گه‌نجێكی كوردى خورماتوو چۆنیه‌تیى رفاندنی له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌

دلێر عاسی‌: سێ چه‌كدارى توركمانى شیعه‌ى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبی رێگه‌یان لێ گرتم و منیان ڕفاند

گه‌نجێكى كوردى خورماتوو سه‌ربرده‌ى چۆنیه‌تیى رفاندنى له‌ لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی و پاشان ئازادكردنى بۆ (باس) ده‌گێڕێته‌وه‌.


دلێر عاسی، گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 29 ساڵی خه‌ڵكى خورماتووه‌، سه‌ربرده‌ى چۆنیه‌تیى رفاندنى له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ له‌ خورماتوو پاشان زیندانیكردنى بۆ (باس) ده‌گێڕێته‌وه‌ و ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، مانگێك دواى داگیركردنى خورماتوو له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، به‌ سه‌ردانێك گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ خورماتوو، ئامانج له‌و سه‌ردانه‌م ئه‌وه‌ بوو كه‌ پێیان ڕاگه‌یاندبووم كه‌ره‌سته‌كانى ژوورى پێشوازیی (میوان)ه‌كه‌تان سووتێنراوه‌، به‌ڵام دوو ژووره‌كه‌ى ترتان ده‌ستكارى نه‌كراوه‌، منیش كاتێك گه‌ڕامه‌وه‌ بینیم وایه‌ و كاتێك هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ ویستم شتومه‌كى ژووره‌كانى ترمان ده‌ربكه‌م و بیگوزامه‌وه‌ بۆ كه‌لار، چونكه‌ ئاواره‌ى كه‌لارین، به‌ڵام سێ چه‌كدارى توركمانى شیعه‌ى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبی رێگه‌یان لێ گرتم و به‌ كوردییه‌كى وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێن، (موكه‌سسه‌ر) گوتیان، باش بوو ده‌ستی ئێمه‌ كه‌وتى، ئێمه‌ به‌دواى تۆدا ده‌گه‌ڕێین".


ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ زۆر نیگەران و تووڕەیە لە هه‌ڵسوكه‌وته‌كانى حه‌شدى شه‌عبی، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد: “من پێشتر چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ گه‌نجانى خۆبه‌خشدا له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانى داعش به‌شدارییم كردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌ سه‌روبه‌ندى هاتنى ئه‌و تیرۆریستانه‌ له‌ ساڵی 2014 و پاشان كه‌ حه‌شدى شه‌عبی هاتن و له‌ یه‌كه‌م شه‌ڕی حه‌شدى شه‌عبی دژ به‌ كورد له‌ كۆتایی ساڵی 2015 به‌شدارییم كرد، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ (كڵێته‌) و ده‌مامكم ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ نه‌ناسرێمه‌وه‌، چونكه‌ كوشتنى هاووڵاتییان به‌ده‌ست حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ بووبووه‌ ئاو خواردنه‌وه‌، به‌ڵام رۆژێكیان خۆبه‌خشه‌كان به‌ جلی كوردی و چه‌كه‌وه‌ وێنه‌مان گرت و یه‌كێك له‌ به‌راده‌ره‌كانمان له‌ ئه‌كاونتى خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك بڵاوى كردبووه‌وه‌ و واى بۆ ده‌چم كه‌ سه‌رانى حه‌شدى شه‌عبی وێنه‌كه‌ى منیان له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆبه‌خشانه‌دا بینیبێت له‌ فه‌یسبووك، بۆیه‌ ئه‌و سێ چه‌كداره‌ى حه‌شدى شه‌عبی رێگه‌یان لێ گرتم و پاشان به‌ ئۆتۆمبێلێكى بێ ژماره‌ى جۆرى ئه‌له‌نته‌را منیان برد بۆ باره‌گاى عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له‌ خورماتوو، به‌ڵام له‌و ساته‌وه‌خته‌دا هیچ كه‌سێك ئاگادارى دۆخى ژیانم نییه‌، كه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ رفێنراوم، چونكه‌ شار كشومات بوو، هاووڵاتییانى كورد ئاواره‌ بوون و هێشتا شار بۆنی دووكه‌ڵی ماڵه‌ سووتاوه‌كانى لێوه‌ ده‌هات، كه‌ حه‌شدى شه‌عبی له‌ خۆڕایی ده‌یانی سووتاند، وه‌ك سه‌ره‌تا مۆبایله‌كه‌یان لێم سه‌ند، پاشان به‌ دوو كه‌سه‌وه‌ كه‌وتنه‌ لێدانم و بۆ ماوه‌ى شه‌ش رۆژ له‌ ژوورێكدا منیان زیندانى كرد".


دلێر عاسی، به‌ده‌م ئاخ هه‌ڵكێشان بۆ دۆخى خۆی و شاره‌كه‌ى كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ داگیر كراوه‌، درێژەی بە قسەکانی دا: ”پاشان منیان گواسته‌وه‌ بۆ ژوورێكى تر كه‌ كردبوویانه‌ زیندان و له‌گه‌ڵ چوار توركمانى سوننه‌ مه‌زهه‌ب، كه‌ ئه‌وانیش به‌بێ هۆ رفێنرابوون، مامه‌ڵه‌ى چه‌كداره‌كان له‌گه‌ڵماندا زۆر خراپ بوو، رۆژانه‌ نیوه‌ڕۆان نانێك و قاپێك شۆربای نیسك و ئێوارانیش ماست یان هێلكه‌یان پێ ده‌داین، به‌ڵام به‌رده‌وام چه‌كداره‌كان له‌نزیك په‌نجه‌ره‌ى زیندانه‌كه‌وه‌ سووكایه‌تییان به‌ كورد و سوننه‌ ده‌كرد، پاشان منیان له‌و زیندانه‌ ده‌ركرد و سوارى ئۆتۆمبێلێكیان كردم و به‌ره‌و رێگاى به‌غدا ئۆتۆمبێله‌كه‌ كه‌وته‌ رێ، ئیتر كه‌ ناحیه‌ى ئامرلیمان ده‌رباز كرد، چاومیان به‌سته‌وه‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌ نزیكه‌ى 20 ده‌قه‌ى تر كه‌وته‌ رێ، پاشان وه‌ستا و ده‌رگایان كردەوه‌ و چاوى منیشیان كرده‌وه‌، بینیم له‌ناو حه‌وشه‌یه‌كى گه‌وره‌م و لەوێ ئیتر منیان له‌ زیندانییه‌كى ئینفیرادى زیندانى كرد".


ئه‌و گه‌نجه‌، ده‌شڵێت: "بۆ ماوه‌ى 45 رۆژ له‌و زیندانه‌ى حه‌شدى شه‌عبی مامه‌وه‌، كه‌ تاوه‌كوو ئێستاش شوێنه‌كه‌ى نازانم، چونكه‌ كاتێك منیان برد بۆ ئه‌و شوێنه‌ چاومیان به‌ستبووه‌وه‌، ئیتر دۆخى زیندانییه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بوو زۆر ترسناك بوو، ده‌نگى ده‌ره‌وه‌ نه‌ده‌هات، چونكه‌ پێم وابێت شوێنه‌كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ گونده‌ عه‌ره‌بنشینه‌كان، كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ى سوننه‌ مه‌زهه‌ب بوونه‌، هه‌ر له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ گونده‌كه‌ تێك دراوه‌، به‌ڵام چه‌ند ماڵێكى باشیان بۆ خۆیان داگیر كردووه‌ و خه‌ڵكى گونده‌كه‌شیان ده‌ركردووه‌، رۆژانه‌ ده‌پاڕامه‌وه‌ و هاوارم ده‌كرد كه‌ بۆچی لێره‌ منتان زیندانى كردووه‌، به‌ڵام كه‌سیان وه‌ڵامێكى روونیان نه‌بوو، له‌ملاشه‌وه‌ بیرم لای كه‌سوكار و دایك و باوكم بوو، چونكه‌ ئه‌و رۆژانه‌ كه‌ له‌وێ زیندانی بووم و له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆژانه‌ى كه‌ له‌ناو باره‌گاكه‌ى عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق زیندانى كرام له‌ خورماتوو، كه‌س ئاگاى لێم نه‌بوو و ئاگادارى ئه‌وه‌ش بووم كه‌ له‌و زیندانه‌دا حه‌شدى شه‌عبی خه‌ڵكى ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌دا، چونكه‌ گوێم له‌ هاوار و قیڕه‌ى ده‌ره‌وه‌ بوو هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و خانووه‌ گه‌وره‌دا، گوێشم له‌ ته‌قه‌ بوو، ده‌شمزانى خه‌ڵك له‌وێش ده‌كوژن، ئیتر منیش هه‌ر ساتێک چاوه‌ڕێ مه‌رگ بووم، به‌ڵام دواجار یه‌كێك له‌ به‌رپرسانى حه‌شد كه‌ به‌ (مەولای) بانگیان ده‌كرد، ریشێكى ته‌نكى هه‌بوو، هات ده‌رگای زیندانییه‌كه‌ى كرده‌وه‌ و پێی گوتم، ئێوه‌ (ئینفیساڵین) و پێویسته‌ بكوژرێن، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان رێگه‌ت ده‌ده‌ین و ئازادت ده‌كه‌ین و به‌ براده‌رانى ترت بڵێ ئه‌وانه‌ى خۆبه‌خشه‌كان با واز بێنن له‌ كاره‌كه‌یان ئه‌گینا ژیانیان لێ وه‌رده‌گرینه‌وه‌، بڕۆ تۆ ئازاد به‌، ئیتر چاومیان به‌سته‌وه‌ و چوار چه‌كدار به‌ ئۆتۆمبێلێك منیان برده‌وه‌ بۆ خورماتوو، له‌وێشه‌وه‌ ڕاست گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ كه‌لار، چونكه‌ له‌وێ خانوومان به‌كرێ گرتووه‌ و ئاواره‌ین".


دلێر باسی ئه‌و ساته‌ ده‌كات كه‌ ده‌گاته‌ پێش ئه‌و خانووه‌ى كه‌ له‌ كه‌لار به‌كرێ گرتوویانه‌، ده‌ڵێت: "هه‌ر كه‌ گه‌یشتمه‌ به‌رده‌رگای خۆمان و چووومه‌ حه‌وشه‌وه‌ دایكم كه‌ منی بینی شێوه‌م تێكچووه‌ و ریشم درێژ بووه‌، خۆی پێ ڕانه‌گیرا و كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی و یه‌كسه‌ر چووم باوه‌شم پێدا كرد و گوتم، من سه‌لامه‌تم، چونكه‌ كه‌سوكارم وایان زانیبوو له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ كوژراوم“.


ئه‌و گه‌نجه‌ له‌باره‌ى داگیركردنى شاره‌كه‌یان و نه‌مانى پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌كه‌یان، گوتی: "به‌داخه‌وه‌ كه‌ به‌ رێككه‌وتنی گرووپێكى خیانه‌تكار شاره‌كه‌مان داگیر كرا، حه‌زم ده‌كرد بمردایه‌م به‌س شاره‌كه‌مان به‌و شێوه‌یه‌ى ئێستا داگیر نه‌كرایه‌ و ئێستاش تازه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خورماتوو، تاوه‌كوو خورماتوو له‌ ده‌ست ئه‌و میلیشیایانه‌ رزگار نه‌كرێت".