حەشدی شەعبی ئاستەنگ دەخاتە بەردەم هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان

فه‌لاح حه‌سه‌ن ئه‌ندامی دەستەی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان: لە شنگال 69 گۆڕی بەکۆمەڵ هەن

ئەندامی دەستەی لیکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان لە دهۆک، ئاماژە بەوە دەکات کە 69 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال و دەوروبەری هەن. دوای هاتنی حەشدی شەعبییش بۆ ناوچەکە، ئەو هێزە ئاستەنگ دەخاتە بەردەم کارەکانیان لە پەیوەست بە ڕێوشوێنە یاساییەکانی هەڵدانەوەی گۆڕەکان و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان.


فه‌لاح حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان لە دهۆک، بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”دوای ماوەیەکی کورت لە ئازادکردنی شنگال هەوڵمان دا گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدەینەوە، چونکە بەڵگەنامەی گرنگن بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەو کارەساتانەی بەسەر ئێزدییەکانی شنگال و ناوچەکەدا هاتوون، بۆ ئەمەش هەنگاوی یەکەممان بە دیاریکردنی گۆڕەکان و پەرژین کردنیان دەست پێ کرد. چونکە پێویست دەکات کارەکانمان بە گوێرەی مەرج و ستانداردی جیهانی ئەنجام بدەین، بۆیە هەر زوو لەگەڵ ڕێکخراوە نێوڵەتییەکانی تایبەتمەند لەو بوارەدا، کەوتینە پەیوەندیکردن”.


حەسەن ئاماژە بە ڕێوشوێن و ئامادەکارییەکانی دەستەکەیان دەکات و دەڵێ: “تیمێکی مەشقپێکراومان ئامادە کرد و بە هاوکاریی ڕێکخراوی ئای سی ئێم پیی نێودەوڵەتی ئامادەکارییەکانمان کردن، تا بە سەرپەرشتیی ڕێکخراوی ناوبراو کارەکان ئەنجام بدەین. لەو سەروبەندەدا شەڕی تەلەعفەر دەستی پێ کرد و بە هۆیەوە ڕێکخراوەکە نەیتوانی درێژە بە کارەکانی بدات، دوای هاتنی حەشدی شەعبییش بۆ ناوچەکە، ئەوەندەی دیکە کارەکەمان سەخت بووە، چونکە ئاستەنگ دەخەنە بەردەم هەنگاوەکانمان”.


ئەو بەرپرسی بواری کۆکردمنەوەی بەڵگەنامەکانی جینۆسایدی شنگال ئاماژە بەوە دەکات، کە بڕیاری هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بەغدا دراوە. دوای شەڕی تەلەعفەر دووبارە لەگەڵ ڕێکخراوی ئای سی ئێم پی، دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕەکان بکرێ، بۆ ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە پێداویستییە لۆجستییەکان، کە پێشتر لە شنگال بەجێ مابوون، ئامادەکاری کرا تا تیمەکان بچنە شنگال، بەڵام وەک خۆی دەڵێ: “ئەمجارەیان ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بوونە ئاستەنگ، دوای ئەو ڕووداوانە هەوڵمان دا هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق لەو ناوچانەدا بکەین، بەڵام هاوکارمان نەبوون، ئێستاش ئەگەر هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بکرێ، تیمەکانی ئێمە ئامادەن کارەکانی خۆیان بکەن، چونکە پێشتر تا پێشمەرگە لەو ناوچانە بوو، کارەکانمان بەئاسانی دەکردن”.


ئەندامی دەستەی لیکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان لە دهۆک، باس لەوە دەکات کە دواکەوتنی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان خراپە و دەڵێ: ”گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و باران بارین، کاریگەرییان لەسەر گۆڕەکان کردووە، چونکە ئێسک و پرووسکی قوربانییەکان لەگەڵ لێشاوی ئاوی باران دەڕۆن و ون دەبن، لەوانەیە بە ساڵان نەدۆزرێنەوە و ئەو بەڵگانەمان لەدەست بچن”.


حەسەن جەخت دەکاتەوە: “کاری ئێمە سنووردار و لە چوارچیوەی یاساکانی عێراقە، دەسەڵاتی ئەوەمان نییە بچین لە سووریا کار لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕەکان بکەین، دەنا لە ڕەققەش گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکانی شنگال و دەوروبەری هەن، بۆیە پێویستە حکوومەت بڕیارێک بۆ ئەم بابەتە دەربکات و ڕێوشوێنە یاساییەکان بگرێتە بەر”.


دەشڵێت: “ تا ئێستا 69 گۆڕی بەکۆمەڵمان دۆزیونەتەوە و بە مەبەستی پاراستنیان 45 لەو گۆڕانەمان پەرژین کردوون. لەبەرئەوەی هێشتا گۆڕەکان هەڵنەدراونەتەوە، بۆیە ناتوانین پێشبینیی ژمارەی قوربانییەکانی ناو ئەو گۆڕانە بکەین، بەڵام لە کاتی هەڵدانەوەیاندا دەتوانین بگەینە ژمارەی دروستی قوربانییەکان، هاوکات ئەودەم بۆ ناسینەوەی قوربانییەکانیش، پێویستیمان بە پزیشکیی دادی دەبێت”.


ئەندامی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان ڕاشی گەیاند: “کارەکانی ئێمە بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی عێراقە، وەلێ لەو پرۆسەیەدا حکوومەتی عێراق هیچ هاوکرییەکی نەکردووین، تەنیا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری و پشتیوانیمان دەکات. سەبارەت بەوانەش کە دەستیان لە تاوانەکانی خەڵکی شنگال و دەوروبەریدا هەبووە، ئەگەر بیانەوێ بۆ شاردنەوەی بەڵگەکان دەستکاریی گۆڕەکان بکەن، ئەوا بە سوودوەرگرتن لە بڕیار و ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لێژنەی جینۆساید لە بەغدا و بەپێی بڕگە و ماددە یاساییەکان، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەین”.