ئه‌مەریكا پارتی ئاینده‌ی سووریا ده‌كاته‌ جێگیره‌وه‌ی یه‌په‌گه‌

”یه‌كێتیی خاكی سووریا ده‌پارێزێت، هه‌وڵی كانتۆن و خۆسه‌رێ نادات“

به‌ پاڵپشتیی ئه‌مەریكا، پارتێكی تازه‌ له‌ سووریا به‌ ناوی پارتی ئاینده‌ی سووریا دروست بوو، به‌ڵام توركیا و چه‌ند لایه‌نێكی تر، پێیان وایه‌ ئه‌و پارته‌ باڵێكی سه‌ره‌كیی هێزه‌كانی سووریای دیموكراته‌، كه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كیی ئه‌و هێزه‌ش یه‌په‌گه‌ن. دروستبوونی ئه‌و پارته‌ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، به‌ڵام ئاخۆ ده‌بێت توركیا له‌داهاتوودا چۆن بڕوانێته‌ ئه‌و پارته‌؟


ئه‌و پارته‌ تازه‌یه‌، به‌ باڵێكی سیاسیی یه‌په‌گه‌ داده‌نرێت، كه‌ له‌دوای ئازادكردنی شاری ره‌ققه‌ له‌ ده‌ستی گرووپی تیرۆرستیی داعش دروست بوو. پارتی ئاینده‌ی سووریا، له‌ كورد و توكمان و عه‌ره‌ب پێك هاتووه‌، ئامانجیشی باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریادایه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی دابه‌شبوونی سووریایه‌.


ئه‌مەریكاش به‌ دروستكردنی ئه‌و پارته‌ تازه‌یه‌، ده‌یه‌وێت په‌یامێك بداته‌ توركیا به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كورد دانوستاندن بكات و بگه‌نه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی له‌باره‌ی رۆژئاواوه‌.
موراد یه‌شیلتاش، شاره‌زا له‌ بواری ئاساییش، له‌ لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ڕی T24 پێی وایه‌ ئه‌مەریكا ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هه‌وڵی دروستكردنی پارتێكی تازه‌ ده‌دات له‌ سووریا، كه‌ هاوشێوه‌یه‌ هه‌ده‌په‌ بێت له‌ توركیا.


ئه‌و ده‌ڵێت: "پارتی ئاینده‌ی سووریا، یه‌كێتیی خاكی سووریا ده‌پارێزێت، هه‌وڵی كانتۆن و خۆسه‌ری نادات، كه‌مێك له‌ ئایدۆلۆژیای ماركسست دوور كه‌وتووه‌ته‌وه و له‌ شوێنی ئه‌ودا بنه‌مای لامه‌ركه‌زی په‌یڕه‌و ده‌كات".


هه‌ر له‌ ساتی دروستبوونی ئه‌و پارته‌ تازه‌یه‌دا، میدیاكانی توركیا ئاماژه‌یان دا كه‌ په‌كه‌كه‌ پارتێكی تازه‌ی دروست كردووه‌. بیناڵی یڵدرم، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیاش گوتی: "ده‌یانه‌وێت به‌ گۆڕینی ناو توركیا هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنن"، به‌ڵام شاره‌زایانی بواری سیاسه‌ت، دروستبوونی ئه‌و پارته‌ به‌ هه‌نگاوێكی باش ده‌زانن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ده‌ستپێكردنی دانوستاندن.


ئارەزوو یڵماز، لێكۆڵه‌ر له‌ بواری سیاسه‌ت بۆ هه‌مان ماڵپه‌ڕ ئاماژه‌ ده‌دات، ئه‌مەریكا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مه‌یدانی سووریادا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بپارێزێت، پێویستی به‌وه‌یه‌ كورد و تورك هاوپه‌یمان بن و به‌ یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن، بۆیه‌ دروستبوونی ئه‌و پارته‌ش هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌.


ئارەزوو، كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ دروستبوونی ئه‌و پارتە تازه‌یه‌ و ده‌ڵێت: "په‌كه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر سوپڕایز له‌ شه‌نگال كشایه‌وه‌، ئه‌مه‌یش هه‌ر به‌ ویستی ئه‌مەریكا بووه‌ تا له‌ كاتی دانوستاندن له‌گه‌ڵ توركیادا، چه‌كێكی به‌هێزی پێ بێت. ده‌بینین توركیا له‌باره‌ی مه‌نبه‌جه‌وه‌ نه‌رم بووه‌ته‌وه‌ و وه‌كوو جاران هه‌ڕه‌شه‌ ناكات، ئه‌مه‌یش هه‌ر په‌یوه‌ندییه بە‌و دانوستاندنه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مەریكا له‌نێوان پارتی ئاینده‌ی سووریا و توركیا ده‌ستی پێ كردووه‌".


پێشی وایه‌ ئه‌و پارته‌ تازه‌ پێگه‌ی به‌هێزی له‌ رۆژئاوا ده‌بێت و له‌وێ زیاتر به‌هێز ده‌بێت. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی كوردیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی جنێف به‌شداری بكه‌ن، دروستبوونی ئه‌و پارته‌ گرنگه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ له‌مه‌ودوا ئه‌و پارته‌ تازه‌یه‌ به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی جنێف بكات و توركیاش دژایه‌تیی نه‌كات.


به‌ڵام هه‌موو ئه‌و سیناریۆیانه‌ی باس كران، په‌یوه‌سته‌ به‌و رێككه‌وتنه‌ی ئه‌مەریكا و توركیا له‌باره‌ی مه‌نبه‌جه‌وه‌ ده‌یكه‌ن، چونكه‌ له‌و رووه‌وه‌ رێك نه‌كه‌ون، ئه‌وكات توركیا دیسان ڤیتۆ به‌كار ده‌هێنێت و نایه‌ڵێت پارتی ئاینده‌ی سووریا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی جنێف به‌شداری بكات.


موراد یه‌شیلتاش، له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا، ئاشكرای ده‌كات، ئه‌مەریكا له‌ دروستكردنی ئه‌و پارته‌ تازه‌یه‌، ده‌یه‌وێت له‌ سووریا مۆدێلێكی تازه‌ بهێنێته‌وه‌ كایه‌وه‌، به‌بێ په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌، به‌ڵام گرنگیی به‌و باڵه‌ ده‌دات كه‌ سیاسین و له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا به‌ شه‌رعی ده‌كرێت.


گوتیشی: "ئێمه‌ هه‌ستمان به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ یه‌په‌گه‌ نیگه‌رانه‌ له‌و ده‌ستتێوه‌ردانه‌ی په‌كه‌كه‌ لێی ده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌ عه‌فرین كه‌ په‌كه‌كه‌ فه‌رمانی كردبوو تا مردن شه‌ڕ بكه‌ن، به‌ڵام یه‌په‌گه‌ شاره‌كه‌ی به‌بێ شه‌ڕ چۆڵ كرد و گوتی نامانه‌وێت شاره‌كه‌مان وێران بێت. بۆیه‌ پارتی ئاینده‌ی سووریا بۆشاییه‌ك له‌نێوان خۆی و په‌كه‌كه‌ داده‌نێت، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ش نا كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ نه‌مێنێت، به‌ڵكوو بۆشاییه‌ك ده‌بێت دڵی توركیای پێ خۆش بكرێت".


ئارەزوو پێی وایه‌، ئێستا توركیا و رووسیا له‌ سووریادا قازانجی سه‌ربازیی زۆریان كردووه‌، بۆیه‌ توركیا به‌ئاسانی نایه‌ته‌ ژێر ركێفی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئه‌مەریكاوه‌ بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ كورد له‌باره‌ی رۆژئاوای فوراته‌وه‌.