى كاروبارى مین/ هه‌ولێر، به‌ (باس)ى راگه‌یاند: "دوای ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن جووتیارێكى دانیشتووی گوندی (سه‌ری به‌ردی) سه‌ر به‌ شاره‌دێى دیانا، له‌ سنوورى قه‌زای سۆران، له‌ كاتی كێلانی زه‌وییه‌كه‌ی، ژماره‌یه‌ك پارچه‌ مین به‌دیار كه‌وتوون، ئەویش په‌یوه‌ندیی به‌ تیمه‌كانی (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاروباری مین/ هه‌ولێر)ه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ و دوای ئاگاداركردنه‌وه‌یان، تیمێكی له‌ناوبردنی ته‌قه‌مه‌نییه‌ نه‌ته‌قاوه‌كانی سه‌ر به‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ و تیمێكی له‌ناوبردنی رێكخراو DRC، به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و ئه‌نجامدانی پشكنین چوونه‌ته‌ شوێنی مه‌به‌ست، ئه‌مه‌ و دوای گه‌یشتنیان بۆ شوێنی مه‌به‌ست و له‌ ئه‌نجامی گه‌ڕان و پشكنین توانییان نزیكه‌ى 20 مینى (دژه‌ كه‌سى و دژه‌ تانك) له‌ شوێنه‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌".


گوتیشى: "پێشبینی ده‌كرێت شوێنه‌كه‌ كۆگایه‌كی مین بێت و ژماره‌یه‌كی زیاتر مینی تێدا بێت، بۆیه‌ لە لایەن تیمه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى كاروبارى مین/ هه‌ولێر، به‌ سوود وه‌رگرتن، له‌ كه‌لوپه‌ل و ئامێری ته‌كنیكی، پشكنینی زیاتر بۆ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌ بكرێت".


ئه‌وه‌شى خسته‌ روو: "به‌پێی زانیارییه‌كانیش، ئه‌و مینانه‌ی له‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییەکه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ رابردوودا ئه‌و ناوچانه‌ شه‌ڕی زۆریان تێدا كراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێشتریش له‌ده‌وروبه‌ری ئه‌و گونده‌ چه‌ندین كێڵگه‌ی مینڕێژكراو هه‌بوونه‌ و خه‌ڵكیش تێیاندا بووەته‌ قوربانی“.


به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى كاروبارى مین/ هه‌ولێر، ئاشكراشى كرد: "له‌ سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى كاروبارى مین/ هه‌ولێر، زیاتر له‌ 330 شوێنى مێنڕێژكراو تۆمار كراون، له‌ سنوورى قه‌زاى سۆرانیش زیاتر له‌ 100 شوێنى مینڕێژكراو تۆمار كراون و زۆربه‌یان ده‌كه‌ونه‌ ده‌ڤه‌رى شاردێى سیده‌كان.