گرووپی خیانه‌تی 16ى ئۆكتۆبه‌ر و حه‌شدى شه‌عبی له‌ دزینی نه‌وتی كه‌ركووك به‌رده‌وامن

نه‌وتی داقووقیش به‌تاڵان ده‌به‌ن و نەوتی سپیش بە کەرکووکییەکان دەفرۆشن

میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی، به‌ هاوكاری و برابەشیی گرووپی خیانه‌تكاری 16ى ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ هه‌وڵدان بۆ زیادكردنی بڕی دزینى ئه‌و نه‌وته‌ى كه‌ رۆژانه‌ له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركووك تانكه‌ر پڕ ده‌كه‌ن و ده‌یبه‌ن بۆ ئێران، به‌رپرسێكی ئه‌منییش زانیاریی زیاتر له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.


فارووق ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی داقووقی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئێمه‌ ئاگامان له‌ دزینى نه‌وتی سنوورى کێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى زه‌مبوورە، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوورى شارۆچكه‌ى داقووق و به‌ڵگه‌ى ته‌واو له‌سه‌ر دوو به‌رپرسی میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی هه‌یه‌ كه‌ له‌ڕێگەى ئه‌وانه‌وه‌ نه‌وت ده‌زدرێت، ئه‌و دوو كه‌سه‌ توركمانی شیعه‌ن و به‌رپرسیارێتییان هه‌یه‌ له‌ناو حه‌شدى شه‌عبیدا و خه‌ڵكى داقووقن".


ئاشكراشی كرد: "ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى كه‌ له‌نێوان گرووپی 16ى ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتی و میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی له‌پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر كرا، جگه‌ له‌ بابه‌تى فرۆشتنی خاك و سیاسه‌ت، رێكکه‌وتنێكى ئابوورییان هه‌بوو كه‌ ئه‌ویش بریتی بوو له‌ دزینى نه‌وتى كه‌ركووك له‌نێوان گرووپی 16ى ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتی و میلیشیاكان و ئێستا به‌ ئاره‌زووى خۆیان نه‌وتى كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر له‌ كه‌ركووك و داقووق پڕ ده‌كه‌ن و به‌ره‌و خورماتوو ده‌برێت و له‌وێشه‌وه‌ بۆ كفری و پاشان بۆ سنوورى خانه‌قین، له‌وێوه‌ ده‌ینێرن بۆ قه‌سری شیرین و بۆ ناو ئێران".


ڕاشی گه‌یاند: "ئێستا رێژه‌یه‌كى زۆر له‌ نه‌وتى كه‌ركووك رۆژانه‌ ده‌برێت بۆ ئێران و گرووپی خیانەتی 16ى ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتی و حه‌شدى شه‌عبی له‌ هه‌وڵی زیادكردنى ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌دان و تا ئێستا رێژه‌ى ئه‌و تانكه‌رانه‌مان نه‌ژماردووه‌ كه‌ له‌ بیره‌ نه‌وته‌كانى سنوورى داقووق پڕ ده‌كرێن و به‌ره‌و ئێران ده‌نێردرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانین ژماره‌ى تانكه‌ره‌كان زۆرن و زۆر ئاشكرا و دیاره‌".


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "میلشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی له‌ ناوچه‌ى كه‌یوانی سنووری شاری كه‌ركووك، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ شه‌معه‌ى نه‌وتی لێیه‌، گه‌راجێكى گه‌وره‌یان دروست كردووه‌ بۆ ئه‌و تانكه‌رانه‌ى كه‌ نه‌وت له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووكه‌وه‌ هه‌نارده‌ى ئێران ده‌كه‌ن و پانتایی گه‌راجه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ نزیكه‌ى 200 تانكه‌رى نه‌وت تێیدا ده‌توانێت پارك بكات و ئه‌و گه‌راجه‌ش له‌ لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ پاسه‌وانیى ده‌كرێت و به‌رده‌وام ئه‌و گه‌راجه‌ جمه‌ی دێت له‌ تانكه‌ر و زیاتر ئه‌و تانكه‌رانه‌ى نه‌وت له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ نه‌وتیان بردووه‌ بۆ ئێران و ئینجا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و گه‌راجه‌ تا نۆره‌یان بێته‌وه‌ بۆ پڕكردنی نه‌وت و جارێكى تر بردنی بۆ ئێران".


سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، جگه‌ له‌ بردنى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ئێران، ئێستا میلیشیاكان به‌ هاوكاریی گرووپی خیانه‌تكارى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتی، ده‌ستیان به‌ فرۆشتنی نه‌وتی سپی له‌ ناو شارى كه‌ركووكیش كردووه‌ و له‌ سه‌ره‌تای هاتنی وه‌رزی زستانی ئه‌مساڵ نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی سپی له‌ كه‌ركووك به‌رز بووه‌وه‌ بۆ 160 هه‌زار دینار، به‌ڵام به‌هۆی زۆریی نه‌وت له‌ بازاڕی ڕه‌شدا، ئێستا نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی سپی له‌ كه‌ركووك دابه‌زیوه‌ بۆ 100 هه‌زار دینار.


سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، ئێستا بۆ خه‌ڵكى كه‌ركووك ئاشكرا بووه‌ كه‌ داهاتی نه‌وتى شاره‌كه‌یان بۆ میلیشیا شیعه‌كان و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانى حه‌شدى شه‌عبی ده‌ڕوات و به‌شێكیشیان بۆ گرووپی خیانه‌تكاری 16ى ئۆكتۆبه‌ر ده‌ڕوات، كه‌ شارى كه‌ركووكیان فرۆشت به‌ حه‌شدی شه‌عبی و كاردانه‌وه‌ و تووڕەیی خه‌ڵكى كه‌ركووك سه‌باره‌ت به‌ گرووپه‌كه‌ى خیانه‌تكاران تا دێت ڕق ئه‌ستوورتر ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ریان، ته‌نانه‌ت له‌ دانیشتنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ڕه‌خنه‌ى توند له‌ سه‌رانی 16ى ئۆكتۆبه‌ر ده‌گرن، كه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ى كه‌ركووك داگیر بكرێت و سامانه‌ نه‌تییه‌كه‌شی به‌فیڕۆ بچێت.


بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر، هه‌فته‌نامه‌ى (باس) پێوه‌ندیی كرد به‌ ئه‌ندامانی لێژنه‌ى نه‌وت و گاز له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، ئەگەرچی ئاماده‌ نەبوون لێدوان له‌و باره‌یه‌وه‌ بده‌ن، به‌ڵام ئاشكرایان كرد كه‌ ئێستا ئاگایان له‌ چۆنیه‌تیی ناردنی نه‌وتی كه‌ركووك بۆ ده‌ره‌وه‌ نییه‌.


پێشتر حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، رۆژانه‌ بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی له‌ هه‌ردوو كێڵگه‌ى هاڤانا و بای حه‌سه‌ن له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووكه‌وه‌ له‌ ڕێگاى نه‌وتبه‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كرد و داهاتی ئه‌و نه‌وته‌شی بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان خه‌رج ده‌كرا، هاوكات مانگانه‌ بڕی 10 ملیۆن دۆلاریشی وه‌ك بودجه‌ى پترۆدۆلارى پارێزگاكه‌ ده‌نارد بۆ شارى كه‌ركووك، به‌ڵام به‌هۆی خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، ئێستا میلیشیاكان نه‌وتى ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتییانه‌ش ده‌دزن.


پێشتر به‌رپرسێكی باڵای پارتی بۆ (باس) ئاشكرای كرد، كه‌ دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، حه‌شدى شه‌عبی و گرووپی خیانه‌تكارى 16ى ئۆكتۆبه‌ر به‌ قاچاخ نه‌وتى كه‌ركووك ده‌نێرنه‌ ئێران و داهاته‌كه‌شی له‌نێوان خۆیاندا به‌ش ده‌كه‌ن و ئێستا حه‌شدى شه‌عبی رۆژانه‌ بڕی زیاتر له‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ تانكه‌ر ده‌نێرێت بۆ ئێران.