لە 4 ساڵدا عێراق 20 ملیار دۆلاری لە بانكی نێودەوڵەتی قەرز كردووە

عێراق لە ساڵی رابردوودا بایی بودجەی دەوڵەتێك، قەرزی لە دوو بانكی ناوخۆیی كردووە

لەكاتێكدا نەوت لە هەڵكشاندایە و عێراقیش بەرهەمی نەوتی زیاد دەكات، بەڵام قەرزەكانی سەر عێراق زۆرتر دەبن، بە جۆرێك لە ساڵێكدا لە دوو بانكی ناوخۆیی بایی بودجەی یەك دەوڵەت قەرزی كردووە.


ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە (باس)ی راگەیاند، قەرزەكانی عێراق ئەو وڵاتە بەرەو كارەسات دەبەن، گوتی: ”لە هەموو دونیا قەرز بە بەرنامە و پلان وەردەگیرێت، بەڵام لە عێراق هیچ پلانێكی دروست نییە بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی قەرز و گەیاندنی بە شوێنە شایستەكان و هێنانەدیی ئامانجەكەی“.


زیاتر دوا و گوتیشی: ”زۆربەی ئەو قەرزانەی عێراق وەرگیراون بەكاربەری بوونە و بۆ ژێرخان نەبووە، تا هاووڵاتییان بۆ ماوەیەكی درێژخایەن سوودی لێ وەربگرن“.


ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات، تەنیا لە ساڵی 2017دا حكوومەتی عێراق 8 ملیار دۆلاری لە دوو بانكی ناوخۆیی بە قەرز وەرگرتووە، كە تەنیا ئەو قەرزە دەكاتە بودجەی گشتیی ساڵێكی یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ.


سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پاڵپشتییەكی زۆری عێراقی كردووە و لە چوار پێنچ ساڵی رابردوودا نزیكەی 20 ملیار دۆلار قەرزی پێ داوە.


حاجی رەشید جەخت دەكاتەوە، ئەو وڵاتانەی كە دووچاری كێشە و قەیرانی دارایی و ئابووری دەبنەوە، بە بەرنامە و پلانێكی دیاریكراو و بە سووێكی كەم و بۆ ئامانجێكی دیاریكراو قەرز وەردەگرن، بەڵام پێی وایە ئەو شتە لە عێراق بەدی ناكرێت.


دەشڵێت: ”بەپێی ئەو خشتانەی لای لیژنەی دارایی پەرلەمانە، عێراق نزیكی 112 ملیار دۆلار قەرزارە، بەڵام ئەیاد عەلاوی، جێگری سەركۆمار ئاشرای كردووە، كە عێراق 133 ملیار دۆلار قەرزارە، كەڵەكەبوونی قەرزەكانی سەر عێراق زۆر مەترسیدارە“.


ماجیدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە ساڵی رابردوودا بە (باس)ی راگەیاندبوو، عێراق 111 ملیار دۆلار قەرزارە، بەڵام لە نوێترین لێدوانیدا بۆ (باس) رای گەیاند: ”تا كۆتایی ساڵی 2017 قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی عێراق گەیشتوونەتە 117 ملیار دۆلار“.


ئەو پێی وایە، سیاسەتی دارایی و بەڕێوەبردن لە عێراق سیاسەتێكی فاشیلە، لەگەڵ ئەو هەموو داهات و نەوتەی هەیەتی قەرزەكانی لە هەڵشكاندایە.


مەسعود حەیدەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (باس)ی راگەیاند، قەرزەكانی سەر عێراق ساڵ لەدوای ساڵ زیادیان كردووە.


ئاشكرا كرد: ”عێراق بۆ 2018 داوای 7 ملیار دۆلاری وەك قەرز لە سندوقی نێودەوڵەتیی دراو كردووە و ساڵانە حكوومەتی عێراق قەرزی نێودەوڵەتی وەردەگرێ، ئەگەر عێراق پابەندی داواكانی بانكی نێودەوڵەتی نەبێ، رەنگە باجەكەی بۆ عێراق قورس بێ".


باسم تەمیمی، شارەزای ئابووریی عێراقی رای گەیاندووە، عێراق سیاسەتێكی هەژارانەی دەوڵەتیی هەیە، چونكە تەنیا پشتی بە قەرز بەستووە بۆ راییكردنی قەیران و كێشە داراییەكانی.


ئەو باوەڕی وایە، نەوەكانی داهاتووی عێراق باجی ئەو قەرزانە دەدەن، گوتیشی: ”ئەو قەرزەی كراوە و دەكرێت تەنیا چارەسەری كاتین، ئەو سیاسەتە زیانی زۆری لە وڵاتەكە داوە، بەم جۆرە ناكرێت وڵات بەڕێوە ببرێت“.


قەرزەكانی عێراق هەیانە دەبێ بۆ 15 ساڵ بدرێنەوە، قەرز هەیە دەبێ لە ماوەی 20 ساڵ بیداتەوە، كەمتریت قەرزیان 10 ساڵە، قەرزیش هەیە هەر چارەسەر نەكراوە، بۆیە دەبێت عێراق 40 ساڵی تر هەر خەریكی دانەوەی قەرزەكانی بێت.


مەسعود حەیدەر دەشڵێت: ”كۆی كورتهێنان لە بودجەی ساڵی 2018 دەگاتە 22 ترلیۆن و 783 ملیار دینار، كە دەكاتە 19,3% كۆی بودجە، بۆ ئەو مەبەستەش عێراق جارێكی تر هانای بردووەتەوە بەر قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی و لە 21 دامودەزگا داوای قەرز دەكاتەوە، كە سعوودیەشی لەنێودایە“.