ئه‌مریكا هاوپه‌یمانیی نێوان رووسیا و ئێران و توركیای تێكدا

رووسیا متمانه‌ی به‌ توركیا نه‌ما

كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی نێوان ئێران و رووسیا و توركیا له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سووریا، پاشان راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانیه‌تییەك له‌ نێوانیاندا ته‌مه‌نی كورت بوو، چونكه‌ ئه‌مریكا و بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا یارییه‌كه‌یان لێ تێكدان.


توركیا گوێی به‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی نه‌دا له‌ ناتۆ كه‌ ئه‌مریكا بوو، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ دوو وڵاتی دوژمنی ئه‌مریكا ده‌ستی خسته‌ ناو ده‌ست و به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوه‌خۆیی سووریای دا.

بەڵام دوێنێ له‌ دره‌نگانی شه‌ودا، كاتێك فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و بریتانیا گورزی كوشنده‌یان له‌ سووریا دا، ئیدی هاوپه‌یمانی ئه‌و 3 وڵاته‌ به‌ره‌و نه‌مان چوو.


به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ئه‌مریكا به‌و په‌لاماره‌ی په‌یامێكی گه‌وره‌ی به‌ توركیا و رووسیا دا، به‌وه‌ی به‌ بێ من ناتوانن باس له‌ ئاینده‌ی سووریا بكه‌ن.


هه‌روه‌ها لێدوانه‌كانی ئێران و رووسیا و توركیا له‌باره‌ی ئه‌و گورزه‌ كوشنده‌یه‌، رایانگەیاند كە په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی نێوان رووسیا و توركیا له‌ لێواری تێكچووندایه‌.


ئێران و رووسیا به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و بریتانیایان كرد، به‌ڵام توركیا پێشوازی لێكرد و له‌ رێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یدا دڵخۆشی خۆی ده‌ربڕی به‌و لێدانه‌ و گوتی به‌ سوپاسه‌وه‌ پێشوازی لێ ده‌كه‌ین.


لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی نێوان ئێران و رووسیا و توركیا له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا، هه‌ر رێككه‌وتنێك كرابێت له‌سه‌ر ئایینده‌ی سووریا، رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌بارچووه‌، چونكه‌ له‌مه‌ودوا رووسیا و ئێران بۆ پلاندانان له‌باره‌ی ئاینده‌ی سووریاوه‌، هیچ متمانه‌یه‌كیان به‌ توركیا نه‌ما.


پێشبینی ده‌كرێت، له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا رووسیا و ئێران تۆڵه‌ی خۆیان له‌ناو سووریا له‌ توركیا بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ویش په‌راوێز خستنی رۆڵی توركیایه‌ به‌سه‌ر ئیدلیب و جه‌رابلووس و ئه‌لباب و عه‌فرین.